درێژکرانەوەی سەرلە نوێی بڕیاری دەستبەسەر کرانی بێهزاد ڕەسووڵی
یەکشەممە ۲۰-۰۷-۱۴۰۴   |  12-10-2025

بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی چوارشەممە ۱۶ی ڕەزبەری ١٤٠٤، بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتیی بێهزاد ڕەسووڵی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز بۆ ماوەی ۱۲۰ ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە بێهزاد ڕەسووڵی، بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە ناڕوونی چارەنووسی و نایاسایی بوونی درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتیی، لە ۳۳ ڕۆژ لەمەوبەرەوە مانی لە خواردن گرتووە. شایانی باسە، خوشک و برای بێهزاد ڕەسووڵی دوای دوو مانگ توانیویانە لە زیندانی سەقز بیبینن و بەهۆی بەردەوامیی ناوبراو لە مانگرتن نیگەرانی بارودۆخی تەندروستیی ناوبراون. بێهزاد ڕەسووڵی ڕۆژی شەممە ۴ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەکاتێکدا کە بۆ دیتنی منداڵەکەی سەردانی ئیسفەهانی کردبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لەو شارە دەستبەسەر کرابوو.