ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی مانگی خەرمانان عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وەک هەموو دەورەکان، لە دەستپێکی کاری دەوڵەتدا باسی لە ئەرک و ئەولەویەتەکانی دەوڵەتی پزیشکیان کرد. ئەو وێڕای ئاماژەپێدان بە ڕۆڵی خۆی لە چنینی کابینەی پزیشکیاندا وتی: ”هێندێک لە وەزیرە پێشنیارکراوەکانم دەناسی و یان لەڕێگەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە لە سەلاحیەتیان دڵنیا بووم بۆیە تەئیدم کردن و سەبارەت بە هێندێکیشیان تەئکیدم کرد. وە ژمارەیەکیشم نەدەناسی و وتم نەزەرێکم نییە”. خامنەیی لە وتەکانیدا وێڕای بەراوردکردنی ڕەئیسیی قاتڵ لەگەڵ ئەمیرکەبیر وەک سەرۆک کۆماری سەرکەوتوو کە هەر دووکیان ماوەی دەسەڵاتیان کورت و سێ ساڵە بوو، ئیدیعای کرد کە ڕەئیسی لەم سێ ساڵەدا زۆر کاری ئەنجام داوە.
هەڵبەت کرێکاران و زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێران بەپێچەوانەی بۆچوونەکەی خامنەیی، دەوڵەتی ڕەئیسی بە یەکێک لە ناکارامەترین و گەندەڵترین دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەزانن. چونکە لەماوەی سێ ساڵ دەسەڵاتداریەتیی ڕەئیسیشدا نەتەنیا پێشکەوتنێکیان لە کۆمەڵگا و کرانەوەیەکیان لە ژیان و گوزەرانی خۆیاندا نەبینی، بەڵکوو شایەدی ئەوە بوون کە هەژاری و گرانی و بێکاری بەشێوەیەکی بەرچاوتر پەرەی ستاندووە. نائەمنی، گرتن، زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدام زیاتر بووە. خەڵک شایەدی سەرکوتی وەحشیانەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا و کوشتاری زیاتر لە ٦٠٠ کەس بەدەستی هێزی نیزامی و ئەمنی لەسەر شەقامەکان بوون. خەڵک بەچاوی خۆیان کردەوەی جەنایەتکارانەی گەشتی ئیرشادی ڕسوایان لە پێکهێنانی ئەزیەت و ئازار بۆ ژنان بینی. شایەدی هاتنەخواری بەهای دۆلار لە ٢٧ هەزار تمەنەوە بۆ ٦٠ هەزار تمەن بوون. لە کاتێکدا کە لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران ٥ تا ٨ ملیۆن تمەن دیاری کرابوو، هەزینەی سەبەدی مەعیشەتی بنەماڵەیەک گەیشتە سەرووی ٣٠ ملیۆن تمەن. تەوەرۆمی سەرووی ٥٠%، ڕاستەوخۆ ژیان و گوزەرانیانی خستە ژێر گوشارەوە. ئەمنیەت و ئاسایش زیاتر لە ڕابردوو لە کۆمەڵگا زەوت کرا و هیتر. کەوابوو بێجگەلە خامنەیی و ژمارەیەک لە دەوروبەرییە مفتەخۆرەکانی و ڕێبەریی سپای پاسداران، زۆرینەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا، دەوڵەتی ڕەئیسی بە دەوڵەتێکی شکستخواردوو و گەندەڵ و بێ کەفایەت ناو دەبەن.
خامنەیی لە قسەکانیدا ڕووبە ئەندامانی دەوڵەتی پزیشکیان بەئامانجی وەئەستۆ نەگرتنی شکستی حەتمیی دەوڵەت، ١٣ پێشنیاری نابەجێ و دووبارەی خستە دەستووری کاری دەوڵەتەوە. بۆ ئەوەی ئەگەر دەوڵەت لە پێشخستنی بەرنامەکانیدا شکستی هێنا، ئەو دیسان لە قەبووڵکردنی بەرپرسایەتیی ئەم شکستە خۆی دەرباز بکات. پێشنیارەکانی خامنەیی بەسەرەنجدان بە پێکهاتەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆماری ئیسلامی، قەیرانی بەرین و هەمەلایەنە، گەندەڵیی ڕیشەداکوتاو لەناو ئەم دەسەڵاتە، وەدی نایەن و بەرەوڕووی شکست دەبنەوە. لە بواری سیاسەتی دەرەوەشدا درێژەی سیاسەتی شەڕخوازانە و دەستتێوەردانی ناوچەیی و سیاسەتی باج وەرگرتن لەڕێگەی کردەوەی تیرۆریستی، دەوڵەتی پزیشکیانیش تووشی چارەنووسی دەوڵەتەکانی پێشووی کۆماری ئیسلامی دەکات.
خامنەیی لەم وتارەیدا وێڕای ئاگاداربوون لە قەیرانی قووڵی ئابووری و بێتوانایی ڕژیم لە چارەسەرکردنی، ڕوو بە هەیئەتی دەوڵەت بۆ جارێکی تر لەسەر چوارچێوەی سیاسەتی ئەمنیەتی و سەرکوت و سانسۆڕ لەپێناوی درێژەی حکوومەتەکەی پێداگریی کرد. ئەو کە هەر بەم ئامانجە لە چنینی کابینەی پزیشکیاندا زۆرترین دەستتێوەردانی کرد و لە پێکهاتەی هەیئەتی دەوڵەت دڵنیا بووەتەوە، هۆشداری پێدان کە لە هەڵبژاردنی هاوکاران و بەرپرسانی پلەی خوارەوەشدا پێویستە زۆر وریا بن. لەم کۆبوونەوەیەدا کە جەوادی زەریفیش تێیدا بەشداربوو، خامنەیی بە پێدانی چەندین کۆد لە بواری “قووڵایی ستراتێژی و سیاسەتی ناوچەیی” وتی: ”هاوکارانی گەنج، دیندار، شۆڕشگێڕ و پڕسۆز هەڵبژێرن. لە بەکارهێنانی کارناساندا پێویستە وریا بن کە کەسانێک بە بیر و زەینی هەڵەوە لە پشت جلوبەرگ و ئەدەبیاتی کارناسانەوە خۆیان نەشارنەوە. لە ڕاوێژکردن و وەرگرتنی ڕای کارناسیدا نابێت ڕاوێژ بە کەسانی بەخیل و ترسنۆک و بەتەماع بکرێت. کارناسێک کە بەدوای نوسخەی بێ ئیعتباری دەرەکییەوەیە، هیچ فایدەیەکی نییە”. خامنەیی هەروەها لەسەر پەرەپێدان و کۆنتڕۆڵی سیستماتیکی تەبلیغات لە فەزای مەجازی پێداگریی کرد و وتی: ”ئەمڕۆ فەزای مەجازی واقعیەتی ژیانی خەڵکە. کەوابوو لە فەزای مەجازیدا دەبێ حوکمڕانی بەیاسا بکرێت (نابێ وێڵ و ڕەها بێت). پێویستە بەسەر بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەم تێکنۆلۆژییەدا زاڵ بین و نابێ ڕێگە بدەین حوکمڕانی پێشێل بکرێت. چونکە دەبێتە هەڕەشە بۆ ئێمە”.
پرسی قەیرانی ئەتۆمی و پەرەپێدانی چالاکیی ڕژیم لەم بوارە، بەشێکی تر لە ئەولەویەتی قسەکانی خامنەیی بوو کە تێیدا ناڕاستەوخۆ لەسەر درێژەدان بە وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا و دەسەڵاتە ئورووپاییەکان و لەسەر ڕێگەپێدراوبوونی سازش و “پاشەکشەی تاکتیکی” لە بەرامبەریاندا تەئکیدی دووبارەی کرد. ئەوەش لە کاتکێدایە کە لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا ئەم دەسەڵاتانە کۆماری ئیسلامییان بۆ وڵامدانەوە لەئاست زیادکردنی پیتاندنی ئۆرانیۆم خستووەتە ژێر گوشارەوە. لەم پەیوەندییەدا هەواڵنێریی ڕوویتێرز ئاشکری کرد کە لە یەکێک لە دوو ڕاپۆرتە نهێنییەکەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی کە ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی مانگی خەرمانان بۆ وڵاتانی ئەندام نێردرا، هاتووە کە: ”لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا هیچ پێشکەوتنێک لە پەیوەندییەکانی ئاژانس لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە بواری ڕێگری لە کارناسانی ئاژانس و ڕوونکردنەوە سەبارەت بە ئاسەواری ئۆرانیۆم لە سایتەکان لەلایەن تارانەوە وەدی نەهاتووە و کۆماری ئیسلامی ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی بردووەتە سەرێ. لە دوایین کۆبوونەوەی شۆرای حوکامی ئاژانسدا بڕیارنامەیەک پەسند کرا کە تێیدا داوا لە کۆماری ئیسلامی کرابوو کە هاوکاریی خۆی لەگەڵ ئاژانس باشتر بکات. بەسەرەنجدان بە درێژەی سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی، پێدەچێت ئەمریکا و سێ دەسەڵاتی سەرمایەداری ئورووپا بیانهەوێ گوشارەکانیان بۆسەر کۆماری ئیسلامی زیاتر بکەن. تەنیا ئامرازی ئەوان بۆ داسەپاندنی گوشار بۆسەر ڕژیم زیادکردنی گەمارۆکان و نیهایەت بەکارهێنانی “مێکانیسمی ماشە” بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆ هەڵوەشاوەکانە کە ئەویش دووکەڵەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە چاوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشەوە و ژیان و گوزەرانیان سەخت و دژوارتر دەکات. هەڵبەت هەتا ئێستا کاربەدەستانی ڕژیم و مافیای سپای پاسداران لە گەمارۆ ئابوورییەکان وەک دەرفەتێک بۆ گەندەڵی و دەزیی گەورە کەڵکیان وەرگرتووە.
سیاسەتی سەرەکی و کردەوەی دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا لەلایەن ناوەندی ڕێبەریی سپای پاسداران و خامنەییەوە دیاریکراوە نەک دەوڵەتەکان. هاتنەسەر کاری پزیشکیان کە خۆی بە شانازییەوە دەڵێ ملکەچ و خزمەتکاری ولایەتە، هیچ گۆڕانێک لە بارودۆخی ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا پێکناهێنێ. هەرجۆرە باشتربوونێکی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی کۆمەڵگا لە گرەوی درێژەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران و توێژە بێبەشەکاندایە کە لە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی خەباتیاندا بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و بە دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران و بەشمەینەتان دێتە دی.