فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دانپێدانانی سەرانی ڕژیم بە مەرگی ساڵانە ٢٦ هەزار کەس بەهۆی تێکدانی ژینگە
چوارشەممە ۰۹-۰۳-۱۴۰۳   |  29-05-2024

عەلی سەلاجقە جێگری ڕەئیسیی قاتڵ و سەرۆکی ڕێکخراوی بەناو “پاراستنی ژینگە”ی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی شەممە پێنجی مانگی جۆزەردان، لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا دوای درۆودەلەسەیەکی زۆر سەبارەت بە شارەزایی و زانستی ڕەئیسی لە بواری ژینگە، دانی بەوە دانا کە ٤١١ پڕۆژەی گەورەی پاراستنی ژینگە هێستا جێبەجێ نەکراون. لە هەمان حاڵدا هەواڵنێریی هرانا “ئۆرگانی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران” هەفتەی ڕابردوو لەسەر زاری ناوبراو ڕایگەیاند کە: ”ڕێژەی زەڕاتی موعەلەقی جەو، شەش بەرابەر زیاتر لە ستانداردی جیهانییە و بەهۆی پیسبوونی هەوا ساڵانە ٢٦ هەزار کەس لە ئێران گیانیان لەدەست دەدەن”. سەلاجقە وتبووی: ”بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکان بۆ هەوای پاک، ئەم ڕێژەیە لە زەڕات تەنانەت دوو و نیو بەرابەر زیاتر لە ستانداردی خودی ئێرانە. ئەو بڕی زیانەکانی لەم بوارەدا ساڵانە ١١ ملیارد و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار ڕاگەیاند.

سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی ڕووداوەکانی کەشوهەوا و ژینگە، بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیسنا “ئاژانسی هەواڵی خوێندکار”ی ڕژیم دانی بەوەدا نا کە بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی فریاکەوتن، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ٥ی جۆزەردان، واتە (لە ماوەی چوار مانگدا)، ١٥٩٥ کەس بەهۆی ڕووداوە سرووشتییەکان لەوانە لافاو، تۆز و خۆڵ، داڕمانی کێو و ڕووداوەکانی دیکە زیانیان بەرکەوتووە. ئەو تەئکیدی کرد کە ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ تەڵەفات و خەساراتی هەر ئەم ماوەیە لە ساڵی ڕابردوو، دوو و نیو بەرابەر زیادی کردووە و ئاماری کەسانێک کە بەهۆی ڕووداوە سرووشتییەکانەوە لەم ماوەیەدا بریندار بوون چوونەسەری ١٠٠ لەسەدی نیشان دەدات. بەپێی ئەو ئامارانەی لە بواری پیسبوونی ژینگەدا خراوەتەڕوو، هەفتەی ڕابردوو پێوەرەکانی کوالیتی هەوا لە ١٥ شاری سەنعەتیی ئێران ناسالم و تەنانەت مەترسیدار ڕاگەیەندرا. ئەم پێوەرە سەلمێنەری ئەوەیە ماددەکانی پیسکەری هەوا لەوانە “مۆنۆئۆکسیدی کەربۆن و دی ئۆکسیدی کەربۆن، گوگرد و پێکهاتە نیترۆژێنییەکان” کە زیاتر لە ناوەندە سەنعەتییەکان بەرهەم دێن بە بێ هیچ فیلتێرێک تێکەڵی هەوا دەکرێن. قەیرانی ژینگەیی و کێشەی پاشماوە و پیسکەرەکانی ژینگە لە ئێران لەئێستادا بووەتە مەترسییەکی جیددی بۆ تەندروستی و سڵامەتی ئینسانەکان. کۆماری ئیسلامی بەرپرسی ڕاستەوخۆی وێرانکردنی ژینگە و ئاکام و زیانەکانیەتی.

