
ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانبار، عەلی خامنەیی بە بیانووی “عەیدی مەبعەس”، لە دووهەمین هەڵوێستگرتنی خۆیدا سەبارەت بە شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتیی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دەست هەژاری و برسیەتی و دژی ڕژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵێک قسەی سەرتاپا هەڵبەستراو و درۆی کرد. ناوبراو بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان سەبارەت بە کۆمەڵکوژی و کوشتاری خۆپیشاندەران، وێڕای ئەوەی جەماوەری ناڕازیی بە “ئاژاوەگێڕ” ناو برد، ئیدیعای ئەوەی کرد کە گوایە ئەوان هەزاران کەسیان لە شەقامەکاندا کوشتووە. خامنەیی بە دەربڕینی ئەم هەڵیت و پەڵیتانە، لە ڕاستیدا جارێکی دیکە ترس و نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان بە چنگ و ددان نیشاندان بە خەڵکی ئێران دەرخست.
خامنەیی وێڕای ئەوەیکە ملیۆنان کەس لە خەڵکی ناڕازی لە سەرتاسەری ئێران بە “ژمارەیەکی کەم لە ئاژاوەگێڕان” ناو برد، بە دابەشکارییەکی دەستکرد و هەڵبەستراو، جەماوەری ناڕازیی کرد بە سێ دەستەوە و وتی: “دەستەی یەکەم کەسانێک بوون کە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لەلایەن بەکرێگیراوانی دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکانەوە مەشقیان پێ کرابوو و پارەی باشیشیان وەرگرتبوو، ئەمانە ڕێبەریی ئاژاوەکانیان دەکرد. دەستەی دووهەم پەیوەندییان بە ئیسرائیل و دەزگا سیخوڕییەکانەوە نەبوو.” ناوبراو دەستەی سێهەمیشی بە مێردمنداڵانی خاو و هەڵخەڵەتێنراو وەسف کرد کە گوایە لەژێر کاریگەریی هەست و سۆزدا چەند هەزار کەسیان کوشتووە. بەم چەشنە خامنەیی لە هەمان کاتدا کە دانی بە کوشتنی هەزاران کەس لە ناڕازییان دانا، لاوان و جەماوەری ناڕازی و بەشمەینەتی کۆمەڵگای کە لە دژی هەژاری و برسیەتی و بۆ بەدەستهێنانی ئازادی ڕژابوونە سەر شەقامەکان، بە تاوانی کوشتن تۆمەتبار کرد و وتی: “ئێمە تاوانبارانی ناوخۆیی ئازاد ناکەین و دەستبەرداری تاوانبارانی نێودەوڵەتیش نابین”. ئەم قسانەی خامنەیی بە واتای هاندانی هێزە ئەمنییەکان و گاردی دژە-شۆڕشە بۆ توندترکردنەوەی سەرکوت و کوشتار.
خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ئەم دواییەی بە “فیتنەی ئەمریکا و زایۆنیزم” ناو برد و ڕایگەیاند کە بە بڕوای ئەو ترامپ و نەتانیاهوو “بەهۆی دەستهەبوون لە کوشتار و زەرەر و زیانەکان و ئەو تۆمەتەی لە نەتەوەی ئێرانیان داوە، تاوانبارن”. ئەو بە هەڕەشە و گوڕەشەی بێبنەما، ئیدیعای ئەوەی کرد کە پشتی فیتنەکەی شکاندووە و دەبێ پشتی فیتنەگێڕانیش بشکێندرێت. عەلی خامنەیی بەوپەڕی بێشەرمییەوە لەبەردەم خەڵکی ئێران و جیهاندا درۆیەکی ئاوا ئاشکرا دەکات. خەڵکی ئێران بە چاوی خۆیان هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی و چەکدارانی “حەشدی شەعبی” و بەکرێگیراوانی دیکەی ڕژیمیان بینی کە ڕژانە سەر شەقامەکان و بە ڕێژنەی گولـلەی دۆشکە و قەناسە و چەکەکانی تر، هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی و بێدفاعیان بە شێوەیەکی وەحشیانە خەڵتانی خوێن کرد. بەشداریی پێنج هەزار کەس لە هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق، کە سەر بە کۆماری ئیسلامین، لەم جینایەتە دژەمرۆییەدا، لەلایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی عێراقەوە پشتڕاست کراوەتەوە. ژمارەی گیانبەختکردووانی ئەم تاوانە بە هەزاران کەس مەزەندە دەکرێت. هەندێک سەرچاوەی هەواڵ لە ناوخۆدا ژمارەی کوژراوانیان بە زیاتر لە ٨ هەزار کەس و ژمارەی بریندارانیان بە سەرووی ٢ هەزار کەس ڕاگەیاندووە و زیاتر لە ٢٤ هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون. ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە ئەوەندە ئاشکرا بوو کە حکوومەتی ئیسلامی بە بڕینی ئینتەرنێت و تەنانەت پچڕاندنی پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئێرانیش لەگەڵ جیهانی دەرەوە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ، نەیتوانی ڕەهەندە سامناکەکانی بشارێتەوە.
خامنەیی لە هەلومەرجێکدا ژێستی دژایەتیی ترامپی گرت و ئەوی بە تاوانبار ناو برد، کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەم ماوەیەدا بە پەنابردن بۆ دەوڵەتانی عەرەبستانی سعودیە، قەتەر، عومان، ئوردن و میسر لە هەوڵدا بوون ئەمریکا لە هێرشی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی پاشگەز بکەنەوە و ئامادەی تەسلیمبوون و سازش لەگەڵ ترامپ بوون. ترامپیش بە بیانووی هەواڵێکی ساختە سەبارەت بە بەڵێنی ڕاگرتنی ئیعدام، سوپاسی خامنەیی کرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە دادستانی قاتڵی تاران دانی بەوەدا نا کە ئیدیعای هەڵوەشاندنەوەی ئیعدامی ناڕازییان درۆیە و بەرەوڕووبوونەوەی دەزگای قەزایی لەگەڵ دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان، “لێبڕاوانە، خێرا و پشیمانکەرەوە” دەبێت. ئەمەش بە واتای دەستپێکردنی شەپۆلێکی دیکەی لەسێدارەدانە بە مەبەستی خوڵقاندنی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن. سەرباری هەموو ئەمانە، مەترسیی هێرشی ئەمریکا هێشتا هەڕەشە لە خەڵکی ئێران دەکات. جەنگێک کە لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی ئێستای ئێراندا، بۆ سەران و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەبێتە “نیعمەت”، بەڵام بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران ژەهرێکی کوشندە دەبێت.
بەڵام خامنەیی لە کاتێکدا بێشەرمانە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری وەزاڵەهاتوو لەو ژیانە فەلاکەتبارەی کە دەسەڵاتەکەی بۆ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی خوڵقاندووە، دەداتە پاڵ “دوژمنی دەرەکی”، کە قەیرانی بەرینی ئابووریی حکوومەتەکەی چارەهەڵنەگرە؛ دراوی کۆماری ئیسلامی ئەوەندە بێبایەخ بووە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توانای کڕین دادەبەزێت؛ هەڵاوسانی خۆراک لە ئێران گەیشتووەتە ٧٠ و ٨٠ لەسەد و بگرە زیاتریش. بێگومان لە دۆخێکی وەهادا و لە کاتێکدا کە ساڵانێکە کرێی کرێکاران سێ و چوار هێندە لەژێر هێڵی هەژاریدا ڕاگیراوە، کرێکاران و جەماوەری هەژار و بەشمەینەت ناتوانن بێدەنگ ببن و تا ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی درێژە بە مانگرتن و خەباتی خۆیان دەدەن.
تەمەنی ڕژیمی ئیفلاسهێناوی کۆماری ئیسلامی بەرەو کۆتاییە و بە سەرکوت و کوشتاری خەڵک و زیندان و ئەشکەنجە ناتوانێت لە پەلاماری بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، خۆی دەرباز بکات. ئەزموونی شەپۆلی ئەم دواییەی ڕاپەڕینی سەرتاسەری و جنایەتە ڕێکخراو و سامناکەکانی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە دەریخست کە پڕوپاگەندەی شەڕخوازانەی ترامپ و نەتانیاهوو و هەراوهوریای تەبلیغاتیی ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەتخوازان و هەندێ لە لایەنە ئابڕووچووەکانی ئۆپۆزیسیۆن و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان کە لە “ناوەندی دیالۆگ”دا کۆبونەتەوە، وە داواکارییان لە ترامپ (کە خۆی لایەنێکی سەرەکیی جینایەتی کۆمەڵکوژی بوو لە غەززە) بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئێران، نەک تەنیا هیچ یارمەتییەکی بە پەرەسەندنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری خەڵک نەکرد، بەڵکوو بوو بە بیانوویەک بەدەست سەران و فەرماندەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تا بە ڕاگەیاندنی دۆخی جەنگی و پچڕاندنی هەموو هێڵەکانی پەیوەندی، ئەم کوشتارە سامناکە بەرنامەڕێژی بکەن. لەم کاتەدا گەرچی کۆماری ئیسلامی لە نێو زەلکاوی ئیفلاس و داماویدا بانگەوازی سەرکەوتن دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا دژایەتیی خۆی لەگەڵ خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران گەیاندۆتە ئاستێکی بێگەڕانەوە و لە ئاستی جیهانیشدا وەک تاوانبارێکی دژەمرۆیی مۆری لێدراوە. کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە بنبەستێکی تەواو و ئەم تاوانە دژە مرۆییەش ناتوانێت لە ڕووخان ڕزگاری بکات.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە