فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

داهاتووی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، دەسەڵاتداریەتی حیزبەکان یان دەسەڵاتداریەتی شۆرایی خەڵک؟
هەینی ۱۶-۰۳-۱۴۰۴   |  06-06-2025

کوردستانی ئێران لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا یەکێک لە ناوەندە پڕگڕوتینەکانی خەباتی شۆڕشگێڕانە لەدژی کۆماری ئیسلامی بووە. کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لە جەرگەی ئەم خەباتەدا، بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان کردە مەیدانی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامی و لەسەر بەستێنی ئەم خەباتە سیاسەت و کردەوەی حیزبە سیاسییەکانی ئێستا لە کوردستانیان ئەزموون کرد. بەشێک لە کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەملێکراوی کوردستان لە جەریانی ئەزموونی خەباتی خۆیاندا و لە ئاکامی چالاکیی هوشیاریدەرانەی کۆمەڵە و هەڵسووڕاوانی کۆمۆنیستی دیکە، لە نادروست بوونی زۆرێک لە سیاسەتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان ئاگادار بوونەتەوە. بەڵام ئەم حیزبانە هەروا لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگادا هەن و بۆ پێشخستنی ستراتێژی سیاسیی خۆیان هەوڵ دەدەن. حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە سەردەمی دیالۆکی تەمەدونەکانی خاتەمەییەوە بۆ ماوەی زیاتر لە بیست ساڵ خەڵکیان بەرەو هاوئاراستەیی لەگەڵ ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی هاندا و لە جەریانی شانۆکانی هەڵبژاردنی حکوومەتدا بە درۆی هەڵبژاردنی خراپ لە بەرامبەر خراپتردا پێشنیاریان پێ دەکردن کە دەنگ بە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی بدەن. گەلێک جار دڵیان بە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ڕژیم خۆش کرد و خەڵکیان هان دا کە دەست لەسەر دەست دابنێن و چاوەڕوانی ئەنجامی ئەو دانوستانانە بن. خەڵکیان بە هاوپەیمانی لەگەڵ ڕەوتە کۆنەپەرستەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی لە ئاستی سەرتاسەری، کە پێداگری لەسەر یەکپارچەیی خاکی ئێران بەشێک لە پێناسەی ئەوان بوو، دڵخۆش دەکرد. لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، هێندێکیان لەگەڵ سەڵتەنەتخوازەکان هاوپەیمانییان پێکهێنا و هەوڵیان دا دەستی خەڵکی کوردستان بخەنە ناو دەستی فاشیستەکانەوە. ئێستاش دڵیان بە فشاری زۆرینەی دەوڵەتی ترامپ خۆش کردووە و لە ئیدارەی ترامپ دەپاڕێنەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ بگرێت. بەشێک لە کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی ئەزموونی خەباتی خۆیانەوە، لە نادروست بوونی ئەم سیاسەتانە گەیشتوون.

جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان بە ئەزموونی خەباتی خۆیان بۆیان دەرکەوتووە کە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەبێ لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری و بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستیی ئێران یەکبگرن.  جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان لە ئاخێزی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ی هەتاویدا و بە پێشەنگایەتییان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، بە گیانفیداییەکانیان لە بەرامبەر سەرکوتگەریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بە هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری نیشانیان دا کە بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان دەبێ ڕێگای یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانە لە سەرتاسەری ئێران بگرنە بەر. بەڵام سەرەڕای ئەم ئەزموون و هوشیارییەی کە کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵک بەگشتی بەدەستیان هێناوە، حیزبە سیاسییە چەپ و ڕاستەکان لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگادا حزووریان هەیە و حیزب و لایەنە ناسیۆنالیستەکان بۆ بەلاڕێدابردنی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان هەوڵ دەدەن.

لەئێستادا هەوڵ گەلێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی هەموو حیزب و ڕێکخراوە ناسیۆنالیستەکان لە ژێر چەترێکدا کۆببنەوە تا هیچکام لە ئەندامانی ئەم قافڵەیە لە دانستانی ئیحتمالی لەگەڵ ڕژیمی جنایەتکاری ئیسلامی وەدوا نەکەون. ئەم حیزب و ڕێکخراوە ناسیۆنالیستییانە ئەگەر بەسەر دژایەتییەکانیاندا زاڵ بن و لەژێر هەر ناوێکدا ئەم چەتر یان بەرەیە پێکبهێنن، لە ڕاستیدا بەردی بناغەی دەسەڵاتداریەتیی سیاسی حیزبەکانی کوردستانیان لە پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی داناوە. نەخشەڕێگای ئەم حیزبانە ئامادەکارییە بۆ حوکمڕانی حیزبی لە “دەورەی گوزار” یان “چرای زەرد”ی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی.

