
ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی مانگی ڕێبەندان هەواڵنێریی “هرانا” ئۆرگانی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کرد کە موحسێنی ئێژەیی سەرۆکی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی هەفتەی ڕابردوو گەڵاڵەیەکی لەژێرناونیشانی دامەزراندنی تایبەتی تەڵەبە بۆ پۆستی دادوەری ئامادە کردووە. بەگوێرەی ئەم یاسایە تەڵەبەکان بە بێ خوێندنی زانکۆ و هەبوونی بڕوانامە دەتوانن وەک قازی دامەزرێن. ئەم یاسا ١٤ ماددەییە تەئکید دەکات کە دامەزراندنی ئەم تەڵەبانە لەڕێگەی کەسانی دەست ڕۆیشتوو و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی تایبەت ئەنجام دەدرێت. پڕۆسەی دامەزراندنیان بریتی دەبێت لە تاقیکردنەوەکانی بواری دەروونناسی، وتووێژی عەقیدەتی و سیاسی، لێکۆڵینەوەی مەحەلی، تەئیدی سەلاحییەت لەلایەن “کەسانی متمانەپێکراو” و تێپەڕاندنی دەورەیەکی کورت. ئێژەیی جەلاد ڕایگەیاندووە کە: “ئەم گەڵاڵەیە لەڕاستای وەدیهێنانی ئامانجەکانی بەڵگەی گۆڕانکاری و پێشکەوتنی دەزگای قەزایی”ی ڕژیمە و ڕەوتی دامەزران بۆ تەڵەبەکانی حەوزەی عیلمیە ئاسان دەکاتەوە. ناوبراو ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە لەم گەڵاڵەیەدا ئەو تەڵەبانە دادەمەزرێن کە خاوەن تایبەتمەندیی فێقهی، جەهادی و ئیعتقادی بن.
بێگومان دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی لەم بارودۆخەدا پێویستی بە قازی و دادوەر نییە. بەڵکوو پێویستی بە جەنایەتکارانێکی لە جۆری خەڵخاڵی، ئێژەیی، ڕەئیسی، قازی مەقیسە و ڕازانییە کە جەهادی و ئیعتقادی هەڵسووکەوت بکەن و بە بێ هیچ تێبینییەک حوکمی زیندان و ئێعدام دەربکەن. ئەو تایبەتمەندییانەی کە ئەم بەڵگەیە بۆ دامەزراندن باسی دەکات بەڕوونی نیشانی دەدات کە ئامانجی ئەم یاسایەی حکوومەتی ئیسلامی هێنانەسەر کاری دەستەیەک جەللاد لەژێرناوی قازی دایە. کە ئێژەیی ناوی ناوە “ئاڵوگۆڕ و پێشکەوتنی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی”. پێوەری دامەزراندنی ئەم تەڵەبانە وەک قازی نەک هەبوونی بڕوانامەی زانکۆ لە بواری مافناسیدا، بەڵکوو تەنیا ناساندنیان لەلایەن کەسانی متمانەپێکراوی حکوومەتە کە لە ناو بازنەی دەسەڵاتدان و دەستیان دەڕوات.
دامەزراندنی ئەم ئاخوندانە وەک قازی لە کاتێکدایە کە حەسەن نەورووزی جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی قەزایی و مافی مەجلیسی ئیسلامی ساڵی ڕابردوو لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵێنریی تەسنیمی سەر بە سپای پاسداران دانی بەوە دانا کە لەئێستادا زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کارناسی خاوەن بڕاوانامە لە زانکۆکانی مافناسی لە ئێراندا بێکارن و بەشوێن کارەوەن. بەڵام دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی پێویستی بە قازیی شارەزا بۆ دیاریکردنی ئاستی ڕاستەقینەی تاوان و سزا نییە. بەڵکوو پێویستی بە ئاخوندی جەهادی و عەقیدەتییە کە بە بێ بایەخ دان بە مافی ئینسانیی ئەو کەسانەی لەگەڵ حکوومەت نین بە بێ هیچ بەڵگەیەک تەنیا بەپێی فەرمانی دەزگا ئەمنییەکان حوکمی ئێعدام و زیندانیان بۆ دەربکەن.
یاسای “گۆڕانکاری و پێشکەوتنی دەزگای قەزایی”ی حکوومەتی ئیسلامی یانی دامەزراندنی ئاخوندی گوێ لە مست لە جیات قازی و دادوەری شارەزا. داڕشتنی وەها یاسایەک نەک لەپێناوی عەداڵەت و دادپەروەریدا بەڵکوو بۆ ئەنجامدان و پەرەپێدانی تاوانە و هیچی تر. ئەویش لە بارودۆخێکدا کە ڕێبەران و حاکمانی ڕژیم لەوپەڕی ترس و وەحشەتدان و دەسەڵاتەکەیان لە مەترسیدا دەبینن. لە بارودۆخێکدا کە حکوومەتی ئیسلامی بەتایبەت دوای شکستی یەک لە دوای یەکی سیاسەتە ناوچەییەکانی و تێکشکانی “میحوەری موقاومەت”ەکەی، لاوازتر و زەبوونتر بووە. لە بارودۆخێکدا کە لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕۆژانەی کرێکاران، ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخواز، خوێندکارانی پێشڕەو، موعەلیمان و پەرستارانی زەحمەتکێش و ئیعتڕازاتی خانەنشینکراوان بەڕەڕوویە و هیچ وڵامێکی بۆ داخوازییەکانیان نییە. لە بارودۆخێکدا کە بەهۆی قەیران و بنبەستی ئابووریی بێوێنە و بەخاتری ئەولەوییەتەکانی، حەق و مووچەی کارمەندانی دەوڵەتیشی بۆ نادرێ. ناتوانێ ئاو و بەرق و سووتەمەنی و دەرمان و خزمەتگوزاریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی دابین بکات. وە لە یەک کەلامدا ناتوانێ کۆمەڵگا بەڕێوەبەرێت.
یاسای “گۆڕانکاری و پێشکەوتنی دەزگای قەزایی” بە پێوەری کۆنەپەرستانەی جەهادی و ئیدئۆلۆژیکەوە بۆ دامەزراندنی ئاخوند وەک قازی، لەم بارودۆخەدا هەوڵێکی دیکەیە لەپێناوی درێژەی دەسەڵاتی ئیسلامی لەڕێگەی ئامرازی سەرکوتەوە. دادگایەک کە تێیدا نە قازی مافناسە و نە تۆمەتبار ڕێگەی بەرگری کردن لەخۆی پێ دەدرێت و نە پارێزەر پێگەیەکی هەیە، دادگای سەحراییی سەردەمی شەڕ بەحیساب دێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی پێویستی بەمجۆرە دادگایانەیە.
دەرکرانی ئەم بڕیارە لەلایەن دەزگای قەزاییەوە وەک ئۆرگانێکی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بەشێک لە هەوڵی حکوومەتە لەپێناوی پەرەپێدانی کەشوهەوای ترس و سەرکوت لە کۆمەڵگادا. کۆماری ئیسلامی بەتایبەت دوای ڕووخانی حکوومەتی ئەسەد زیاتر لە ڕابردوو نیگەرانی ڕووخانی دەسەڵاتەکەیەتی لەئاکامی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکاندا. دەستووری ئەکیدی پزشکیان بە هێزە سەرکوتگەرەکان کە نابێ بە هیچ شێوەیەک ناڕەزایەتیی خوێندکاران بەرەو شەقامەکان پەرەبستێنێت، نموونەیەکی دیکە لە ترس و نیگەرانیی یەکجار زۆری حکوومەتە لە ئیعتڕازاتی خەڵک. لەم ماوەیەدا دەستبەسەرکردن بەبیانووی جۆراوجۆر بەشێوەی بەرچاو پەرەیسەندووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی مانگانەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا ئاستێکی بەرینتر لە تاوان و توندوتیژی لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە ئەنجامدراوە. لەم ماوەیەدا ئاماری دڵتەزێنی ئێعدام بەشێوەی بەرچاو زیادی کروودە. حوکمی ئێعدامی ١٠٧ کەس جێبەجێ کراون. دەیان حوکمی تازەی ئێعدام و سەدان حوکمی قورسی زیندان لەلایەن دەزگای قەزایییەوە دەرکراون و توندوتیژیی نیزامیی بەردەوام بووە.
بەڵام بێگومان هەوڵ و تەقەلای ڕژیمی دۆڕاو و داماوی کۆماری ئیسلامی لە پەنا بردنی بۆ سەرکوت لەڕێگەی ئەم تاکتیکانەوە ناتوانێ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، کە ئەم ڕژیمە ژیان و گوزەرانیانی خستووەتە مەترسییەوە، چاوترسێن بکات و لە بەدواداچوونی خواست و داواکارییە ڕەواکانیان پاشگەزیان بکات. ئەزموونی ڕووخانی بەشار ئەسەد و حکوومەتە دیکتاتۆرەکانی دیکە نیشانی داوە کە سەرکوت بە هەر ڕادەیەک وەحشیانە و جەنایەتکارانەش بێت ناتوانێ عەزم و ئیرادەی جەماوەر بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی لاواز بکات.