ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە هێرشی حوسیەکان لە دەریای سوور و هەروەها بەرنامەی ناوەکی ڕژیم، دانیشتنێکی نهێنیان لە عەمان بەڕێوە برد.
ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بریتانیا لە ڕاپۆڕتێکدا باسی لە دانیشتنێکی نهێنیی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە هێرشی حوسیەکانی یەمەن و بەرنامەی ناوەکی ڕژیم لە مانگی ژانوییەی زایینیدا کردووە.
بەپێی ڕاپۆڕتەکە “برێت مەک گرێک” ڕاوێژکاری کۆشکی سپی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و “ئابرام پیلی” جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران لەگەڵ “عەلی باقری کەنی” جێگری وەزیری دەرەوەی ڕژیم و بەرپرسی وتووێژە ناوەکییەکانی ڕژیم، لە عەمان وتووێژیان کردووە.
وتووێژەکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بووە و بەرپرسانی عەمانی پەیامی دوو لایەنیان بۆ یەکتر ڕاگواستووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا لەم پێوەندییەدا بە فاینەنشاڵ تایمزی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا ڕێگەی زۆری هەیە تا پەیامەکانی بە کۆماری ئیسلامی ڕابگەیەنێت.
هەر لەم پێوەندییەدا کاربەدەستێکی ڕژیم بەم ڕۆژنامە بریتانیاییەی ڕاگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بە زۆر کارێک بە حوسییەکان بکات بەڵام دەتوانێت وتووێژەکان لەگەڵیاندا بەرەوپێش ببات.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕژیمی ئیسلامی پشتیوانیی ماڵی و سەربازی لە حوسییەکان دەکات.
لە درێژەی ڕاپۆڕتەکەدا هاتووە کاتێ ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سپای قودس مانگی ڕابردوو چووەتە بەغداد، داوای لە میلیشیاکان کردووە کارێک نەکەن کە ئەمریکا بەرەوڕووی ئێران بکەنەوە.