سەرنج بدەنە وتەی هێندێک لە سەرکردەکانی ئەم حیزب و ڕێکخراوانە، بە ئاشکرا باس لە هێزی پێشمەرگەی یەکگرتوو، سوپای نیشتمانی و یان ئەرتەشی کوردستان دەکەن. لە ڕوانگەی سەرکردەی ئەم حیزبانەوە ئەم سوپا نیشتمانییە لە قۆناغی گوزار یان ئینقالیدا دەبێ لەژێر فەرماندەیی حیزبەکاندا بێت و لەدوای کۆتایی دەورەی گوزار و پێکهاتنی پارلەمان بچێتە ژێر فەرمانی ناوەندی دەوڵەتەوە. ئەم هێزانە بە ئاشکرا باس لە پێویستیی پێکهێنانی دەزگای میدیایی واحد و نوێنەرایەتیی واحد دەکەن. واتە دەیانهەوێ پێشوەختە و لە سەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کوردستان ناوەندە حکوومەتییەکان پێکبهێنن. سەرانی ئەم حیزبانە بەئاشکرا دەڵێن کە ئەم کارانە پێویستە. تا لە کاتی ڕاپەڕینی خەڵکدا بشێوی و هەرج و مەرج دروست نەبێت. سیلۆ  و ئەنبارەکانی دانەوێڵە، کەلوپەلی نەخۆشخانەکان، خوێندگا و زانکۆکان تاڵان نەکرێن. لەڕاستیدا ئەم حیزبە ناسیۆنالیستانە لە کوردستان بە چاولێکەری لە ئەزموونی کوردستانی عێراق دەیانهەوێ هەر ئەم ئەزموونە لە کوردستانی ئێرانیش تاقی بکەنەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەزموونی دەسەڵاتداریی حیزبەکان لە کوردستانی عێراق نەتەنیا نەیتوانیوە بەشداریی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان لە بەڕێوەبردن و دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵگا دەستەبەر بکات، بەڵکوو دەسەڵاتی حیزبەکان و حکوومەتە پارلەمانییەکەیان بووەتە ئامرازێک بۆ دوور ڕاگرتنی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان. لە بەرامبەر ئەم هەوڵ و پڕۆژانەدایە کە کۆمەڵە، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست و کۆمەڵێکی بەرچاو لە کەسایەتییە تێکۆشەرە چەپ و سۆسیالیستەکان لە شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستاندا کۆبووینەوە و ئەڵترناتیڤی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی خەڵک لە کوردستان گەڵاڵە دەکەین و لەپێناو وەدیهاتنیدا تێدەکۆشین.

ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین لە قۆناغێکدا کە پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران سست و لاواز بووەتەوە، لە قۆناغێکدا کە لە ڕاپەڕینی شار نزیک بووینەتەوە، لە قۆناغێکدا کە ئازادییە سیاسییەکان، بەشێوەی دیفاکتۆ و بەکردەوە بەسەر ڕژیمدا دەسەپێن، لە وەها قۆناغێکدا شۆراکانی خەڵک لە گەڕەکەکانی شار و شاروچکە و گۆندەکان بەخێرایی پێکدێن و لەگەڵ دروستبوونی هەرجۆرە بۆشاییەکی ئیداری و بەڕێوەبەری لە هەر بەشێک لە کۆمەڵگا، شۆراکان و ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەری دەتوانن ئەم بۆشاییانە پڕ بکەنەوە. لە کاتێکدا کە حیزبە ناسیۆنالیستەکان خەڵک لە بشێوی و تاڵانکرانی نەخۆشخانە و سیلۆکان لە قۆناغی ڕاپەڕین دەترسێنن، ئێمە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە شۆرای پەرستاران و پزشکان و پێرسۆنێلی نەخۆشخانەکانی کوردستان دەتوانن بە باشترین شێوە ئیدارە و بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان لە کوردستان وەئەستۆ بگرن. شۆرای کرێکاران لە سیلۆکان دەتوانن کۆنتڕۆڵ و ئەمنیەتی سیلۆکان بگرنە دەست. شۆراکان یان ئەنجومەنەکانی مامۆستایان کە هەر لەئێستاوە سەریان هەڵداوە و خەریکە گەشە دەکەن، دەتوانن بە باشترین شێوە بواری پەروەردە و فێرکردنی کوردستان بەڕێوەبەرن. ئێمە لەو باوەڕەداین کە ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لەڕێگەی هەر ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە کە هەموو لەگەڵیان ئاشنان، دەتوانن لە هەموو پرسێکی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی شاردا بەشداربن و لەم ڕێگەوە لە ئیدارە و بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا و لە داڕشتنی سیاسەتدا بەشداری بکەن.

شۆراکانی خەڵک لە کوردستان دەسەڵات و مەشرووعییەت و ڕەوابوونیان لە هیچ ناوەندێکی دەوڵەتی یان حیزبێکی سیاسیی دیاریکراو وەرناگرن. بەڵکوو دەسەڵاتی خۆیان لە ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەر وەردەگرن. ڕەوابوون و مەشرووعییەتی خۆیان لە ئیرادەی ڕاستەخۆی ئەو جەماوەرە وەردەگرن کە بڕیاریان داوە بەسەر چارەنووسی خۆیاندا زاڵ بن.

