فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دانپێدانان بە داماوی لە پەیامی نەورۆزیی سەرانی ڕژیمی ئیسلامیدا
یەکشەممە ۰۵-۰۱-۱۴۰۳   |  24-03-2024

لە یەکەمین ڕۆژی ساڵی ١٤٠٣دا عەلی خامنەیی لە وتارێکدا باسی لەوە کرد کە هیچ بەرنامە و ڕێگاچارەیەکی نییە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانە بەرین و ڕیشەدارەی کە ساڵەهایە ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی بەرەوڕووی هەژاری و نەهامەتی کردووە. ئەو لە گاڵتەجاڕی ناولێنانی ساڵدا، ئەمساڵی وەک ڕێکار بۆ چوونەدەر لە قەیرانی ئابووری دیاریکرد و وتی: ”ئەمساڵ ساڵی جووڵەی بەرهەمهێنان بە بەشداری خەڵک” ناو لێدەنێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هیچ کام لەو ئامانجانەی کە خامنەیی بۆ ساڵانی پێشوو دیاری کردبوو وەدینەهاتوون و بارودۆخی ئابووریی ئێران ساڵ بە ساڵ خراپتر لە ڕابردوو بووە. خامنەیی خۆی لە گێلی دا و قەیرانی قووڵی ئابووریی حکوومەتی “خاڵی لاواز لە بواری ئابووری” وەسف کرد و وتی: ”کلیلی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی ئابووری لەوانە تەوەرۆم، کار و بەهای پارەی نەتەوەیی، پرسی بەرهەمهێنانە”.

خامنەیی لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا وێڕای تەئیدی درۆودەلەسەکانی ڕەئیسی سەبارەت بە گەشەی ئابووری و هاتنەخواری تەوەرۆم و خەتابارکردنی دەوڵەتەکانی پێشوو، دەستیکرد بە پاساوکردنی شکست و بێتوانایی دەوڵەتی ڕەئیسی و وتی: ”کاری ئەنجامدراو لەبواری کۆنتڕۆڵکردنی تەوەرۆم و گەشەی بەرهەمهێنان لەماوەی ساڵی ڕابردوودا باش بووە بەڵام دڵخواز نەبووە. هەڵبەت نابێ چاوەڕوانی ئەوەش بین کە بابەتێکی لەو ئاستەدا گرینگ بە ساڵێک بەتەواوی بێتە دی. چونکە دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەهۆکاری کۆمەڵێک سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی نەیانتوانیوە چارەسەری بکەن”. فریوکاریی خامنەیی لە ناولێنانی ئەمساڵ بەناوی “جووڵەی بەرهەمهێنان” و پاساوکردنی شکستی دەوڵەتی ڕەئیسی لە هەموو بوارەکان و بەتایبەت لە بواری ئابووری لە کاتێکدایە کە ساڵەهایە زۆربەی کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان لە ئێران یان لە کار کەوتوون و بەتەواوی داخراون و یان بە کەمترین تواناوە خەریکی بەرهەمهێنانن. بەڵام خامنەیی باش دەزانێت کە کێشەی سەرەکی حکوومەتی ئیسلامی بنبەست و بێتواناییە لە چارەسەکردنی ئەو قەیرانە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە ساڵەهایە لەگەڵیان بەرەوڕووە. ئەو قەیرانانەی کە پێکهاتەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئیداریی ڕژیم پەرەیان پێداوە، ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی بەرەو هەژاری و فەلاکەت بردووە، بە ناو و دروشمی بێبنەما چارەسەر نابن.

ئیبراهیمی ڕەئیسیش لە پەیامی نەورۆزیدا، بێشەرمانە دەستیکرد بە پێهەڵکوتن و تاریفکردن لە دەوڵەتەکەی لەبواری پێشکەوتن، گەشەی ئابووری و هێنانەخواری ڕێژەی تەوەرۆم. ئەو وتی: ”لە سەرەتای ئەم دەوڵەتەوە هێندێک کەس ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە تەوەرۆم دەبێتە سێ ڕەقەمی. بەڵام ئەمڕۆ بەپێچەوانەوە تەوەرۆم کەوتووەتە مەسیری نزوولییەوە”. درۆودەلەسەی خامنەیی و ڕەئیسی سەبارەت بە گەشەی بەرهەمهێنان و هێنانەخواری ڕێژەی تەوەرۆم لەکاتێکدایە کە هەم ناوەندی ئاماری ڕژیم و هەم ناوەندە ماڵییەکانی جیهان پێچەوانەکەیان نیشان داوە. ناوەندی ئاماری ئێران چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاند کە گەشەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لە ئێران لە پاییزی ساڵی ڕابردووەوە لەبواری سەنعەت و مەعدەن، کەشاوەرزی، دابینکردنی ئاو و بەرق و گاز نەتەنیا هیچ پێشڕەفتێکی نەبووە بەڵکوو لەژێر سفر و لە مەنفیشدا بووە. بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی پارە، گەشەی ئابووریی کۆماری ئیسلامییان لە ساڵی ١٤٠٢دا ڕوو لە دابەزین هەڵسەنگاندبوو. لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا خۆیان شایەدی ئەوەن کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەژارتر و سفرەکانیان بەتاڵتر دەبێت. بارودۆخی نالەباری ئابووری لە حاڵێکدایە کە پاییزی ساڵی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی لە سازش لەگەڵ ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی سەرمایەداری، توانیی ڕێژەی فرۆشی نەوت لەچاو ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی ٢٢ لەسەد زیاد بکات و ئەوەش بە حیسابی پێشکەوتنی ئابووری و گەشەی بەرهەمهێنان پێناسە بکات. ”ئۆپێک” ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتیش ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆماری ئیسلامیی لە پاییزی ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا ڕۆژانە ٣ ملیۆن و ١٦٠ هەزار بەرمیل بەراورد کردووە.

