فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

داهاتە نەوتییەکان لە خزمەت دەزگای سەرکوتدا
سێشەممە ۱۲-۰۳-۱۴۰۵   |  02-06-2026

لە هەلومەرجێکدا کە دەسەڵات باس لە «شەڕی ئابووری» دەکات، داتا و ئامارەکانی پەیوەست بە بودجە و بژێویی ژیان، وێنەیەکی تەواو جیاواز لە پێشینە و ئەولەوییەتە ڕاستەقینەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەخەنە ڕوو. ئەگەر دۆخی هەنووکەیی وەک شەڕێکی ئابووری فۆرمولە بکرێت، پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە بۆچی سەرچاوە سەرەکییەکانی وڵات، لەبری بەهێزکردنی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی، تەرخان دەکرێن بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازی و ئەمنییەکان؟ ئەم پرسە، ڕەنگدانەوەی ئاراستەی چینایەتیی کۆماری ئیسلامی و لۆژیکی ناوەکیی ئەم ڕێژیمەیە لە قەیران‌بەڕێوەبردندا. بەپێی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ١٤٠٤، ڕۆژانە نزیکەی ٤٢٠ هەزار بەرمیل لە کۆی ١.٧٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکراو، واتە نزیکەی ٢٤ لەسەدی کۆی گشتیی هەناردە، بۆ هێزە چەکدارەکان تەرخان کراوە. بەهای ئەم پشکە بە نزیکەی ١١ ملیار یۆرۆ مەزەندە دەکرێت. بەڵام ئەو بودجەیەی کە بۆ ساڵی ١٤٠٥ بە هێزە سەربازی، ئەمنی و ئیتلاعاتییەکان دراوە، زۆر لەم ژمارەیە زیاترە. ئەم بەرزبوونەوە بەرچاوە، لە پاڵ گەشەی بەرچاوی بودجەی هەندێک دامەزراوەی دیکەی ئیتلاعاتیدا، نیشاندەری جێگۆڕکێیەکی ڕوونە لە ئەولەوییەتەکانی دابەشکردنی سەرچاوەکاندا. ئەم تەرخانکردنی بودجەیە، دەربڕی بەهێزکردنی توانستە سەربازییەکانی دەسەڵاتە لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا.

لە دیوەکەی دیکەی ئەم بودجەداڕشتنەوە، بارودۆخی بژێویی زۆرینەی خەڵکی ئێران جێگەی گرتووە. بە دانپێدانانی هەندێک لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامی، بەشێکی گەورە لە دانیشتووانی وڵات بۆ دابینکردنی کەمترین پێداویستییە خۆراکییەکان، پشتیان بە جۆرەها هاوکاریی کاڵایی و یارانە بەستووە. هاوکات، هێڵی هەژاری لە گەورەشارەکانی وەک تاران، گەیشتووەتە ئاستێک کە زۆر لە سەرووی داهاتی ئاسایی بنەماڵە کرێکارییەکانەوەیە. ئەم پێوەرانە، نیشاندەری لەناوچوونی توانای بەرهەمهێنانەوەی هێزی کارن لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا. ئەوەی تێبینی دەکرێت، جۆرێکە لە دابەشکردنەوەی سەرچاوەکانی سامانی کۆمەڵگە لە قازانجی پاراستن و جێگیرکردنی سیستەمی سیاسیی دەسەڵاتدار. نەزمێک کە تێیدا بەرژەوەندییەکانی چینی دەسەڵاتدار و مانەوەی دەسەڵاتی سیاسیی ئەم چینە، بەسەر بەرهەمهێنانەوەی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتیدا زاڵە و ئەولەوییەتی هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، چەمکی «شەڕی ئابووری» کارکردێکی ئایدۆلۆژیک لەخۆ دەگرێت. لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووبوونەوەی عەقڵانی لەگەڵ قەیرانی ئابووری، پێویستی بە بەهێزکردنی بەرهەمهێنان، سەرمایەگوزاری لە ژێرخانەکان و کەمکردنەوەی نایەکسانییە، بەڵام لە کردەوەدا شایەدی جۆرێک لە میلیتاریزەکردن و ئەمنیکردنی بەڕێوەبردنی قەیرانین. هەر لەم چوارچێوەیەشدا، زیادکردنی کەمترین حەقدەست لە ئاستێکدا کە زۆر نزمترە لە ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینە، لەگەڵ هەڵکشانی تێچووەکانی ژیان، دەبێتە هۆی داڕمانی توانای کڕین و قووڵبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر هێزی کار.

بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم ڕەوتە، چەمکی «بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی» گرنگییەکی بنەڕەتیی هەیە. هەر سیستەمێکی ئابووری بۆ مانەوەی خۆی، پێویستی بە بەرهەمهێنانەوە و نوێکردنەوەی تواناکانی هێزی کار هەیە؛ واتە دابینکردنی کەمترین ئاستی هەلومەرجی ژیان، خۆراک، نیشتەجێبوون، تەندروستی و پەروەردە. کاتێک بەشێکی گەورە لە دانیشتووان بۆ دابینکردنی سەرەتایی‌ترین پێداویستییەکانی بژێویی ژیان دەکەونە ژێر باری پاشکۆیەتیی هاوکارییەکانی دەوڵەت، ئەمە نیشانەیە بۆ تێکچوون و دروستبوونی کەلێن لە میکانیزمە ئاساییەکانی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتیدا. لە وەها دۆخێکدا، هاوکارییە لانیکەمییەکانی حکومەت، وەک بەڕێوەبردنێکی لانیکەمیی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان کار دەکەن. لە هەلومەرجێکی لەم چەشنەدا، ئەولەوییەتی سەرەکیی دەوڵەت تەرخانکردنی بودجەی زەبەلاحە بۆ ئۆرگانە سەربازی و دامەزراوە ئەمنییەکان بە مەبەستی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی سیاسی، و بە یەک وشە، بۆ بەهێزکردنی ماشێنی سەرکوت بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان.

پاشکۆیەتیی پێکهاتەیی بۆ داهاتە نەوتییەکان، لەپاڵ تۆڕە بەربڵاوەکانی دابەشکردنی ڕانت و گەندەڵیی دامەزراوەیی، بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی گرنگ لە سەرچاوەکانی سامانی کۆمەڵگە لەبری بەرهەمهێنان، لە سووڕە نابەرهەمهێنەرەکاندا بخولێتەوە. لە وەها پێکهاتەیەکدا، تەنانەت بەرزبوونەوەی داهاتە دراوییەکانیش نابێتە هۆی کرانەوە و باشتربوونی ژیانی خەڵک. لە دۆخێکی واشدا، پەرەسەندنی نایەکسانی و گوشاری بژێوی، کەلێنی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەی قووڵتر کردووەتەوە و قەیرانی ڕەواییی حکومەتی ئیسلامیی چڕتر کردووەتەوە. کەواتە گەشەی بودجە سەربازییەکان نەک تەنها بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان، بەڵکوو دەبێت وەک وەڵامێک بە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانیش لێک بدرێتەوە. پارادۆکسە سەرەکییەکە لەوەدایە کە سیاسەتی فەرمی باس لە «خۆڕاگریی ئابووری» دەکات، لە کاتێکدا خودی ئەم سیاسەتانە دەبنە هۆی لاوازکردنی بنەماکانی خۆڕاگری و مانەوە.

کۆمەڵگەیەک کە بەشی زۆری دانیشتووەکانی گیرۆدەی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانن، توانایەکی سنوورداری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە پێکهاتەییەکان هەیە. دەربازبوون لەم دۆخە تەنها لە ڕێگەی ڕیفۆرم و چاکسازییەوە مومکین نییە. تا ئەو کاتەی هاوسەنگیی هێز لە قازانجی چین و باندە مافیاییەکانی دەسەڵاتداردا بێت، تەرخانکردنی سەرچاوەکانیش هەر ڕەنگدانەوەی ئەم هاوسەنگییە دەبێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراندا دەگوزەرێت، زیاتر لەوەی «شەڕێکی ئابووری» بە مانا باوەکەی بێت، فۆرمێکە لە ململانێ و دژایەتیی پێکهاتەیی لە ناوەوەی کۆمەڵگەدا؛ دژایەتییەک کە تێیدا تێچووە قورسەکانی قەیران دەکەوێتە سەر شانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، لە کاتێکدا کە بودجەی زەبەلاح و خەیاڵی بۆ میکانیزمەکانی دەسەڵات و ئەمنییەت تەرخان دەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە مەسەلەی سەرەکی، بەهێزکردنی تواناکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و دەستڕاگەیشتنی بەردەوامە بە کار، نان، نیشتەجێبوون، پەروەردە و بارهێنان، لەگەڵ دەرمان و تەندروستیی بێبەرامبەر. هەر سیاسەتێک کە ئەم ئەولەوییەتانە پەراوێز بخات، تەنانەت ئەگەر لە زمانی فەرمیشدا بە چەمکگەلێکی وەک ئاسایش یان خۆڕاگری لە بەرامبەر دوژمنی دەرەکیدا پاساوی بۆ بهێندرێتەوە، لە کردەوەدا دەبێتە هۆی پاراستنی هەژموونی چینی دەسەڵاتدار، تاڵانکاریی زیاتری دارودەستەی حکومەت، و پاڵنانی هەرچی زیاتری بنەماڵە کرێکارییەکان و زۆرینەی خەڵکی ئێران بەرەو ژیانکردن لە ژێر هێڵی هەژاریدا.