هەڵبەت بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە ناوەندە ئامارییەکانی حکوومەتی ئیسلامی، لە هەموو بوارێکدا بە فەرمانی دەزگا ئەمنییەکان ئاماری درۆینە و ناڕاست لەپێناوی بەرژوەندی ڕژیم بڵاودەکەنەوە، بەشێک لە زیان و خەسارەکانی ژینگە لەژێر ناو و پاساوی جۆراوجۆردا بەحیساب ناهێنن. بۆ نموونە کەسانێک کە بەهۆی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و دڵەوە گیانیان زیاتر دەکەوێتە مەترسییەوە و بەهۆی پیسبوونی هەواوە دەمرن، لە ئاماری قوربانییانی ناوەندی فریاکەوتندا تۆمار ناکرێن. لەڕاستیدا بەشێکی هەرەزۆری زیانەکانی پیسبوونی هەوا و ژینگە لەئێران، سەرچاوەکەی سیاسەتی دژەژینگەیی حکوومەتی ئیسلامییە. ئەو سیاسەتانەی کە بەپێی قازانجی سەرمایەدارانی حکوومەتی و کەرتی تایبەت دادەڕێژرێن. هەروەها بەشێکی زۆری ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان لەئانقەست و بە ئامانجی قازانجپەرستانەوە ئەنجام دەدرێت. ساڵانە هەزاران هێکتار زەوی کەشاوەرزی و لەوەڕگە نابوود دەکرێن تا وەکوو زەویی مەسکوونی بفروشرێن. لەمبارەوە بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانی زەنجان دانی بەوە دانا کە: ”لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ٦٧ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگەکانی ئەم پارێزگایە ڕووی داوە کە لەچاو ساڵی ڕابردوو ٦٣ لەسەد زیادی کردووە. بەشێکی زۆری پیسبوونی هەوا لە ئەنجامی نەبوونی سیستمی سەلامەتی ژینگەیە لە ناوەندە پیشەسازییەکان و کارگەکاندا. دزی، بەرتیل و ڕانتخۆریی بەرینی بەرپرسان و کارگێڕانی حکوومەتی ئیسلامی بووەتە هۆی نەبوونی کۆنتڕۆڵ و لێپرسینەوە و ئاواڵە هێشتنەوەی دەستی خاوەنکاران و خاوەنانی سەنعەت لە تەرخان نەکردنی بوودجەی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییە ئیمەنییەکانی شوێنی کار و ڕێگری لە پیسبوونی ژینگە. بەداخەوە لەم بوارەشدا یەکەمین قوربانییان، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشن کە ساڵ بە ساڵیش ژمارەیان زیاتر دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە هەڵسووکەوتی سەرکوتگەرانەی دەوڵەت و دەزگای قەزایی و دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیم بەرامبەر ژینگەپارێزان لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا نیشانەی سیاسەتی دژەئینسانیی حکوومەتی ئیسلامی بووە لە وێرانکردنی ژینگەدا. ڕژیمی ئیسلامی لە هەموو ئەم ساڵانەدا بۆ ئەم ئینسانە شەریف و فیداکارانە بەتاوانی پاراستنی ژینگە، بە بێ هیچ بەڵگەیەک و بە بیانووی بێبنەما، پەروەندەی ئەمنیەتی بۆ دروست کردوون و ئەحکامی قورسی زیندانی بۆ دەرکردوون. هەروەها ژمارەیەکیشیانی بە پیلانگێڕی لەناوبردووە. بۆ نموونە، کاووس سەید ئیمامی کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆ بوو کە دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئەویان لە ساڵی ١٣٩٦ لەناو زیندان لەژێر ئەشکەنجەی وەحشیانەدا کوشت. شەریف باجوەر ژینگەپارێزێکی دیکە و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی “ئەنجومەنی سەوزی چیا”ی مەریوان بوو کە ساڵەها بە تاوانی چالاکی بۆ پاراستنی ژینگە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا و ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازار درا. سەرەنجام لە ساڵی ٩٧ی هەتاویدا لەگەڵ ئومێد کۆهنەپووشی، ڕەحمەت حەکیمی و محەممەد پەژووهی لە جەریانی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان بەشێوەیەکی گوماناوی کوژران.

پیسبوونی ژینگە لە ئێران نەک هەر گیانی ئینسانەکان بەڵکوو گیانی ئاژەڵەکانیشی خستووەتە مەترسییەوە. تووشبوون بە زۆرێک لە نەخۆشییەکانی سیە و دڵ و کۆئەندامی هەرس، ئاکامی هەڵمژینی هەوای ناسالم بەتایبەت لە ناوچە هەژار و قەرەباڵغەکانە. بەهرەمەندبوون لە هەوا و ژینگەیەکی سالم یەکێک لە سەرەتاییترین مافە سروشتییەکانی مرۆڤە. ئەم مافە سروشتییە بەهۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە جەماوەری خەڵک زەوت کراوە. لەئێستادا قەیرانی ژینگەیی لە ئێران بووەتە قەیرانێکی دیکەی جیددی و مەترسیدار کە ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی خستووەتە مەترسییەوە. هەربۆیە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بووەتە پێویستییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە مێژووییە کەوتووەتە سەر شانی چینی کرێکار.