محەممەد موەحیدی ئازاد، داواکاری گشتی ئێران هوشداری دایە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، لە هاوکاریی لەگەڵ مێدیای بیانی و داوای کرد دوور بکەونەوە لە هاندانی هەستیاریی نەتەەوەیی و تائیفی، یان بەڵێنی ناڕاستەقینە.
هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامی دوێنێ یەکشەممە ٢٠ی جۆزەردان، دەستی پێکرد و ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور ناوی کاندیدەکانی ئاشکرا کرد. موەحیدی ئازاد، لە کاتی کۆبوونەوەی لیژنەی ناوەندی بۆ خۆپاراستن و مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانەکانی هەڵبژاردن گوتیشی: “هاوکاریکردن لەگەڵ مێدیای بیانی تاوانە، نابێت مێدیای بیانی و دوژمنکارانە لە هەڵبژاردنەکاندا بەکاربهێنرێت”.
داواکاری گشتیی ئێران، ئاماژەی بە چاودێریی ئەلیکترۆنی کرد بۆ ڕێگریی لە پڕوپاگەندەی دوژمنکارانە و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی پۆست بۆ پشتگیریی یان دژایەتیی کاندیداکان.
موەحیدی ئازاد داوای لە کاندیداکان کرد کە خۆیان لە “ناوزڕاندن و هەستیاری نەتەوەیی و تائیفی بەدوور بگرن، هەروەها خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی وێنەی گروپ و لایەنە نایاسایی و دژە شۆڕشگێڕەکان”.