جەماوەری خەڵک کە بە داهێنانی خۆیان شۆراکانیان پێکهێناوە و ناوەندەکانی دەسەڵاتی خۆیان دامەزراندووە، دەتوانن لەجیاتی پۆلیس و ئەرتەش و سوپای نیشتمانی و ناوەند و دامەزراوەکانی دابڕاو لە خەڵک، دەست بدەنە چەکدارکردنی گشتی. خەڵک بە چەکداربوونیان لە ئاستی جەماوەریدا بەرگری لە دەستکەوتەکانی خۆیان دەکەن. لە پێکهاتەیەکی شۆراییدا بەرپرسان لە هەر ئاست و پلەیەکدا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و بە ئیرادە و بڕیاری خەڵک دەکرێ لە کارەکانیان دووربخرێنەوە. شۆراکانی خەڵک هەم یاسا دادەڕێژن و هەم یاسا بەڕێوەدەبەن. حکوومەتی شۆرایی لە هەمان کاتدا کە دەزگا و ناوەندەکانی دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تێکدەشکێنێت و ناوەندەکانی حکوومەتی شۆرایی دەخاتە جێگایان، وەدیهاتنی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لە بواری دابینکردنی ئازادیی سیاسی، دادگایی کردن و سزادانی دەست و پەیوەندەکانی ڕژیم کە لە سەرکوتی خەڵکدا دەستیان بووە، کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوەیی، بەرابەریی ژن و پیاو، جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردە، دابینکردنی مافی تاکەکەسی و داواکاریی خۆشبژێوی، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام و هیتر دەخاتە دەستووری کاری خۆیەوە.

لەژێر دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان، مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان بە باشترین و دیموکراتترین شێوە دیتە دی. مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان تەنیا ئەوە نییە کە خەڵکی کوردستان لە ڕۆژێکی دیاریکراودا و لە ڕێفراندۆمێکدا لەسەر جیابوونەوە لە ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و یان مانەوە لە چوارچێوەی ئێران وێڕای زەمانەتکردنی مافی یەکسان لە هەموو بوارەکاندا بڕیار بدەن، بەڵکوو بە مانای ئەوەیەکە لە هەر حاڵەتێکدا کرێکارن و زەحمەتکێشان و هەموو خەڵکی کوردستان لە سیستەمێکی شۆراییدا بەسەر چارەنووسی خۆیاندا زاڵ بن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، بەڕێوەبردنی ئابووری و سیاسەت لە دەستی خۆیاندا بێت.

بەو پێیەی پرسی پەیوەندیدار بە چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسی لە داهاتووی کوردستان یەکێک لە گرینگترین پرسەکانە لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوودا، ئەمانە دەبێ هەر لەئێستاوە بە خەڵکی کوردستان بڵێین. خەڵک دەبێ وێنەیەکی ڕوونیان لە شێوازی بەشداریی ڕاستەوخۆ لە دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵگا، لە مانای دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لەبەرچاو بێت تا بۆ دامەزراندنی خەبات بکەن. کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ئازادە و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان، دەبێ لە بەرامبەر پڕۆژەی دەسەڵاتداریەتیی حیزبەکاندا، پڕۆژەی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی دابنێن.

کۆمەڵە لە هەمان کاتدا واقعییەتی بوونی حیزبە سیاسییەکان لە کۆمەڵگای کوردستان بەڕەسمی دەناسێت. کۆمەڵە دەزانێ کە حیزبە سیاسیییەکان لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگادا حزووریان هەیە. کۆمەڵە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە حیزبە سیاسییەکان بە ئاراستەی سیاسیی جیاوازیشەوە دەتوانن لەڕێگەی مێکانیسمی هەڵبژاردنی شۆراکانەوە لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا بەشدار بن. واتە حیزبە سیاسییەکان نەک بەپێی ئیعتباری مێژوویی و چالاکییەکانی ڕابردوویان، بەڵکوو لە جەریانی ئینتخاباتی شۆراکاندا دەبێ بخرێنە بەر قەزاوەتی خەڵکەوە و مەشرووعییەتی خۆیان لە دەنگی خەڵک وەرگرن و لە ڕێگەی میکانیزمی هەڵبژاردنی ئازادی شۆراکانەوە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و لە دەسەڵاتی سیاسیدا بەشداری بکەن و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. واتە هەم لە ڕێگەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان، وە هەڵبژێردران لە شۆراکانی گەڕەکەکان، شارەکان و ناوچەکان لە دەسەڵاتی سیاسی و ئیدارەی کۆمەڵگادا دەورونەخشیان بێت و هەم لەڕێگەی چالاکیی سیاسیی ئازادانەوە، کۆمەڵگا و حکوومەتی شۆراکان بخەنە ژێر کاریگەریی سیاسەت و ڕێکارەکانیان.

کۆمەڵە هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لە پێکهاتەیەکی شۆراییدا بە دەسەڵات بگەن. ئێمە دەمانهەوێ ئەم ئومێد و ئیمکانە بەهێز بکەین و داواش لە هەموو هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە و چەپ و سۆسیالیستەکانی کوردستان دەکەین کە ماندوویی نەناسانە لەم پێناوەدا تێبکۆشن.

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv