ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەزەڵوەر، یەکیەتیی تۆپی پێی وڵاتی ئۆکراین، لە نامەیەکی فەرمیدا داوای لە فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێی جیهان کرد کە تیمی تۆپی پێی میللی کۆماری ئیسلامی، لە جامی جیهانی ساڵی ٢٠٢٢ی قەتەر دەربکرێ.
یەکیەتیی تۆپی پێی ئۆکراین ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی خەریکی هاوکاریی ڕووسیە بەدژی ئۆکراین لە ڕووی چەکوچۆڵەوەیە، ئەوە لەحاڵێکدایە کە بەندی “سێ و چوار”ی ئەساسنەمەی فیفا باس لەوە دەکا کە دەبێ ڕێز لە سەروەریی وڵاتان بگیردرێ بۆ ئەوەی مافی مرۆڤ پارێزراو بێ، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەو یاسایانەی پیشێل کردووە.
لە بەشێک لەو نامەیەدا کە بۆ فیفا نێردراوە، هاتووە کە، بە چاولێکردنێک لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی گەمارۆکانی دژبە کۆماری ئیسلامی و ڕۆڵی ئەو ڕژیمە لە پشتیوانی هێزەکانی ڕووسیە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراین، داوا لە فیفا دەکەین کە دەرکردنی تیمی تۆپی پێی ئێران لە جامی جیهانی قەتەر تاوتوێ بکا و بە جیدییەوە لێی بڕوانێ.