
ڕۆژنامەی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی مانگی ڕەزبەر بەدوای شکستی حەماس و لە سەروبەندی واژۆکردنی بەڵگەی ئاگربەسی شەڕی دوو ساڵە لە غەززە بە بەشداریی ترامپ لە “شەرم ئەلشێخ”ی میسر، سەردێڕەکەی بە بابەتێک لەژێرناوی “ئایا ئەم تۆفانە براوەیەکی هەبوو؟” تەرخان کرد. ئەم ڕۆژنامەیە بۆ یەکەمجار بە پێچەوانەی زۆرێک لە لێکدانەوە و بۆچوونی بەرپرسانی ڕژیم لەوانە عەلی خامنەیی، نووسیویەتی کە “هێرشی تۆفانی ئەقسا” لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ هەڵە بووە. ئەم ڕۆژنامەیە لە درێژەدا بە باسکردنی شکست و خەساری ئەم شەڕە دوو ساڵەیە کە بە غافڵگیریی گرووپی تیرۆریستیی حەماس بۆسەر شاروچکەیەکی ئیسرائیلی لە ناوچەی سنووری کەرتی داگیرکراوی غەززە دەستیپێکرد، نووسیی: “ڕووخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و سوڵتەی ئەمریکا و ئیسرائیل بەسەر سووریە، کوژرانی حەسەن نەسڕوڵڵا و هەزاران کەس لە ڕێبەران و ئەندامانی حیزبوڵڵا و هاتنە سەر کاری حکوومەتی هاوئاراستە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە لوبنان، ئەو زەربانەی لە حوسییەکانی یەمەن دراوە و کوژرانی سەرانی حەماس، هەر هەموویان، ئاکامی زیانباری هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل و بەمانای بەفیڕۆدانی هەموو هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بوو”. ئەم ڕۆژنامەیە شەڕی ١٢ ڕۆژە و کوژرانی فەرماندە باڵا نیزامی – ئەمنیەتییەکان و زانایانی ئەتۆمیی ئێران لەلایەن ئیسرائیلیشی لە دەرئەنجامە زیانبارەکانی تۆفانی ئەقسا بۆ کۆماری ئیسلامی وەسف کرد.
لە جەریانی ٧ی ئۆکتۆبردا، هێزەکانی حەماس هەزار و ٢١٩ کەسیان کوشت کە زۆربەیان لاوانێک بوون کە بۆ بەشداری لە جەشنێک کۆببوونەوە. ٢٥١ کەسیشیان بەدیل گرت و ڕەوانەی کەرتی غەززەیان کردن. ئەمە دەسپێکێک بۆ شەڕی جنایەتکارانە و جینۆسایدی دوو ساڵەی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و فاشیستی ئیسرائیل بوو کە بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی زیاتر لە ٦٧ هەزار کەسی لە خەڵکی بێدیفاعی غەززە و هێزەکانی حەماس کوشت و پتر لە ١٦٠ هەزار کەسی بریندار و تەقریبا هەموو کەرتی غەززەی وێران کرد.
ڕۆژنامەی کۆماری ئیسلامی ئێستا پاش دوو ساڵ لە کاتێکدا “هێرشی تۆفانی ئەقسا” بە هەڵە دەزانێ کە عەلی خامنەیی سێ ڕۆژ دوای ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستیی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبر، وێڕای دەربڕینی ڕەزایەت و خۆشحاڵی وتی: من ناوچاوان و باسکی داڕێژەرانی ژیر و هوشیاری فەلەستینی کە ئەم هێرشەیان داڕشت و ئەنجامیان دا، ماچ دەکەم. ئێمە لە فەلەستین دیفاعمان کردووە و دەیکەین”. باقیی کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامیش وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی، سەرکەوتنی هێرشی “تۆفانی ئەقسا”یان بە بەرپرسانی حەماس پیرۆزبایی وت و مۆرەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە شەقام و مەیدانی شارەکان، جێژن و شادییان وەڕێخست.
