
شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان کۆماری ئیسلامی و ڕژیمی ئیسرائیل پێی ناوەتە چوارەمین ڕۆژەوە. لەم ماوەیەدا بەهۆی بۆمبارانەکانی ئیسرائیل و مووشەک هاویشتنەکانی کۆماری ئیسلامی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بیدفاع کوژراون و برینداربوون و وێرانکارییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. هەڵبەت قەبارەی بۆمباران و زیانێک کە وەبەر کۆماری ئیسلامی کەوتووە لەچاو ئەو زیانەی کە لە ئیسرائیل دراوە، بەراورد ناکرێت. کۆماری ئیسلامی نەتەنیا هەواڵی ڕاست و ئاماری وردی قوربانییان و خەساری ئەم شەڕە بڵاو ناکاتەوە بەڵکوو هەوڵ دەدات بەر بە بڵاوبوونەوەی هەرجۆرە هەواڵێکی ڕاست و ئاماری ورد لەلایەن سەرچاوە سەربەخۆکانیش بگرێت. لەم پەیوەندییەدا دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕژیم لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەسیان بە تۆمەتی بێبنمای ” پێکهێنانی ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگا، شێواندنی ئاسایشی دەروونیی خەڵک، سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، ئەندامیەتی موساد و هیتر دەستگیر کردووە و ئەوانیان تەنیا بەتاوانی بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتە ڤیدیوی شەڕ لە فەزای مەجازیدا، بۆ دان پێدانان بە نەکردەکانیان خستووەتە ژێر ئەشکەنجەوە. هەر ئەمە خۆی دەلیل و نیشانەی پێگەی لاواز و شکست لە شەڕدایە.
سەرەڕای ئەمەش، بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە ئێران تەنیا لەماوەی دوو ڕۆژی یەکەمی شەڕدا لانیکەم ٢١٥ کەس لەوانە ٧٨ کەس لە فەرماندە پلەبەرزەکانی سپای پاسداران و ١٤ کەس لە بەرپرسانی ئەتۆمی کوژراون و لانیکەم ٦٤٨ کەس بریندار بوون. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی جروسالم پۆستی ئیسرائیل هەر لەم ماوەیەدا باسی لە کوژرانی ١٠ کەس و برینداربوونی ٢٧٠ کەس لە ئیسرائیل کردووە. جیا لەم زیانە ئینسانییانە، بەهۆی بۆمبارانی ئیسرائیل، ژێرخان و ناوەندە نیزامییەکان، سیستمی بەرگری ئاسمانی و سەکۆکانی مووشەک، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و ئیسفەهان، ستادی فەرماندەیی وەزارەتی بەرگری، ناوەندی ئاگادارکردنەوەی فەرماندەیی هێزی ئینتزامی، بیناکانی وەزارەتی دادگوستەری و وەزارەتی دەرەوە، مەخزەنەکانی سووتەمەنی، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی و ناوەندە نیزامی و دەوڵەتییەکان و هیتر کراونەتە ئامانجی ئەم هێرشانە. لە بەرامبەردا، ژمارەیەکی زۆر کەم لە سەدان مووشەکی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی تێلاڤیڤ و حەیفا و هیتر توانیویانە لە زەوی بتەقنەوە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک لە خەڵک کوژراون و وێرانبوونی بینا و ماڵەکانی لێکەوتووەتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە حسێن سەلامی و باقیی فەرماندەکانی سپای پاسداران بەر لە دەستپێکی شەڕ دەستیان کردبوو بە درۆودەلەسە و قسەی بێبنەما و دەیانگوت کە ئامادەیی تەواویان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر سێناریۆیەکی دوژمن هەیە و ئەگەر ڕژیمی سەهیۆنیستی هەڵەیەک بکات، ئیسرائیل نابوود دەکەن و ناوچەکە ئاگر تێبەردەدەن.
بەڵام ڕەوتی شەڕ لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا نیشانی دا کە دەزگای گەندەڵ و دزی سپای پاسداران، کە لە کوشتاری خەڵکی ئێراندا خبرەیە و دەستی بەخوێنیان سوورە، تا چ ڕادەیەک ناکارامە و بێ خاسییەت بووە. سەرەڕای ئەوەیکە ڕۆژی هەینی و بەر لە دەستپێکی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کۆماری ئیسلامی، ئەمریکا پێرسۆنێلەکانی لە باڵیۆزخانەی عێراق، قەتەر و بەحرەین بەپەلە کەم کردەوە و بۆ دەرەوەی بردن، سپای پاسداران تەنانەت بیری لە ڕێوشوێنی ئەمنیەتی بۆ پاراستنی ڕێبەرەکەشی نەکردبووەوە. لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی جۆزەردان ڕۆژنامەی لۆمۆند نووسیی کە کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر بۆمبارانە بەردەوامەکانی ئیسرائیلدا لاواز و بێتوانا و لە ڕوانگەی دیپلۆماتیکەوە پەراوێزخراو و لە بواری ناوخۆییدا نەفرەتلێکراو و بێ ئیعتبار بووە. لۆمۆند دەنووسێ کە کوژرانی فەرماندە بالا نیزامییەکان لەم هێرشەدا، پێکهاتەی فەرماندەییشی لەناوبردووە و نفووزی قووڵی دەزگا سیخوڕییەکانی ئیسرائیلی لەناو قەلبی حکوومەتی ئیسلامیدا ئاشکرا کرد.
لاوازی و زەبوونیی ڕژیم لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی وا لێکردووە کە بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی ناچار بووە لە ڕۆژی سێهەمی ئەم شەڕەدا، دەست بەداوێنی واستەکانی بێت بۆ ئەنجامدانی دانوستان. لەلایەکەوە، سەرۆک کۆماری قبرس ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی مانگی جۆزەردان وتی: “ئێران داوای لە ئێمە کردووە کە پەیامێک بۆ ئیسرائیل بنێرن و ئێمەش ئەو کارە دەکەین”. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕژیم کە لەوانەیە لەم هەوڵەی حکوومەت ئاگادار نەبووبێت، ئەم قسەیەی سەرۆک کۆماری قبرسی ڕەت کردەوە و وتی ئێمە پەیامێکمان بە ئیسرائیل نەداوە. لەلایەکی دیکەوە ئاشکرا بوو کە کۆماری ئیسلامی لە قەتەر و عومان و عەرەبستانی سعوودی داوای کردووە کە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست نێوبژی بکەن. ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش بە نۆرەی خۆی، نیگەران لە بەهێزبوونی ئیسرائیل لە ناوچەکە، ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ ترامپ و سەرانی دەوڵەتانی کەنداو پەیوەندی گرت و بۆ نێوبژی کردن لە قەیرانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند. ناوبراو تەئکیدی کرد کە بۆ ڕێگری لە کارەساتێک کە لەوانەیە گشت ناوچەکە ئاگر تێبەردات، دەبێ دەستبەجێ هەوڵ بدەن. بێگومان لە وەها بارودۆخ و هاوسەنگییەکی هێزدا کە زۆر بە زیانی کۆماری ئیسلامییە، هەر جۆرە دانوستانێک بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، تەنانەت ئەگەر ئیمکانی بێت، ئاکامەکەی دەبێتە تەسلیمبوون و دانی ئیمتیازی زۆر لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.
لە وەها بارودۆخێکدا هەم ئەمریکا و هەم سێ دەسەڵاتی ترۆئیکا (ئاڵمان، فەڕانسە، بریتانیا) وێڕای ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ درێژەدانی دانوستان، مەرجەکانیان بۆ کۆماری ئیسلامی زیاتر کردووە. یەکەمین مەرجیان بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە دانوستانێک ڕاگرتنی تەواوی پیتاندنی ئۆرانیۆم و وەلانانی پڕۆژەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندووە. هەڵبەت مەرجەکانی دیکە لەوانە مەسەلەی مووشەک و درۆنی کۆماری ئیسلامی و دەخاڵەت نەکردنی لە کاروباری وڵاتانی تریش دەخرێتە سەر مێزی وتووێژەوە.
کۆماری ئیسلامی ئەمجارەش بە لێکدانەوەیەکی هەڵە لای وابوو کە دەتوانێ هەروەک چەند دەیەی ڕابردوو لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا کات بەفیڕۆ بدات و یاری بە ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی ئورووپا بکات و بە پێداگری لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، باج وەربگرێت. بەڵام ئەمجارە، بۆ نەتانیاهۆی شەڕخواز دەرفەتێکی خوڵقاند کە لە درێژەی جنایەتەکانی لە غەززە و لۆبناندا، هێرش بۆسەر کۆماری ئیسلامی دەستپێبکات.
بێگومان ئەم شەڕە لە هەر دوو لاوە کۆنەپەرستانە و جنایەتکارانەیە و بە زیانی بەرژەوەندی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانە. ئاکامەکانی ئەم شەڕە جیا لە پەرەپێدانی هەژاری و برسیەتی لە ئێران، دەتوانێ ڕەوتی ڕوو لە گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خەبات لەپێناوی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی تێکبدات. وە بۆ حکوومەتی گەندەڵ و تاوانکاری کۆماری ئیسلامی دەتوانێ ببێتە بیانوویەک بۆ پەرەپێدانی کەشوهەوای شەڕ و سەرکوتی ئەم بزووتنەوانە. لە وەها بارودۆخێکدا خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ئێران بۆ دەربازبوون لە مەرسیی پەرەسەندنی ئەم شەڕە، ڕێگایەکیان جگەلە ناڕەزایەتیی جەماوەری لەدژی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە و گەشەپێدانی خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی و هەوڵی زیاتر بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیان و شکلدان بە ڕێبەریی سەرتاسەری بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری و ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەپێش نییە و نابێ دەرفەت لەدەست بدەن.
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە