فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دانپێدانانی پزشکیان بە گەندەڵی و ئیفلاسی حکوومەتی ئیسلامی
هەینی ۰۳-۱۲-۱۴۰۳   |  21-02-2025

مەسعوود پزشکیان کە وەک سەرۆک کۆماری بێدەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی بە دەستی بەتاڵەوە سەفەر بۆ شارەکانی ئێران دەکات جگە لە وادە و بەڵێنی درۆینە لە بواری چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی خەڵک، هیچتی تری لەدەست نایە. ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی مانگی ڕەشەممە لە سەفەرەکەیدا بۆ شارەکانی دەوروبەری تاران لە وتارێکدا بۆ پاساوکردنی بێتوانایی حکوومەتی ئیسلامی لە وڵامدانەوە بە داخوازی و پێداویستییە ئابوورییەکانی خەڵک، بۆ جارێکی تر بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دانی بە ئیفلاس و داماویی کۆماری ئیسلامی دانا. پزشکیان کە قەیرانە قووڵ و جۆراوجۆرەکانی ڕژیم بە “ناتەرازی” ناو دەبات، وتی: “ئێمە لە هەموو بوارەکاندا ناتەرازیمان هەیە. لە بواری ئاو، بەرق، گاز، سووتەمەنی، دەرمان، خوێندنگا، زانکۆ. چاو لێکەن ئەو هەمووە خوێندکارەمان پەروەردە کردووە، بەڵام هەموویان بێکارن”.

پزشکیان بۆ خەتابار نەکردنی خۆی، ڕوو بەو کەسانەی لەژێرناوی شارەزا کۆیان کردبوونەوە، بە زمانێکی عامیانە وتی: “پێتان وایە من کێم؟ ٦ مانگ لەوەپێش لە مەجلیس قەدەمم لێدەدا و ئێستاش بوومە سەرۆک کۆمار. خۆ من سندووقی سیحراویم پێ نییە کێشەکانی پێ چارەسەر کەم. بەڵام هەوڵی خۆم دەدەم، وە دەبێ هەموومان هەوڵ بدەین کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکەین. ئەگەر ئیرادە بکەین دەتوانین”. پزشکیان لە بەشێکی تردا دانی بە بۆشایی چینایەتی نێوان بەرپرسان و خەڵک و گەندەڵیی ناو حکوومەت دانا و وتی: “لە کاتێکدا کە کەسێکی نەخۆش بۆ چارەسەرکردنی خۆی ماڵ و ژیانی دەفرۆشێت و دەیکاتە خەرجی دەرمان، زۆرێک لە بڕیاردەران و بەرپرسانی حکوومەت، خزمەتگوزاریی دەرمانییان لەگەڵ خەڵکی ئاسایی جیاوازە.

بەڵام پزشکیان له هەموو ئەم بوارانەدا خۆی لە گێلی و نەزانی دەدات. ئەو وەک سەرۆک کۆماری ڕژیم باش دەزانێ کە سەروەت و ئیمکاناتی بەرینی کۆمەڵگا کە لەلایەن کاربەدەستانی حکوومەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە چۆن دابەش دەکرێت. ئەو باش دەزانێ کە ئەولەوییەتی خامنەیی و فەرماندەکانی سپای پاسداران بۆ بوودجەبەندی، ژیان و گوزەرانی خەڵک نییە. باش دەزانێ کە ئەوان لەسەر سەری “دەوڵەتی تەداروکچی”یەوە فەرمان بە بەرپرسانی بەرنامە و بوودجە، بانکی مەرکەزی و وەزارەتی ئابووری دەدەن و چارەسەرکردنی بەقەولی پزشکیان ناتەرازییەکان، دابینکردنی ئاو و بەرق و گاز و پێداویستییەکانی خەڵک هیچ بەلایانەوە گرینگ نییە. پزشکیان خۆی باش دەزانێ کە تەنیا ٣٠% لە گشت بوودجەی حکوومەت بۆ کاروباری کۆمەڵگا دەدرێتە دەوڵەت کە بەشێکی زۆری دەکرێتە خەرجی هێزی سەرکوتگەری نیزامی و دامودەزگا جۆراوجۆرە ئەمنییەکان و ناوەندەکانی پەرەپێدانی جەهل و خورافەی حکوومەتی ئیسلامی.

بۆ نموونە بوودجەی سەدا و سیما کە لەژێر چاوەدێریی شەخسی خامنەییدایە، بۆ ساڵی ١٤٠٤ کراوەتە ٤٣ هەزار ملیارد تمەن. سازمانێکی درۆزن و بێ ئیعتبار کە بە قسەی خودی بەرپرسانی حکوومەت دوای ٤٥ ساڵ تەنیا ١٢%ی خەڵکی ئێران گوێ دەدەنە هەواڵەکانی. هەروەها ٣٠ هەزار ملیارد تمەنیش بە بوودجەی ناوەندەکانی تەبلیغاتی ئیسلامی بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی زیاد کراوە. هەموو ئەم سەروەتە بەرهەمی ڕەنج و کاری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگایە کە دەدرێتە ئاخوند و مەداحە مفتەخۆرەکان. لەڕاستیدا ئەم خەرجییانە بۆ ڕژیمیش هیچ قازانجێکی نەبووە. چونکە لە سەردەمی تێکنۆلۆژی و زانیاریدا خەڵکی ئێران هیچ بایەخێک بە تەبلیغاتی خورافیی ئیسلامی نادەن و حکوومەتی ئسیلامی ناتوانێ بەم هەوڵانەی لاوان و جیلی نوێی ئەم کۆمەڵگایە فریو بدات.

