ڕۆژی سیشەممە ٣ی خەزەڵوەر، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە نوێترین دژکردەوەی خۆی بەرانبەر بە توندوتیژییە خوێناوییەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی وەگیان هاتووی ئێران، داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد کە بۆ کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتن و پێشگرتن بە درێژەی کوشتاری خۆپیشاندەرانی ئێرانی لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، دەبێ پاڵپشتی شۆڕشی سەرانسەریی خەلکی ئێران بکرێ و جینایەتەکانی خامنەیی بۆ هەموو دنیا ئاشکرا بکرێت.
لە درێژەی دژکردەوەی ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەدا هاتووە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیمی ئیسلامیی، بە بەکارهێنانی چەکی شەڕکردن و چەکی ساچمەیی هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەرانی ناڕازی کە داوای مافی سەرەتایی خۆیان دەکەن و پاش زیاتر لە چل ساڵ داوای ئەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی نەمێنێ و ئەو حکوومەتەیان ناوێت.