دەیان کەس لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوەیەک سەبارەت بە سەپاندنی حوکمی ئێعدام لە لایەن کۆماری ئیسلامیی بەسەر “پەخشان عەزیزی” و “وریشە مۆرادی”، داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ئەو دوو چالاکە سیاسییە و کۆتایی هێنان بە سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر ناڕازییاندا کردووە.
ئەو کەسانە هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی داواکارییەک، لە هەموو دادخوازان و چالاکان و لایەنگرانی دادپەروەرییان ویستووە بە واژۆکردنی ئەو ڕاگەیەندراوە دەنگی وریشە و پەخشان بن و کردەوەیەکی دەستبەجێ و جددییان بەمەبەستی ڕاگرتنی حوکمی ئێعدام لە ئێران هەبێت. شایانی باسە، تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی، ڕۆژنامەنووس و بنەماڵەی دادخوازان، ئەو داواکارییەیان واژۆ کردووە. لەکۆتایی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ئێمە، کۆمەڵێک لە بنەماڵەی دادخوازان و چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ لە ئێران، بە نیگەرانی و داخێکی قووڵەوە سەبارەت بە زیاتربوونی حوکمی ئێعدام لە ئێران، ئەو ڕاگەیەندراوە وەکوو کردەوەیەکی هاوبەش و ناڕەزایەتییەکی بەکۆمەڵ بڵاو دەکەینەوە و داوا لە خەڵکی ئێران و کۆمەڵگای مافی مرۆڤ دەکەین کە کردەوەیەکی دەستبەجێیان سەبارەت بەو بابەتە هەبێت.