فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

داواکاری بۆ سزادانی ئیسرئیل لە لایەن ناوەندەکانی داکۆکیی لە مافی ڕۆژنامەنووسان
دوشەممە ۰۵-۰۶-۱۴۰۳   |  26-08-2024

نزیکەی ٦٠ ڕێکخراوی نێودوڵەتی لە بواری داکۆکیی لە ڕۆژنامەنووسان، ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی خەرمانان، داواکارییەکیان ئاڕاستەی یەکێتیی ئۆرووپا بەهۆی پێشێل کارییەکانی ئازادیی مێدیایی و کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە لایەن ئیسرائیلەوە کردووە و هەروەها خوازیاری هەڵپەسێردرانی ڕێکەوتنی یەکێتیی ئۆرووپا لەگەڵ ئیسرائیل بوون.
لە ناو ئەو ڕێکخراوانەی ئەم نامەیەیان واژۆ کردووە، ناسراوترینیان ڕێکخراوەکانی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، پەیامنێرانی بێسنوور، هیومان ڕایتس وۆچ و یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی ئۆرووپا دەبیندرێت. ئەم ڕێکخراوانە لە داواکارییەکەیاندا ئاماژەیان داوە، لە ٧ی خەزەڵوەری پارەکەوە حکوومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ کە سەرکردایەتیی شەڕ دەکات، زنجیرەیەک ڕێوشوێنی بۆ سنووردارکردنی ئازادی مێدیا گرتۆتەبەر، ئەمەش بووەتە هۆی سانسۆرکردن و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان. ڕێکخراوەکان هاوکات داوایان لە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ڕێکخراوەی یەکێتی ئۆرووپا، ڤاڵدیس دۆمبرۆڤسکیس، بەرپرسی کۆمیسیۆنی بازرگانی ڕێکخراوەکە کردووە کە ڕێککەوتنەکانی کاری هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسێرن و سزاش بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنن کە بەرپرسیارن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. ڕێکخراوەکان لە نامەکەیاندا ئاماژەیان داوە “تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 100 ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی، دوو ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی و سێ ڕۆژنامەنووسی لوبنانی کوژراون، ئەم ماوەیە بەراورد بە چەند دەیەی ڕابردوو زۆرترین پێشێلکاری بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان کراوە، کە بەشێکیان ڕاستەوخۆ و بە ئەنقەست کوژراون”. هەر بە گوێرەی ئامارەکانی بەردەستی ڕێکخراوەکان، لەوەتەی سپای ئیسرائیل چووەتە نێو کەرتی غەززە، ڕەشبگیریی  مێدیاکارانی دەست پێ کردووە و نزیکەی 49 ڕۆژنامەنووس و مێدیاکاری دەستگیر کردووە.