٧٠%ی باقیی پارە و ئیمکانانی کۆمەڵگا لە ئیختیاری خامنەیی و فەرماندەکانی سپای پاسداراندایە و هیچ کەسیش لێپرسینەوەیان لێناکات. بەشێکی زۆر لەو ٧٠%ە دەکرێتە خەرجی ستراتێژی مانەوەی حکوومەت لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران. تێچووی سیاسەتی ئەتۆمی و مووشەکی، کرێی هێزە ئەمنی و نیزامییەکان کە بەپێچەوانەی حەقدەست و مووچەی کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران و خانەنشینان، هەموو ساڵێ چەند بەرابەر دەبێت، لەو ٧٠%ەوە دەدرێت. هەروەها ئەو سندووقە دۆلارانەی کە دەدرێتە هێزە تیرۆریست و کۆنەپەرستەکانی “میحوەری موقاومەت” بەشێکە لە هەزینەی ستراتێژی مانەوەی حکوومەتی ئیسلامی. هەر لەماوەی ئەم هەفتەیەدا هەیئەتێک لە گرووپی “جەهادی ئیسلامی”ی فەلەستین بە سەرۆکایەتیی زیاد نەخالە بۆ وەرگرتنی پارە سەردانی خامنەییان کرد و دوای ئەو دیدارە بەخاتری وەرگرتنی دۆلارەکانیان لە پاسدار “ڕەمەزان شەریف” سەرۆکی ستادی ناوەندیی ئینتفازە و قۆدسی شۆرای هاوئاهەنگی ڕێکخراوی تەبلیغاتی ئیسلامی، دەستخۆشییان کرد و پێیان کوت کە پێویستییەکی یەکجار زۆریان بەم پارەیە بووە. لە نموونەیەکی دیکەدا نەعیم قاسم ڕێبەری حیزبوڵڵای لۆبنان و جێگری حەسەن نەسڕوڵڵا، چەند هەفتە لەمەوبەر سوپاسی خامنەیی کرد بۆ ئەو ٧٧ ملیۆن دۆلارەی کە وەریگرتبوو بۆ ئەوەی ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنان بتوانن ماڵەکانیان بنیات بنێنەوە. پێویستە بوترێ کە ئەم خەرجیانە دەبنە دەرفەتێکیش بۆ دزی و گەندەڵیی بەرپرسانی باڵای حکوومەت و سپای پاسداران.

درێژەی سیاسەتی شکستخواردوو و پڕهەزینەی ستراتێژی شەڕی پێشگرانەی حکوومەتی ئیسلامی کە بووەتە هۆی داسەپاندنی زۆرترین گەمارۆ و فشار، جیا لە پەرەپێدانی شەڕ و نائەمنی لە ناوچەکە، هۆکارێکی گرینگیشە لە زیاتر هەژارکردنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران. پێکهێنانی کەشوهەوای پڕ لە گرژی و ناسەقامگیریی ئابووری بەتایبەت لەگەڵ هاتنەوە سەر کاری دووبارەی ترامپ بووەتە هۆی ئەوەیکە قەیرانی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی زیاتر لە ڕابردوو پەرەبستێنێت. هەر لەم ماوە کورتەدا بەهای دۆلار کە پێوەری دیاریکردنی بەهای دراوەکانی دیکەیە، گەیشتە سەرووی ٩٤ هەزار تمەن. کارناسانی ئابووری، دۆلاری زیاتر لە ١٠٠ هەزار تمەن و تەوەرۆمی ٥٠ لەسەدیان هەتا کۆتایی ئەمساڵ پێشبینی کردووە. ئەوەش بە مانای کەمتربوونەوەی توانای کڕینی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشە. وەها بارودۆخێکی سەخت و دژوار لە کاتێکدایە کە شۆرای باڵای کاری ڕژیمی سەرمایەدارانی ئیسلامی، باس لە بردنەسەری تەنیا ٢٠ لەسەدی لانیکەمی حەقدەست بۆ ساڵی ١٤٠٤ دەکات. ڕێژەی تەوەرۆمی گشتی کە بەپێی یاسای کاری ڕژیم دەبێ یەکێک لە پێوەرەکانی دیاریکردنی حەقدەست بێت بەپێی ئامارەکانی خودی حکوومەت لەسەرووی ٤٠%دایە. هەزینەی سەبەدی مەعیشەتیش کە پێورێکی دیکەیە لە دیاریکردنی حەقدەستدا، گەیشتووەتە سەرووی ٤٧ ملیۆن تمەن. ئایا بەڕاستی لە وەها بارودۆخێکدا جەماوەرێ کرێکار و زەحمەتکێش دەتوانن بە حەقدەستێکی ١٠ تا ١٥ ملیۆنی ژیانیان دابین بکەن؟ بێگومان ئەوان سەرەڕای هەرجۆرە هەڕەشە و توندوتیژییەکی ناوەندە سەرکوتگەرەکان، ناتوانن لە بەرامبەر داسەپاندنی ئەم بارودۆخە بەسەر ژیانیاندا بێدەنگ بن. درێژە و پەرەپێدانی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری تەنیا بژاردەیانە بۆ تێکشکاندنی پایەکانی ئەم دەسەڵاتە دژەئینسانە.