
لەژێر سێبەری هەڕەشەکانی جەنگ و بەردەوامیی گرژییەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی جۆزەردان، یەکەمین خولی دانوستانە ٦٠ ڕۆژەییەکانی نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتننامەکە، لە وڵاتی سویسرا بەڕێوە چوو. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندی کۆماری ئیسلامی لە هەنگاوێکی شەرمنانە و بە مەبەستی چەواشەکاری و بەکارهێنانی ناوخۆیی، خۆی لە دانیشتن لە تەنیشت شاندی ئەمریکایی لەبەردەم کامێرای ڕۆژنامەنووسان پاراست. بەڵام دوای ماوەیەک، گەڕایەوە بۆ کۆبوونەوەکە و دانیشتنەکە لەگەڵ شاندی ئەمریکایی بۆ ماوەی ٨٠ خولەک درێژەی کێشا و دواتر بە مەبەستی “ڕاوێژی ناوخۆیی” ڕاگیرا. میدیاکانی ڕژێم بۆ پاساوهێنانەوەی ڕاگرتنی گفتوگۆکان، ڕایانگەیاند کە ئەم دانیشتنە تەنیا بۆ خستنەڕووی خاڵەکانی پێشێلکردنی لێکتێگەیشتننامەکە و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆیان بەڕێوە چووە. ئەم ژەستە نەشارەزایانەی دیپلۆماسیی کاربەدەستانی ڕژێمی ئیسلامی لە کاتێکدایە کە لە دەقی لێکتێگەیشتننامەکەدا جەختی لێ کراوەتەوە، گفتوگۆکان لەسەر ١٤ بڕگەکە لە سبەینێی واژۆکردنییەوە بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
سەرباری گرژییە هەنووکەییەکان، قەتەر و پاکستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، خولی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان شاندەکانی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئەمریکا لە کەشێکی «ئەرێنی و بونیادنەر»دا بەڕێوە چووە و هەردوولا لەسەر نەخشەڕێگایەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن. بەپێی ئەم بەیاننامەیە، دانوستانە تەکنیکییەکان تا کۆتایی هەفتە لە بۆرگن-ئەشتۆکی سویسرا بەردەوام دەبن. هەروەها میکانیزمێک بۆ بەدواداچوونی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە لوبنان و هێڵێکی پەیوەندی بۆ مسۆگەرکردنی تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزەوە دروست دەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ کە ڕۆژانە هەڵوێستەکانی دەگۆڕێت، بەدوای هەڕەشەکانی سوپای پاسداران سەبارەت بە داخستنی دووبارەی گەرووی هورمز، ڕۆژی یەکشەممە هاوکات لەگەڵ دانوستانەکان هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامی کرد کە: “ئەگەر ئەمریکا نەگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، خۆی کۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەگرێتە دەست و ئێرانیش دەداتە بەر پەلاماری قورسی سەربازی”. ترەمپ هەروەها بە زمانێکی سووکایەتیپێکارانەوە هەڕەشەی لە شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی کرد و وتی: “ئەگەر دایبخەن، ئیتر وڵاتێکتان نامێنێت”. سوپای پاسداران کە لە ئێستادا دەسەڵاتی ڕەهای حکوومەتی ئیسلامیی لە چنگدایە، ڕۆژی شەممە ٣٠ی جۆزەردان ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لە لوبنان و پابەندنەبوونی ئەمریکا بە بڕگەی یەکەمی ڕێککەوتنی کاتییەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، گەرووی هورمزی داخستووە و هیچ کەشتییەک مافی ئەوەی نییە بەبێ مۆڵەت بەوێدا تێپەڕ بێت.
هەڕەشە و هەراوهوریای ترەمپ و سوپای پاسداران لە بەرامبەر یەکتردا لە کاتێکدایە کە نە ترەمپ توانیویەتی لە میانی دوو هێرشی سەربازیدا بۆ سەر ئێران بگاتە ئامانجەکانی خۆی، وە نە سوپای پاسدارانیش توانیویەتی ڕێگری بکات لە گورز و زیانە قورس و کوشندەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخان و ناوەندە ئەتۆمی و سەربازییەکان و کوشتنی ڕێبەر، گەورەبەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی و فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و ئەرتەش. فەرماندەکانی سوپا تەنیا بە پشتبەستن بەوەی کە گوایە حکوومەتی ئیسلامی بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نەڕووخاوە، خۆیان بە “براوەی جەنگ” لە قەڵەم دەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا کۆماری ئیسلامی بەهۆی قەیرانە کەڵەکەبووەکانەوە کە بوونەتە هۆی هەڵکشانی سامناکی هەڵاوسان و گرانی و هەژاری و برسیەتی لە نێو کۆمەڵگادا، کەوتووەتە بەردەم مەترسیی تەقینەوەیەکی مەزنی کۆمەڵایەتی و ناچار بە سازش و ملدان بە مێزی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و قبووڵکردنی مەرجەکانی بووە. لەم ڕوانگەیەوە، بەرپرسان و باڵەکانی نێو ڕژێم هەرکامیان گێڕانەوەی دڵخوازی خۆیان بۆ بڕگە باسهەڵگرەکانی لێکتێگەیشتننامەکە هەیە و لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان تێکھەڵچوون، پەلاماری یەکتر دەدەن، یەکتر سەرزەنشت دەکەن و تەنانەت هەڕەشەش لە یەکتر دەکەن.
باڵی توندڕەوی ئوسولگەراکانی ڕژێم و بەرەی پایەداری لە دژایەتیکردنی لێکتێگەیشتننامەکەدا، بە پێداگری لەسەر سیاسەتە کۆنەپەرستانە و ناوچەییەکانی تا ئێستای کۆماری ئیسلامی لە پشتیوانیکردنی حزبوڵڵای لوبنان، هەر لە سەرەتاوە لەو هەوڵەدا بوون کە شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵڵاش بخەنە نێو چوارچێوەی ئاگربەستی نێوان خۆیان و ئەمریکاوە. بەڵام دەوڵەتی ئیسرائیل ئەوەی قبووڵ نەکردووە و بە مەبەستی کۆسپخستنە بەردەم ڕەوتی پێشوەچوونی لێکتێگەیشتننامەکە، هەر لە یەکەم ڕۆژی ڕاگەیاندنییەوە پانتایی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر حزبوڵڵا فراوانتر کردووە و ڕایگەیاندووە کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنان پاشەکشە ناکات. ڕاگەیاندنی هەڵوێستێکی ناڕوونی نیسبەتدراو بە موجتەبا خامنەیی لە پەیوەندی لەگەڵ دانوستانەکاندا، بووەتە هۆی پەرەسەندنی ناکۆکیی نێوان باندەکانی دەسەڵات و هەوڵی زیاتری ئوسولگەرا توندڕەوەکان و بەرەی پایەداری بۆ کۆسپ نانەوە لەبەردەم ڕەوتی گفتوگۆکان.
مەسعود پزیشکیان، سەرکۆماری ڕژێم، بە دانپیادانان بە ئیفلاسی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی، سازش لەگەڵ ئەمریکا و دەستڕاگەیشتن بە دراو بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە بە زەروورەتێکی ژیانی دەزانێت و سیاسەتی باڵی بەرامبەر بە هەڕەشەیەک بۆ سەر مانەوەی حکوومەتی ئیسلامی لە قەڵەم دەدات. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی جۆزەردان لە وەڵامی ئەواندا درکاندی کە بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتننامەکە، لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایش بە ئامادەبوونی فەرماندەکانی سوپا و ئەرتەش، هەموومان پێکەوە بڕیارمان دا و هەمووان قبووڵیان کرد پێ بخەینە ئەم ڕێگەیەوە. پزیشکیان بە ئاشکرا نیگەرانیی خۆی لە هەڵگیرسانی ڕاپەڕینێکی جەماوەری دژی حکوومەتی ئیسلامی دەربڕی و وتی: “ئەوەی لێی دەترسم ئەوەیە کە خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی دەرببڕن”.
بێگومان لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا، دەسەڵاتی کرداریی بڕیاردانە گەورە سیاسی و ئابوورییەکان نەک لە دەستی سەرکۆمار، بەڵکوو لە قۆرخی سەرکردایەتیی سوپای پاسداراندایە و ئەوان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەم بوارانەدا بڕیار دەدەن. سەرباری ئەوەش، لە هەلومەرجی ئێستادا تەنانەت ئەگەر لە ڕێگەی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ڕژێم و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی سەر فرۆشتنی نەوتەوە پارەیەکیش بگاتە خەزێنەی حکوومەتی ئیسلامی، لە پلەی یەکەمدا خەرجی نۆژەنکردنەوە و پڕچەککردنی سوپای پاسداران و هێزە سەربازی و ئەمنییەکان دەکرێت، نەک بژێوی و ژیانی خەڵک. هەروەک چۆن بە دانپیادانانی خودی پزیشکیان تا ئێستاش هەر وا کراوە. ئەو وتی لە سەردەمی شەڕدا، ئێمە پشکی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی دەوڵەت و ئەو دراوە قورسەش کە لەبەردەستماندا بوو، دامان بە هێزی هەوافەزای سوپا و هێزە چەکدارەکان.
ئەم بەخشینە زۆرەملێیەی پزیشکیان لەسەر حسابی بژێوی کرێکاران و توێژە چەوساوە و زەحمەتکێشەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە کاتێکدایە کە بەپێی ئاماری ناوەندە داراییەکانی خودی ڕژێم، ڕێژەی هەڵاوسانی گشتیی خاڵ بە خاڵ لە ئێراندا لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا نزیکەی ٨٤ لەسەد بووە. بێگومان شارەزایانی ئابووری ڕێژە ڕاستەقینەکەیان زۆر لەوە زیاتر خەمڵاندووە. هیممەتی، سەرۆکی گشتیی بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامیش جەختی لەوە کردەوە کە کەڵەکەبوونی کێشەکانی وەک شەڕ و گەمارۆکان، ئابووریی وڵاتی لەگەڵ ئاستەنگی جدی بەرەوڕوو کردووەتەوە و بژێوی و ژیانی خەڵک زیانی گەورەی بەرکەوتووە. لەبەر ئەوەی ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی دەوڵەتەکەی ڕایانگەیاندووە کە هیچ پارەیەک بێمەرج بۆ کۆماری ئیسلامی ئازاد ناکرێت، هیچ ئاسۆیەک بۆ باشتربوونی دۆخی بژێویی خەڵک بەدی ناکرێت و چەقبەستوویی و قەیرانی ئابووری زیاتر و قووڵتر دەبێتەوە.
بەم پێیە، مۆتەکەی پزیشکیان و سەرانی دیکەی ڕژێم، تەنیا بە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و گەشەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی کارەساتباری بژێوی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەبێتە ڕاستی، وە بێگومان پەرەپێدانی سەرکوت و لەسێدارەدان و گوشاری دەزگا ئەمنییەکان هەرگیز ناتوانن ببنە لەمپەر لەبەردەم ئەم ڕەوتە مێژووییەدا.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە