درێژکرانەوەی ماوەی دەستبەسەر کرانی محەممەد پەروازە لە زیندانی ناوەندیی مەریوان
یەکشەممە ۰۹-۰۶-۱۴۰۴   |  31-08-2025

بە پێی ڕاپۆرتەکان، محەممەد پەروازە تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی «نێ» سەر بە مەریوان، ماوەی ٣٩ ڕۆژی ڕابردووی لە زیندانی ناوەندیی ئەمشارە تێپەڕاندووە و دۆخی یاسایی ناوبراو نادیارە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک بە بنەماڵەی محەممەد پەروازە، ئەم هاووڵاتییە سەرەڕای ئەوەی کە خاوەن پێداویستیی تایبەتە، سەرپەرشتیاری دایک و خوشکەکەی خۆیشی لە ئەستۆدایە. ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی یەک مانگ و حەوت ڕۆژی ڕابردوودا، لە سەرەتایی ترین مافی خۆی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن بێبەش بووە. محەممەد پەروازە ڕۆژی چوارشەممە ١ی گەلاوێژی ١٤٠٤، لە گوندەکەی خۆیان دەستبەسەر کرابوو. ئەم هاووڵاتییە پێش لەوەمەش بە هۆی چالاکییەکانی دەستبەسەر کرابوو و لە ژێر چاوەدێری دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا بوو.