بەڵام کوا ئەو داهاتە بەرینانەی کە لە فرۆشتنی نەوەتەوە بەدەست هاتوون؟ بۆچی سەرەڕای ئەم داهاتە زۆرانە، ڕژیمی ئیسلامی بۆ دابینکردنی کەسری بوودجە چاوی تەماعی لە گیرفان و سفرەی کرێکاران بڕیوە و لە بوودجەی ساڵی ١٤٠٣دا بردنەسەری ٦٩ لەسەدیی ماڵیاتی گونجاندووە؟ بۆچی ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەو ماوەیەدا خراپتر بووە؟ بۆچی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران سێ بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدا دیاری کراوە؟ بۆچی هیچ باسێک لە پێکهێنانی هەلی کار بۆ لاوان ناکرێت؟ بۆچی بە ئیعترافی خودی ڕژیم ڕێژەی تەوەرۆم گەیشتووەتە ٤٥ لەسەد؟ بۆچی توانای کڕینی خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە؟ وڵامی هەموو ئەم پرسیارانە بۆ جەماوەری خەڵک ڕوونە. ئەوان ڕۆژانە لە دزی و ئیختلاسی دەیان و سەدان هەزار ملیارد تمەنیی سەران و بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی ئاگادار دەبنەوە. تەنیا لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لەئاکامی ناکۆکییەکانی ناو حکوومەت، پەروەندەی گەندەڵیی ماڵی و دزیی گەورەی جێگری یەکەمی دەزگای قەزایی و کازم سەدیقی ئیمامی جومعەی تاران ئاشکرا بووە. هەواڵی چوونەسەری یەکجار زۆری بوودجەی نیزامیی دامودەزگای سەرکوتی ئەمنیەتی و نیزامی دەبیستن. لەکاتێکدا کە لە بوودجەی ئەمساڵیشدا بوودجەیەک بۆ پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە لەبەرچاو نەگیراوە، لە چوونەسەری هەزینەی کەڵانی سیاسەتە ناوچەییەکانی ڕژیم لە کۆمەکی بێدەریغ بە ڕەوتە تیرۆریست و کۆنەپەرستەکانی سەربەم دەسەڵاتە، لەژێرناوی “میحوەری موقاومەت”، ئاگادارن. هەر بەم دەلیلە لە ڕوانگەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشەوە گشت حکوومەتی ئیسلامی بەرپرسی قەیران و ئەو بارودۆخە کارەساتبارەیە کە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەسەریانیدا سەپاندووە.

هەر بەو هۆیەشەوە، لە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە، جەماوەری خەڵک وەڵامی درۆ و فریوەکانی خامنەیی و سەرکردەکانی دیکەی ڕژیمیان دایەوە و نیشانیان دا کە ئەوان کۆماری ئیسلامییان ناوێت و خوازیاری ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتەن. بێگومان ئەمە تەنیا بەشێکی بچووک بوو لە کاردانەوەی خەڵک بەرامبەر بە نیزامی ئیسلامی. بە پێچەوانەی مەوعیزەکانی خامنەیی لە پەیامی نەورۆزی ئەمساڵدا، کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا هیچ هەواڵێکی خۆش و شیرینیان لە کۆماری ئیسلامیەوە نەبیستووە. ئەوەی بینیویانە و ئەزموونیان کردووە، هەواڵ و کردەوەی تاڵ و دڵتەزێن، هەواڵی هەژاری و برسێتی، هەواڵی شەڕ و کوشتار، هەواڵی لەسێدارەدان، سەرکوتکردن، زیندان و ئەشکەنجە بووە. هەربۆیە کرێکاران و جەماوەری ناڕازیی ئێران ڕێگای ڕزگاربوون لەم بارودۆخە کارەساتبارە لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی گەندەڵی ئیسلامی و سەرمایەداریی ئێراندا دەبینن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co
https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpiran1

https://t.me/KomalaCpiranTv