بەدوای وتەکانی خامنەیی لەو کاتەدا باقیی بەرپرسانی ڕژیمی ئیسلامی دەستیان کرد بە هەڵیت و پڵیت و هەڕەشەی بێبنەما لە ئیسرائیل. ئیبڕاهیم ڕەئیسی وێڕای پشتیوانی لە هێرشی حەماس وتی: “من بە ئیسرائیل و ئەمریکا دەڵێم کە میللەتی مسوڵمان و ئۆمەتی ئیسلامی بۆ بەشداری و دیفاع لە فەلەستین بەتەواوی ئامادەن و تۆڵەیەکی سەخت بەدەستی ئۆمەتی ئیسلامی بەڕێوەیە”. سەرپاسدار محەممەد ڕەزاییش وتی: “لە ئەگەری ڕانەوەستانی شەڕدا ڕووداوی نوێ لە ناوچەکەدا شکڵ دەگرێت و ئەگەری هەیە وڵاتانی مسوڵمان سنوورەکانی خۆیان بەڕووی لاوانی ئیقلابی بۆ چوون بۆ شەڕ دژبە ئیسرائیل بکەنەوە و شەڕ بۆ هەموو ناوچەکە پەرەبستێنێت”. ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ڕژیمیش ڕۆژی شەممە ٢٢ی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢ دوای دیدار لەگەڵ حەسەن نەسڕوڵڵا لە لۆبنان و ئیسماعیل هەنییە لە قەتەر، وێڕای دانپێدانان بە تەڵەفاتی شەڕ و گلەیی لە دەخاڵەت نەکردنی وڵاتانی مسوڵمان لەو شەڕەدا وتی: “ئاستی جنایاتی شەڕی سەهیۆنیستەکان لەدژی خەڵکی غەززە لەسەرێیە. دەبوو مسوڵمانان و ئیمانداران لەگەڵ خەڵکی مەزلوومی فەلەستیندا بن. ئەگەر شەڕ ڕانەگیرێت دەستی هەموو گرووپەکان لە ناوچەکە لەسەر ماشە دەبێت و ئەمریکا زیانی قورسی بەردەکەوێت”. ئەم وتانە لە کاتێکدا بوو کە خودی ڕژیم نەتەنیا هیچ کەسی لە ئۆمەتی ئیسلامی بۆ شەڕ نەنارد بەڵکوو لەدوای هۆشداری ئەمریکا، هەرجۆرە دەخاڵەتێکی خۆی لەوێ ڕەت کردەوە.
بەڵام زۆرێک لە چاوەدێرانی سیاسی ئینکاری کۆماری ئیسلامی لە دەست هەبوون لە هێرشی حەماسیان بە ناڕاست و درۆ دەزانی. چونکە عەلی خامنەیی زۆر جار وتبووی کە: “ئێمە بە حیزبوڵڵای شیعە لە لوبنان و حەماسی سوننی لە غەززە و بە هەرکەس لەدژی ڕژیمی سەهیۆنیستی بەشەڕ بێت کۆمەک دەکەین و لە هیچیش ناترسێین”. سەبارەت بە ٧ی ئۆکتۆبری حەماسیش، خامنەیی هەر ئەوکات بە “پێویست و لە وەختێکی گونجاودا” ناوی برد. چونکە ئەو هێرشە بوو بە بەربەستێک لەسەر ڕێگای پەیوەست بوونی عەرەبستانی سعوودی بە پەیمانی ئاشتیی ئیبراهمی ترامپ. بەڵام ئێستا، بەو کۆنفڕانسەی کە لەدوای ئاگربەس لە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەر لە شەرم ئەلشێخ بە بەشداریی ترامپ و سەرانی ٢٠ دەوڵەتی دیکە بۆ واژۆکردنی بەڵگەی ئاگربەست بەڕێوەچوو، نەتەنیا عەرەبستان بەڵکوو زەمینە بۆ پەیوەست بوونی باقیی دەوڵەتە عەرەبییەکانی دیکەش بەو پەیمانە پێکهاتووە. ئەمەش دەبێت بە شکستی ستراتیژی و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و شکستێک بۆ خامنەیی دابنرێت.
بەم حاڵەوە پێدەچێت ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی هەروا لە هەوڵی درێژەی هەر ئەم ستراتێژییە شکست خواردوو و جنایەتکارانەیە لە ناوچەکەدا بن. وڵایەتی، ڕاوێژکاری کاروباری نێونەتەوەیی خامنەیی ڕایگەیاند کە دەستپێکی ئاگربەس لە غەززە لەوانەیە پشتی پەردەی کۆتایی ئاگربەس لە شوێنێکی تر بێت. سەرپاسدار قالیبافیش لە کۆبوونەوەی عەلەنیی مەجلیسی ئیسلامیدا وتی کە: “نەتەوەی فەلەستین و میحوەری موقاومەت دەستیان لەسەر ماشەیە و ئامادەن بەرەنگاری هەرجۆرە فریوکاری و پەیمان شکێنییەک ببنەوە”. ئەم هەڵیت و پڵیتانەی کاربەدەستانی حکوومەت لە کاتێکدایە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ئیعترافی ڕێبەران و کارگێڕانی، بەرەوڕووی قەیرانی قووڵی هەمەلایەنە و شکست و ئیفلاسی ئابوورییە. لەگەڵ گەشەی ڕۆژانەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بەرەوڕووە و لە بەرامبەر داخوازییەکانیاندا وڵامێکی بێجگەلە پەرەپێدانی سەرکوت و ئێعدام نییە. موحسێنی ئێژەیی، سەرۆکی جەللادی دەزگای قەزایی ڕژیم، هەفتەی ڕابردوو باسی لە زۆربوونی پەروەندە قەزاییەکان کرد و ئەم بابەتەی بۆ کێشە ئابوورییەکان گەڕاندەوە. بەڵام هۆکاری ڕاستەقینەی زۆربوونی پەروەندەکان، ترسی کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی لە گەشەی ناڕەزایەتی و خەباتی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیە کە حکوومەتی ئیسلامیی خستووەتە سەر لێواری هەڵدێر و سەرکوت و ئێعدام و گرتنیش ناتوانێ نەجاتی بدات.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە