فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

داماویی هێزەکانی میحوەری موقاومەتی کۆماری ئیسلامی
پێنجشەممە ۰۶-۰۲-۱۴۰۳   |  25-04-2024

بەدوای هێرشی مووشەکی و درۆنیی بەرینی کۆماری ئیسلامی بۆسەر ئیسرائیل لە شەوی ٢٥ی مانگی خاکەلێوە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان و حوسییەکان و حەشدی شەعبی و بە ئاگاداریی ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی ئورووپا ئەنجام درا، هەوڵ و ڕێوشوێنی بەرچاو لەلایەن ئەوانەوە بۆ سەپاندنی بەربەستی زیاتر بەسەر کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی سەربەم ڕژیمە لە ناوچەکە کەوتووەتە ڕێ. جیا لە داسەپاندنی گەمارۆی تازە لەلایەن ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا و بریتانیا بەدژی کۆماری ئیسلامی کە دووکەڵەکەی دەچێتە چاوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانەوە، هەوڵی دیپلۆماتیک و چەندین پڕۆژە و پلان لەلایەن ئەوانەوە بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکان و ئیمکاناتی هەموو گرووپەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە لەئارادایە. بۆ نموونە لە پێوەند لەگەڵ حیزبوڵڵای لۆبنان دەوڵەتی فەڕانسە لەلایەن یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکاوە لەژێرناوی “هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ململانێ لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا و سەقامگیرکردنی ناوچەکە” بەنیازە کۆتایی بە حزووری حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامی لە باشووری لوبنان بێنێت. باشووری لوبنان کە هاوسنوورە لەگەڵ باکووری ئیسرائیل، ناوەندی سەرەکیی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی حیزبوڵڵایە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٣١ی خاکەلێوە، ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕانسە لە پاریس لەگەڵ «نەجیب میقاتی» سەرۆک وەزیرانی لوبنان و «عیماد جۆرێف عەون» فەرماندەی سوپای لوبنان کۆبووەوە و وتووێژی کرد. ئەو وتی: ئەنجومەنی ئورووپا بڕیاریداوە پاڵپشتییەکانی بۆ هێزە چەکدارەکانی سوپای لوبنان زیاد بکات و هاوکاری حکوومەتی لوبنان بکات بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووریی لوبنان. ئێمە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، ڕێگاچارەمان هەیە”. هەروەها سەچاوە دیپلۆماسییەکانی دیکەی فەڕانسەش ڕایانگەیاند کە لەم پێوەندەدا چەندین پلان بەردەستە و یەکەمیان کشانەوەی هێزەکانی حیزبوڵڵا لە ناوچەی سنووری ئیسرائیل بەرەو باکوورە. سوپای “باشووری ڕووباری ئیلیتان”ی لوبنان هاوڕێ لەگەڵ هێزی سەربازی دەوڵەتانی دیکە لەوانە ئیتاڵیا، جێگەی هێزەکانی حیزبوڵڵا دەگرنەوە. لەبەرامبەردا هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیلیش خۆیان لە فڕین بەسەر ئاسمانی لوبنان و چالاکییە سەربازییەکانی دیکە بەدوور دەگرن. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لوبنان لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی توندترین قەیرانی سیاسی و ئابووری بووەتەوە و کەوتووەتە سەر لێواری داڕمان. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، لەم ماوەیەدا شاندەکانی لیژنەی پێنج قۆڵی لەوانە (باڵیۆزی ئەمریکا، فەڕانسە، میسر، سعودیە و قەتەر) لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆیان کردووە. نەتانیاهۆ پێشوازی لەو پلانە کردووە. هەروەها میقاتی و عەون پێشوازییان لەم گەڵاڵەیەی یەکیەتیی ئورووپا کردووە و بەڵێنیان داوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی حکوومەت و حیزبوڵڵا فەڕانسە لە وەڵامی کۆتایی ئاگادار بکەنەوە.

تێکهەڵچوونی سەربازیی سنووردار لە نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، لە دوای شەڕی ئیسرائیل و جینۆساید لە دژی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە، ڕۆژانە بەردەوام بووە. کۆماری ئیسلامی کە ڕاستەوخۆ نەچووەتە ناو ئەم شەڕەوە، لە ڕێگەی هێزە نیابەتییەکانی خۆی لەوانە حیزبوڵڵای لۆبنان هەوڵ دەدات ئامانجی زێدەخوازانە و داگیرکەرانەی خۆی بێنێتە دی. پلانەکانی ئەمریکا و زلهێزە سەرمایەدارییەکانی ڕۆژئاوا بە ئامانجی کورتکردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە لەپێناوی پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە. تێوەگلانی هەردوولا لەم شەڕەدا بە زیانی کرێکاران و خەڵکی چەوساوە و هەژاری وڵاتانی ناوچەکە بووە.

لە لایەکی دیکەوە، هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی داسەپاندنی گوشار و بڕینی سەرچاوەی دارایی و ئیمکاناتی گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە شەڕی غەززە و پشتیوانی لە ئیسرائیل، ئەمریکا و زلهێزەکانی دیکەی ڕۆژئاوا لە چەند مانگی ڕابردوودا گوشاریان خستۆتە سەر حکوومەتی قەتەر بۆ ئەوەی کۆتایی بە حزووری ئەندامانی سەرکردایەتی و دەفتەری سیاسی بزووتنەوەی حەماس لەم وڵاتەدا بێنێت. لەم پێوەندەدا ئەمریکا تەنانەت پاراستنی پێگەی قەتەر لە ناوچەکە و پەیوەندی خۆی لەگەڵ قەتەری بە دەرکردنی سەرکردەکانی حەماس لەم وڵاتە سنووردار کردووەتەوە. ئەندامانی دەفتەری سیاسیی حەماس کە ساڵەها لە دیمەشق نیشتەجێ بوون، بەدوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەدژی حکوومەتی دیکتاتۆریی بەشار ئەسەد لە سووریە کە هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ناسراو بە “بەهاری عەرەبی” بەڕێوەچوو، لە ساڵی ٢٠١٢ ئەم وڵاتەیان جێهێشت و لەسەر پێشنیاری ئەمریکا لە وڵاتی قەتەر نیشتەجێ بوون. لەو کاتەوە، قەتەر جگە لە هاوکاری مانگانەی ٣٠ ملیۆن دۆلار و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ غەززە، مووچەی کەرتی گشتیی فەرمانبەرانی حەماسیشی لە غەززە داوە.

بەڵام لەئێستادا دەوڵەتی قەتەر لەژێر فشاری ئەمریکادا ناچار بووە داوا لە ئەندامانی ڕێبەریی حەماس بکات کە قەتەر جێبهێڵن. ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی مانگی خاکەلێوە سەرۆک وەزیرانی قەتەر ڕایگەیاند کە: ”قەتەر لە ڕۆڵی خۆی وەک ناوبژیوان دەکشێتەوە، چونکە دانوستانەکان بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە گەیشتووەتە بنبەست و هێندێک لایەن دەیانهەوێ کەڵکی نابەجێی لێوەرگرن”. لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی قەتەر لەئاست دەرکردنی ڕێبەرانی حەماس، ئەوان لەم دوایانەدا لە هەوڵی دۆزینەوەی وڵاتێک بۆ نیشتەجێکردنیان، ڕوویان کردووەتە حکوومەتی عۆمان و تورکییە. بەشێک لە چاودێرانی سیاسی سەردانی ئیسماعیل هەنیە و زیاد نەخالە ڕێبەری جیهادی ئیسلامی بۆ تاران و دیدارەکەیان لەگەڵ خامنەیی لەگەڵ ئەم بابەتە پەیوەند دەدەن کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە قبوڵ نەکرا. هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٣١ی خاکەلێوە، وەفدێکی ئەندامانی دەفتەری سیاسی حەماس لەوانە ئیسماعیل هەنیە و خالید مەشعەل، چوونە تورکییە و لەگەڵ ئەردۆغان و بەرپرسانی دیکەی ئەم وڵاتە سەبارەت بە گواستنەوەیان لە قەتەرەوە بۆ تورکییە گفتوگۆیان کرد. ئەگەرچی ئەردۆغان و ڕێبەرانی حیزبی ئیسلامیی دەسەڵاتداری تورکییە، حەماس بە “بزووتنەوەی موقاومەتی ئیسلامی” دەزانن و بەڕواڵەت لە فەلەسەتین پشتیوانی دەکەن، بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا پێدەچێت نیشتەجێکردنی حەماس لە تورکییە بۆیان دژوار بێت. ئەردۆغان چەند ڕۆژ لەمەوبەر دانی بەوە دانا کە بەرگری کردن لە فەلەستین بۆ ئەو هەزینە هەڵدەگرێت.

داسەپاندنی فشاری ئابووری، سیاسی و دیپلۆماتیکی ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی سەرمایەداریی ئورووپا بۆسەر دەوڵەتی عێراقیش بووەتە هۆی ئەوەیکە هێزە کۆنەپەرستەکانی دیکەی سەربە کۆماری ئیسلامی لەوانە تاقمی حەشدی شەعبی و حوسییەکان لەماوەی یەک دوو مانگی ڕابردوو خۆیان لە هێرش دژبە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بپارێزن. بەم شێوەیە هەموو هێزە نیابەتییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی کە ناوی بێناوەرۆکی “میحوەری موقاومەت”یان لەسەرە زەمینگیر کراون و ڕژیم توانای ئەوەی نییە بۆ شەڕنانەوە و بەشخوازی لە ناوچەکە کەڵکیان لێ وەربگرێت. لە وەها بارودۆخێکدا حکوومەتەکانی ئەمریکا و ئورووپا بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانیان و سەپاندنی مەرجە خوازراوەکانیان گوشاریان خستۆتە سەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانە، ئەمریکا و دەسەڵاتە سەرمایەدارییەکانی دیکە ناتوانن کۆتایی بە شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکە بێنن کە ڕیشەیان لە قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندایە. ئەمریکا و زلهێزە ئیمپریالیستەکانی دیکە کە خۆیان هۆکاری سەرەکی شەڕ و تاوانەکانی سەد ساڵی ڕابردوو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بەرەوڕووی قەیرانی بەرینی سەرمایەداری و لاوازبوونی دەسەڵاتی ئابووری بوونەتەوە. سەرەنجام ئەوە هێزی خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ناوچەکەیە کە دەتوانێ بە یەکگرتوویی و بە هاوپشتیی خەباتکارانە، خۆی لە چنگ دەوڵەتانی ئیمپریالیست و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان و حکوومەتەکانیان ڕزگار بکات.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co

https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpiran1

https://t.me/KomalaCpiranTv