ڕۆژی هەینی ١٩ی مانگی جۆزەردان ئیبراهیم ڕەئیسی لە تەورێز لە کۆبوونەوەی شۆرای ئیداریی ئازەربایجانی شەرقی بە ئامار و ئەرقامی بێ پایە و درۆیین بە ئامانجی ئینکاری وەرشکستەیی ئابووریی دەوڵەتی ئیسلامی ئیدیعای کرد کە: “سەرەڕای تەحریمەکان، ئێمە ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی دنیادا حزوورمان هەیە و کارمان ڕەونەقی هەیە و هێنێدێک لە مەسئولانی وڵاتان بەرهەمەکانی ئێمە داوا دەکەن و پێمان دەڵێن کە هەرچییەک ئێوە بەرهەمی بێنن ئێمە بازاڕمان بۆی هەیە”. ڕەئیسی هەروەک خامنەیی قەیرانی قووڵی ئابووریی حکوومەتی بۆ دەسیسەی دوژمن گەڕاندەوە و وتی: “ئەوە دوژمنە کە بە دەنگۆ دروستکردن و بە ئاماری کازبی ئابووری، هێرش دەکاتە سەر ئەمنیەتی ڕەوانیی خەڵک. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەمانە، دەوڵەت بەشوێن سەقامگیکردنی ئابوورییەوە بووە و تەسلیمی فیتنەی دوژمنان نەبووە و پاشەکشەی نەکردووە”. هەروەها وتی: “توانیومانە کەسری بودجە بە بێ قەرزکردن لە بانکی مەرکەزی دابین بکەین. زیادبوونی نەختینەمان کۆنتڕۆڵ کردووە. بەهەمهێنان بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە بەجۆرێک کە ئەمنیەتی خۆراکی خەڵکمان بە فەراهەمکردنی سەری وەختی کاڵا ئەساسییەکان دابینکردووە و لە تجارەتی دەرەوەدا ڕێکۆردمان لێداوە و ئاستی موعاملاتی تجاریمان لەگەڵ وڵاتانی تر چەند بەرابەر بردووەتە سەر و هیچ کێشەیەکی غەیری قابیلی حەل لە وڵاتدا بوونی نییە”.
ڕەئیسی کە لە بواری ئابووریشدا هیچ شارەزاییەکی نییە لای وایە کە بەم درۆیانە دەتوانێ وەرچەرخانی ئیجباریی حکوومەت لە سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی ناوچەیی تەوزیح بدات. هەربۆیە قسەکانی یەک ناگرێتەوە و لە هەمان حاڵدا کە ئیدیعا دەکات توانیویەتی ئابووری سەقامگیر و نەختینە کۆنتڕۆڵ بکات و بەرهەمی وڵات زیاد بکات، دان بەوەش دادەنێ کە “گەشەی ئابووری لە گرەوی بردنەسەری وەبەرهێنانی ناوخۆیی و ناوچەییدایە و بەرقەرارکردنی پەیوەندی لەگەڵ عەرەبستان و میسر و ئیمارات بەم ئامانجە بووە. ڕەئیسی هۆکاری سەرمایەگوزاری نەکردنی هەتا ئێستای ئەم دەوڵەتانە نە بۆ سیاسەتی زێدەخوازانەی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی بەڵکوو بۆ وجوودی بوروکوراسی ئیداری دەگەڕێنێتەوە کە هەتا ئێستا ئیجازەی نەداوە ئەمنیەتی قازانج و ئەمنیەتی سەرمایەگوزاری بەمەبەستی گەڕانی سەرمایە، “بەکردەوە نەک بە دروشم”، زەمانەت بکرێت. ئەو گەشەی ئابووری لە گرەوی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی و بە یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی دەوڵەتەکەی وەسف دەکات و وەک ڕێگاچارەی نیهایی دەڵێ کە شیرکەتە گەورەکان و هۆڵدینگ و بانکەکان پێویستە بەرەو پشتیوانیکردن لە وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت حەرەکەت بکەن. ئەم هەڵیت و پڵیتانەی ڕەئیسی بۆ ئەوەیە کە بێتوانایی خۆی لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری و باشترکردنی بارودۆخی فەلاکەتباری ژیانی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا بۆ سەرمایەگوزاریی سەرمایەدارانی بەشی خسووسی و دەوڵەتی و پشتیوانیی ئەوان بگەڕێنێتەوە و بە خەیاڵی خۆی هەر بەم وەرچەرخانە سیاسییە هەموو کێشە ئابوورییەکان چارەسەر دەبن. ڕەئیسی دەیهەوێ کتمانی بکات کە هۆکاری پەرەسەندن و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامیی لە ئێران نەتەنیا بوروکراسیی ئیداری، بەڵکوو دزی و گەندەڵیی هەموو ئورگانەکانی دەسەڵات، زەوتکردنی لەسەدا هەشتای ئابووری لە دەستی باندەکانی قاچاغی سپای پاسداران و دەزگا گەندەڵەکانی ڕووحانیەت، سیاسەتی نیزامی و هەستەیی کۆماری ئیسلامی، سیاسەتی ناوچەیی دەخاڵەتگەرانە و زێدەخوازیی حکوومەتی ئیسلامییە. لە وەها بارودۆخێکدا نەتەنیا سەرمایەدارانی دەرەوە حازرن نین ڕیسکی ڕاگواستنی سەرمایەیان بۆ ئێران بکەن، بەڵکوو سەرمایەدارانی ناوخۆییش سەرمایەکانیان بۆ دەرەوە گواستووەتەوە و یان لە هەوڵی گواستنەوەی بۆ دەرەوەدان. چونکە مەنتقی سەرمایە زیادکردنی ڕێژەی قازانجە کە لە ئێران و لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا وەدی نایە.
