
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە چوار دەیەیە بە دروشمی درۆینەی عەداڵەتخوازی و لەژێر نقابی موستەزعەف پەناییدا، دەسەڵاتیی سیاسیی زەوت کردووە. بەڵام ئەمڕۆ، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا، لەگەڵ نیزامێک بەرەوڕووین کە تەنانەت لە دابین کردنی پێداویستیەکانی خەڵک، کار، نان، ئاو، بەرق، هەوای پاک بۆ هەناسەکێشان، مەسکەن، تەندروستی و دەرمان و پەروەردە داماو و بێتوایە و زیاتر لە ٦٠%ی خەڵکی ئێرانی بەرەو ژیانی ژێر هێڵی هەژاری بردووە. ئەم دەرماندەیی و بێتواناییە تەنیا بەهۆی ناکارامەیی لە بەڕێوەبردن یان گەندەڵیی سیستماتیک لە پێکهاتەی ئیداریی حکوومەتدا نییە، بەڵکوو ڕیشەی لە پێکهاتەی چینایەتی و سیاسیدایە. کۆماری ئیسلامی بەپێچەوانەی ئیدیعا درۆینەکانی، یەکێک لە هارترین و سەرکوتگەرترین ڕژیمەکانی ئەم سەردەمەیە و لەڕێگەی هێزی سەرکوتەوە، جەماوەری ئێرانی لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بێبەش کردووە.
لە زۆرێک لە پارێزگاکانی ئێران کەمی ئاو بووەتە قەیرانێکی جدی و درێژخایەن. پچڕانی کارەبا و ئاو بووەتە ڕووداوێکی ڕۆژانە و ژیانی ملیۆنان کەسی تێکداوە. لە کاتێکدا کە پارەی وڵات بۆ پڕۆژەی ئەمنی و سەربازی و هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیای کۆنەپەرستانە بۆ وڵاتانی دراوسێ خەرج دەکرێت، خەڵکی خوزستان، سیستان و بەلووچستان، کوردستان و تەنانەت شارە گەورەکانیش لە دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە بێبەشن. وێرانی و پرتووکاوبوونی ژێرخانەکانی وزە و بڕانی کارەبا، داخرانی کارخانەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، خوێندنگاکان و ئیدارەکانی دەوڵەت، ئەوپەڕی دەرماندەیی حکوومەتی ئیسلامی لە ئیدارەکردنی کۆمەڵگا نیشان دەدات.
کۆماری ئیسلامی بە پێکهاتەی چینایەتی و سەرمایەدارانە و ئایدیولۆژیکەوە، بەرژوەندی کەمینەی ئاخوندەکان، سپاهییەکان و سەرمایەداران نوێنەرایەتی دەکات و سەرچاوەی سەروەتی کۆمەڵگا و بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکاران و زەحمەتکێشان تاڵان دەکات. لەژێر دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەدا زۆرینەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و مامۆستایان و ژنان و پەرستاران و خانەنشینان نەک هەر نوقم بوون لە هەژاری و نائەمنی کار و ژیاندا، بەڵکوو هاواریان بۆ دادپەروەری بە سەرکوت و گرتن و ئەشکەنجە وەڵام دەدرێتەوە. دەوڵەتی ئیسلامی لەڕاستیدا دەسەڵاتی جێبەجێکاری سەرمایەدارانە. چ سەرمایەدرانی کەرتی تایبەت و چ ئەو بەشە کە لە ناوەندە ئایینی و ئەمنیەتییەکاندا سەروەتی بەرینیان کەڵەکە کردووە.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئیسلامی سەرمایەداراندا هەموو شتێک لە پەروەردەوە تا چاودێری تەندروستی، لە خانووبەرەوە تا ئاو و کارەبا، بووەتە کاڵایەک بۆ فرۆشتن و بەدەستهێنانی قازانج. سیاسەتە ئابوورییە نیولیبراڵەکان کە زیاتر لە سی ساڵە جێبەجێ دەکرێن، جگە لە بێبەشکردنی زیاتری کرێکاران و چینە خوارەکانی کۆمەڵگا هیچی دیکەی لێنەکەوتۆتەوە. بە تایبەتکردن بووەتە هۆی گواستنەوەی سەروەت و سامانی گشتی بۆ بازنەکانی دەسەڵات. خوێندنگا ئەهلی یان خسووسییەکان، نەخۆشخانە خسووسییەکان، سپاردنی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بە کۆمپانیا خسووسییەکان و هتد، هەر هەموویان بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەتیان قووڵتر کردووەتەوە. لە ئێران خانوو وەک یەکێک لە سەرتاییترین پێداویستییەکانی ئینسان، بووەتە کاڵایەکی لوکس. توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا بەتایبەت کرێکاران و پەراوێزنشینانی شار، ساڵەهایە لە دەستڕاگەیشتن بە خانوویەکی گونجاو و شیاو ناهومێد بوون. پڕۆژەکانی وەک “مەسکەنی مێهر” یان “نێهزەتی میللی مەسکەن” نەتەنیا نەیانتوانی بارێک لەسەر شانی خەڵک لابەرن، بەڵکوو خۆیان بوون بە بەستێنێک بۆ ڕانتخۆری و گەندەڵیی بەرین. لەم پێکهاتەیەدا، خانووەکان دروست دەکرێن، بەڵام نەک بۆ ژیان، بەڵکوو بۆ قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایە. لێرەدا مەنتقی سەرمایە حوکم دەکات نەک مەنتقی نینسانییەت. کۆماری ئیسلامی بە ڕادەست کردنی کۆنتڕۆڵی بازاڕی مەسکەن بە ناوەندە نیزامی و ماڵییەکان، لەم بوارەشدا ڕۆڵی خۆی لە قووڵکردنەوەی بۆشایی چینایەتیدا بینیوە.
لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئەم ئاستە بێوێنەیە لە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری لەگەڵ ستەمی وەک جیاکاریی نەتەوەیی، ڕەگەزی و ئاییینی تێکەڵ بووە. ژنان، خەڵکی ژێر ستەمی وەک کوردەکان، بەلووچەکان، عەرەبەکان، تورکەکان، و جیابیرانی ئایینی و جنسیەتی لە سەرەتاییترین مافە کۆمەڵایەتییەکانیان بێبەرین. ئەم ستەمانە نەهامەتییەکانی نیزامێکە کە لەسەر بناغەی زاڵبوونی چینی سەرمایەدار و ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی دامەزراوە. پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی، تەنیا بە پەرەپێدانی ئەم هەڵاواردن و جیاکارییانە دەتوانێ مانەوەی خۆی زەمانەت بکات. لەو نێوەدا ژنانی زەحمەتکێش، کرێکارانی کۆچبەر و لاوانی بێکار، زۆرترین فشار تەحەمول دەکەن و کەمترین بەهرە لە ئیمکاناتی کۆمەڵایەتی دەبن.
کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە، لەڕێگەی دەست بە دەست کردنی دەسەڵاتی سیاسی لەسەرەوەی ئیرادەی خەڵک، لەڕێگەی ڕێفۆرم لەناو پێکهاتەی حکوومەت یان لەڕێگەی گۆڕینی کەسەکان مسۆگەر نابێت. کۆماری ئیسلامی نیزامێکی چینایەتییە لەسەر بنەمای سەرکوت، چەوسانەوە و ئایدیۆلۆژیی کۆنەپەرستی ئیسلامی. ڕزگاری لەم بارودۆخە، پێویستی بە ڕێکخستنی سەرتاسەریی بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار و هاوپەمانە کۆمەڵایەتییەکانی، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانە کە لە ڕیزێکی سەربەخۆ و شۆڕشگێڕانەدا بن. خەبات بۆ ئاو، بەرق، نان و ئازادی، دەبێ لەگەڵ خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم نیزامە پەیوەند بدرێت. هیچ ڕێگاچارەیەکی ڕاستەقینە بەبێ لەناوبردنی پێکهاتەی ئێستا و بە بێ دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانەی شۆرایی کرێکاران و زەحمەتکێشان مومکین نییە.
لەم ڕێگایەدا، ڕۆڵی حیزبی شۆڕشگێڕ، کۆمۆنیست و پێشڕو یەکجار گرینگ و حەیاتییە. حیزبێک کە بتوانێ خواستە پڕژوبڵاوەکان و ناڕەزایەتییە خۆڕسکەکان بکاتە بزووتنەوەیەکی سەرتاسەریی هوشیار، ڕێکخراو و شۆڕشگێڕ. ئەزموون نیشانی داوە کە بە بێ ڕێبەری، شۆڕشەکان سەرکوت دەکرێن یان بەلاڕێدا دەبردرێن. ئەرکی حیزب، نە تەنیا ڕێکخستنی خەباتی شۆڕشگێڕانە لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەرخستنی ڕوخساری ڕاستەقینەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازییە، بەڵکوو پێشکەشکردنی بەدیلێکی کۆمۆنیستی، ڕەها و ئازادە. کە تێیدا ئاو، کارەبا، پەرروەدە، مەسکەن، دەرمان و تەندروستی و پاراستنی کەرامەتی ئیسان، وە لە یەک کەلامدا ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی مافی هەمووان بێت، نەک ئیمتیازی کەمینەی دەسەڵاتدار.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpiran1