ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی مانگی سەرماوەز وتووێژەکانی بەرجام پاش وەستانێکی ٦ ڕۆژە و لە کەشوهەوایەکی پڕ لە بێ متمانەیی و بێ هیواییدا لە نێوان دەوڵەتانی پێنج کۆ یەک و کۆماری ئیسلامی لە ڤییەن دەستیپێکردەوە. یەک ڕۆژ بەرلە ڕاگیرانی ئەم قۆناغەی وتووێژ کە لە ڕۆژی ٨ی سەرماوەز و پاش دواکەوتنی ٦ مانگە بەهۆی هاتنە سەرکاری دەوڵەتی ڕەئیسی دەستیپێکردبۆوە، شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی وەک تاکتیکێکی بەناو دیپلۆماتیک دوو بەڵگەیان دایە لایەنی بەرامبەر. هەواڵنێریی تەسنیمی سەربە سپای پاسداران لەسەر زاری عەلی باقری بەرپرسی شاندی دانوستانکاری ڕژیم ڕایگەیاند کە: “بەڵگەی یەکەم سەبارەت بە لابردنی هەموو گەمارۆکان و بەڵگەی دووهەمیش دەربارەی چالاکییە ناوەکییەکانی کۆماری ئیسلامییە. لایەنی بەرامبەر پێویستە هەڵیانسەنگێنێت و ئامادە بێت تا لەم بوارەدا وتووێژی جیددی ئەنجام بدات”. بەدەر لەم مانۆڕە نەزانانەیە ڕوو بە ناوخۆ، وەها هەوڵ و وتارێک دەرخەری پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی لە مەرجی پێشوویان واتە “هەڵوەشاندنەوەی هەموو تەحریمەکان بەرلە بەرجام”ە. بەڵام بێگومان ئەوە سەرەتای ڕێگایە و بەلەبەرچاوگرتنی هاوسەنگیی هێز و پێگەی لاوازی کۆماری ئیسلامی لەم وتووێژانە و پێویستیی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، ڕژیم دەبێ خۆی بۆ تەسلیم و پاشەکشەی بەرین لە پڕۆژەی ناوەکی و مووشەکی وسیاسەتی دەخاڵەت لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە ئامادە بکات.
وڵامی دەوڵەتانی ئەورووپایی بەرجام و ئەمریکا بەم دوو بەڵگەیەی کۆماری ئیسلامی لەو جێگەوە کە هیچ بنەمایەکی لۆژیکی و واقعییان نییە، توند و هەڕەشەئامێز بووە. هەواڵنێریی فارس پرێس لەسەر زاری نوێنەرانی ئینگلیس، فەڕانسە و ئاڵمان لەم وتووێژەدا ڕایگەیاندووە کە ئەوان بەخاتری دەقی پێشنیاری شاندی دانوستانکاری ڕژیم سەرسووڕماو و ناهومێدن. وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی مانگی سەرماوەز لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە پێشکەوتنی ئەم قۆناغە لە دانوستانەکان بێهیوایی دەربڕی. هەواڵنێریی ڕوویترێرزیش لەسەر زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان ڕایگەیاند کە پاش تاوتوێکردنی پێشنیارەکانی کۆماری ئیسلامی بەوە گەیشتووین کە ڕژیم هەموو ڕێکەوتنەکانی پێشوو کە حاسڵی چەنیدن مانگ وتووێژ لەگەڵ تیمی زەریف بوو پێشێلیان کردووە و ئەم پێشنیارانە هیچ بەستێنێک بۆ کۆتایی سەرکەوتووانەی دانوستانەکان دابین ناکەن. لیز تراس وەزیری دەرەوەی بریتانیاش ڕۆژی چوارشەممە هۆشداری بە بەرپرسانی ڕژیمی ئیسلامی دا کە بە بەڵێنەکانی خۆیان لەناو ڕێکەوتنی بەرجام پێبەند بن. ناوبراو وتی: “ئەمە دوا دەرفەتە و من بە تەئکیدەوە داوا لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەکەم کە ئەم کارە ئەنجام نەدەن چونکە ئێمە سوورین لەسەر ئەوەیکە بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانانمان لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی ڕێگری بکەین”.
بەڵام وڵامی ئەمریکا بە دوو بەڵگەکەی کۆماری ئیسلامی توندتر لە لایەنەکانی تر بوو. ئەنتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پاش ڕاوەستان و بێ ئاکام مانەوەی قۆناغی حەوتەمی وتووێژەکان وتی: ” وێ ناچێت ئێران گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ئەتۆمیی بەجیددی وەرگرتبێت”. وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە وڵام بەم هەڵسووکەوتە نەفامانەیەی کۆماری ئیسلامی، دوو ڕۆژ بەرلە دەسپێکردنەوەی دانووستانەکانی ڤییەن، گەمارۆی نوێی دژبە ١٢ ناوەند و بەرپرسی دیکەی کۆماری ئیسلامیی سەربە سپای پاسداران داسەپاند. لەوانە یەگانی ویژەی “ناجا”، هێزە تایبەتەکانی پاسدارانی وەلایەت، فەرماندەی سازمانی بەسیج، سەرۆکانی زیندانەکانی ئیسفەهانن و قرچەک و لەیلا واسق واتە ئەو خاهەرە زەینەبەی کە بە شانازییەوە وتی کە “فەرمانی تەقەکردنم بەرەو خەڵکی ناڕازیی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ دەرکردووە” و فەرماندەی قەرارگای قۆدسی سپا لەناو ئەم لیستە تازەیە دان. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واڵستریت ژورناڵ تەنانەت ڕووسیا و چینیش کە لەبەر کێبەکێیان لەگەڵ ئەمریکا تا ڕادەیەک لایەنگرییان لە کۆماری ئیسلامی کردووە، پێشنیاری ڕژیمیان قەبووڵ نەکردووە و بەپێچەوانەی ڕێکەوتنەکانی شەش قۆناغی وتووێژەکانی پێشوو لەگەڵ حەسەنی ڕووحانی هەڵیانسەنگاندووە.
کەوابوو هەڵوێستگیریی دەوڵەتانی پێنج کۆ یەک بە کۆماری ئیسلامیی نیشان دا کە ناتوانێ لە وتووێژ لەگەڵ ئەوان پێ لە بەڕەی خۆی زیاتر ڕاکێشێت و دەبێ خۆی بۆ تەسلیم و پاشەکشەی زیاتر ئامادە بکات. سەفەری بەپەلەی باقری کەنی بۆ مسکۆ بەمەبەستی ڕاوێژ و وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیە و پەیوەندی لەگەڵ نوێنەرانی چین لەم دانوستانانەدا بە ئامانجی پاساوکردنی ناوەرۆکی ئەم دوو بەڵگەیە و ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ پێکهێنانی “فەزای سازەندە لە دانوستانەکان” ئەنجام درا. ناوبراو دانی بەوە دانا کە ئەم بەڵگانە تەنیا پێشنیار و داهێنان بوون تا ئەگەر لە هەر دووک لاوە قەبووڵ کران، ببنە بنەمایەک بۆ درێژەی وتووێژەکان، نە شتێکی تر. لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕژیم ڕایگەیاند: “ئەمریکا تەنانەت لە جەرگەی وتووێژەکانیشدا لە داسەپاندنی گەرۆکان دژبە کۆماری ئیسلامی دەست هەڵناگرێ. ئەوەیکە ئێمە بە شێوەی نووسراوە پێشکەشمان کردووە بۆ ڕێکەوتنی جیددی و باشە، ئەگینا کۆماری ئیسلامی بەشوێن مەسیری وتووێژ و دیپلۆماسییەوە لە چواچێوەی لۆژیک و ڕێکەوتندا لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و تا هەر کاتێکیش پێویست بێت بۆ وتووێژ لە ڤییەن دەمێنینەوە”. لەڕاستیدا کێشەی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژە ناوەکییەکاندا ئەوەیە کە چۆن سازانێکی سەرشۆڕانە، قارەمانانە نیشان بدات.
سەرەڕای درۆودەلەسەی بێشەرمانەی ڕەئیسی واتە “باروودۆخی ئابووری، دراوی و فرۆشی نەوت باشە و نان وسفرەی خەڵک بە وتووێژەکانی بەرجامەوە گرێ نادەن”، کۆماری ئیسلامی ئەوەندە داماوە کە ڕێگاچارەی هەموو کێشەکانی بە هەڵوەشناندنەوەی گەمارۆکانەوە گرێ داوە. دابەزینی زیاتری ئەرزشی پووڵی ئێران، توانای کڕینی کرێکاران و زۆربەی جەماوەری خەڵکی یەکجار لاواز کردووە و ژیان و بژێویانی خستووەتە مەترسیی جیددییەوە. کۆماری ئیسلامی هەموو ڕۆژێ لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری بۆ دابینکردنی کار، ئاو، بەرق، خزمەتگوزاریی پزیشکی، فێرکاری و کۆمەڵایەتی لە شارەکان بەرەوڕوو دەبێتەوە و وڵامێکی بێجگەلە سەرکوت و گولـلە و زیندان نییە. لە عالەمی ڕاستیدا ئەوەی کە گەرووی کۆماری ئیسلامی لەسەر مێزی دانوستانە ناوەکییەکان دەگوشێت، مەترسیی داڕمانی ئابووریی و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە ئێرانە. بەڵام لەو جێگەوە کە هۆکاری سەرەکیی داڕمانی ئابووریی ڕژیم قەیرانی پێکهاتەییی سەرمایەداری و دزی و گەندەڵیی ناوخۆیی دەسەڵات و بەکردەوەدەرهێنانی سیاسەتی پڕهەزینەی زێدەخوازانەی ڕژیمە، تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی جەنایەتکارانەی ئەمریکاش کە بەر لە هەمووان ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، ناتوانێ کۆماری ئیسلامی لە داڕمانی حەتمی دەرباز بکات. لە وەها باروودۆخێکدا نان و ئازادی و خۆشبژێویی خەڵکی ئێران نە بە وتووێژ و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان بەڵکوو بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە گرێ دراوە.