بەڵام نابێ نادیدە بگیرێت کە هۆکاری سەرەکیی قەیرانی ئابووری لە ئێران، ڕیشەی لە قەیرانی پێکهاتەیی نیزامی سەرمایەداریدایە. نە دەوڵەتی بێ کەفایەتی ڕەئیسی و نە هیچ دەوڵەتێکی تر ناتوانێ ئەم قەیرانە بەشێوەی ڕیشەیی چارەسەر بکات. هەروەک هەتا ئێستاش شاهیدی بووین ئەوزاعی مەعیشەتی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر بووە و دەشبێت. بەپێچەوانەی ئیدیعای بێناوەرۆکی ڕەئیسی قاتڵ واتە: “تەوەرۆم بە بردنەسەری بەرهەمهێنان کۆنتڕۆڵ دەکرێت و پێویستە بەرهەمهێنان مودیریەت بکرێت”، ڕکوودی بەرهەمهێنان و بێکاری، گرانیی بەرین، هاتنەخواری بەهای ڕیاڵ، دابەزینی توانای کڕینی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بووەتە هۆی ڕکوود و درێژەی تەوەرۆم. ئەمە یاسای سەرمایەیە و پەیوەندیی بە مودیریەتی برنەسەری ئاستی بەرهەمهێنانەوە نییە. ئیدیعای بێشەرمانەی ڕەئیسیی قاتڵ لە حاڵێکدایە کە ئەندامێکی بەناو “شۆرای باڵای کار”ی ڕژیم وێڕای ڕەخنە لە دەوڵەت تەوەرۆمی واقعیی سەبەدی مەعیشەتی کرێکاران لە بەهاری ئەمساڵ ٧٠ بۆ ١٠٠ لەسەد دەزانێت و ئیدیعای وەزیری ئابووری و وەزیری بەناو “تەعاون و کار و ڕەفاهی ئیجتماعی”ی ڕژیم کە دەڵێ “ئیجازە نەدەین تەوەرۆم بڕواتە سەرووی ٢٠ لەسەد” بە سەیروسەمەرە باس لێدەکات. ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسیش ڕۆژی ٨ی جۆزەردان ڕێژەی تەوەرۆمی هەستپێکراو لەلایەن خەڵکەوەی ٨٦ لەسەد ڕاگەیاند کە نیسبەت بە ئاماری ڕاگەیەندراوی ناوەندی ئاماری ئێران ٤٠ لەسەد بەرزترە.
هەموو ئامار و ئەرقامی زانستی نیشانی دەدات کە سەرەڕای ئیدیعای ڕەئیسیی درۆزن کەسریی بودجەی ئەمساڵ نزیک بە یەک تریلیۆن تمەنە. لە وەها هەلومەرجێکدا بردنەسەری ٢٧ لەسەدیی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران یەکجار بێ بایەخە و چوار بەرابەر ژێر هێڵی هەژارییە. ئەم وەزعیەتە فەلاکەتبارەی ژیان بۆ کرێکاران و خەڵکی بێبەشکراوی کۆمەڵگا چیتر تەحەمول ناکرێت. بێگومان لەم بارودۆخەدا گەشە و پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاران و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی بێبەشانی کۆمەڵگا حەتمییە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە