

هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلمانی عێراقدا تێپەڕیوە بەڵام حیزبە سیاسییەکان و هاوپەیمانییەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق هێشتا نەیانتوانیوە بە هیچ ڕێکەوتنێک بگەن و ئەم وڵاتە هەروا لە بنبەستی سیاسیدا بەسەر دەبات. دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە ئۆکتۆبری ٢٠٢١دا، هاوپەیمانییەک پێکهاتوو لە فراکسیۆنی شیعەی سەدر بە ڕێبەریی موقتەدا سەدر، هاوپەیمانیی سوننیی “ئەلسیادە” و حیزبی دیموکراتی کوردستانی عێراق، کە سەرجەم ١٧٠ کورسییان لە ٢٣٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق بەدەست هێنابوو، زۆرینەی پەرلەمانیان پێکهێنا. لە بەرامبەردا، حیزبە شیعەکان و میلیشیاکانی نزیک بە کۆماری ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەم دوایانەدا شکستێکی سەختیان خوارد و بوون بە کەمینە. بەم حاڵەوە هاوپەیمانیی نزیک بە ڕەوتی سەدر هەوڵی داوە تا دەوڵەتی نوێی عێراق پێک بێنێت بەڵام لە ئاکامی کارشکێنییەکانی بلۆکی نزیک بە کۆماری ئیسلامی، هەتا ئێستا نەیانتوانیوە سەرۆک کۆمار هەڵبژێرن و دەوڵەتی نوێ پێک بێنن.
لە جەرەیانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراقدا، هاوپەیمانیی ناسراو بە “هەیئەتی هەماهەنگیی شیعە” کە لە حیزب و فراکسیۆنەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی پێک هاتووە، بۆ چەندومین جاری بەردەوام جەلەسەی پەرلەمانیان بایکۆت کرد و لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ڕێگرییان کرد. بەمجۆرە بنبەستی سیاسی لە گۆڕەپانی سیایی عێراقدا هەروا درێژەی هەیە. لە ئیدامەی ئەم وەزعەدا هەفتەی ڕابردوو موقتەدا سەدر داوای لە نوێنەرانی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق کرد کە ئیستعفا بدەن. دوای ڕاگەیاندنی ئیستعفای جەمعی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئیستعفای نوێنەرانی فراکسیۆنی سەدر موافقەتی کرد و بەمجۆرە ئاسۆی چوونەدەرەوەی عێراق لەم قەیرانە لێڵتر بۆوە.
ئەوەیکە ئێستا لە ساحەی سیاسیی عێراقدا لەئارادایە، ڕەنگدانەوەی ئاڵوگۆڕی بەرینی ناوچەکەیە کە خۆی لە ڕەقابەت و بلۆکبەندیی نوێ لە نێوان گرووپە سیاسییەکانی عێراقدا نیشان دەدات. ئەگەرچی هێرشی نیزامیی ئەمریکا بۆسەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ کردەوەیەک بوو بۆ دەسەڵاتداربوونی ئەمریکا بەسەر ناوچەیەکی گرینگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەرچاوەی بەرینی نەوتەوە، بەڵام سەرەنجام ئەم سیاسەتە بەرەوڕووی شکست بۆوە و لەئاکامدا ئەمریکا بەشێکی زۆری لە هێزە نیزامییەکانی خۆی لە عێراق بردە دەرێ. ئەوەش بە نۆبەی خۆی “بۆشایی دەسەڵات”ی لە عێراقدا پێکهێناوە و دەسەڵاتە ناوچەییەکانی دەرگیر لەم وڵاتە هەوڵ دەدەن هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خۆیان بگۆڕن. هەر لەم پێوەندەدا، هێندێک لە دەوڵەتە عەرەبییەکانی ناوچەکە بە میحوەرییەتی عەرەبستان و ئیمارات چوونە ناو هاوپەیمانییەکەوە تا بۆشایی نەبوونی ئەمریکا پڕ بکەنەوە و ڕۆڵی سەرەکی لەم کێشمەکێشەکاندا وەئەستۆ بگرن. لە هەمان کاتدا حکوومەتی تورکییە کە ئەندامی ناتۆیە، رۆڵی تێکدەرانە لە هاوسەنگی هێز لە عێراقدا دەگێڕێت.
ئەم بلۆکبەندییە تازانە و ئاڵوگۆڕی نێونەتەوەیی، بەشێوەی جیددی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی سەر بەم ڕێژیمەی لە عێراق خستووەتە پەراوێزەوە. حیزبە سونییەکان و هێندێک لە حیزبە شیعەکانی عێراق بەشێوەی بەرچاوتر ڕوویان کردووەتە ناسیۆنالیسمی عەرەب و هاوپەیمانی لەگەڵ دەسەڵاتە سەرەکییە عەرەبەکانی ناوچەکە. گۆشەگیربوونی کۆماری ئیسلامی لە مەیدانی ڕەقابەت و کێشمەکێشەکانی عێراق، هەم لە جەرەیانی ئاخێزە جەماوەرییەکان و هەم لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا بە ڕوونی دەبیندرێت. لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا نزیکی و هاوئاهەنگیی نێوان وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکە بەهێز بووە و ئەوەش بە نۆبەی خۆی پێگەی کۆماری ئیسلامیی لە جاران زیاتر لاواز کردووە.
ئەگەرچی بلۆکی سەربە کۆماری ئیسلامی لە دوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا بەهۆی سیاسەت و کردەوەی جەنایەتکارانەیان واتە کوشتار و دەستبەسەرکردنی ناڕازیانی عێراقی، بەرەوڕووی شکستێکی سەرشۆڕانە بۆوە، بەڵام هێستاش زەرفییەتی قەیران نانەوە و ناسەقامگیرکردنی عێراقی هەیە و بەردەوامیش ئەم زەرفییەتەی بەکار دێنێت. بەدوای ئەم شکستەدا، حیزبە سیاسی و میلیشیاکانی نزیک بە ڕژیمی ئیسلامی لە هاوپەیمانییەکدا لەژێرناوی “چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە” کۆبوونەوە تا بە قەیران نانەوە و درێژەی بنبەستی سیاسی، لە پێکهێنانی دەوڵەت لەلایەن هاوپەیمانیی سەدرەوە ڕێگری بکەن و خۆیان بکەونە پێگەیەکەوە کە دەوڵەت پێک بێنن. بێ دەلیل نییە کە ڕژیمی ئیسلامی لە ڕووی داماوی و تەقەلا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ لایەنی ڕەقیب، دەست دەداتە فشاری جۆراوجۆر و هێرشی مووشەکی بۆسەر هەرێمی کوردستان تا لەڕێگەی عەمەلیاتی نیزامیی تەخریبی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، پێگەی لەدەست چووی خۆی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا بەدەست بێنێتەوە.
لەڕاستیدا ئەوەیکە ئێستا پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و موعادلاتی کەڵان لە عێراق دیاری دەکات نەک ڕێژەی دەنگەکانی پەرلەمان، بەڵکوو ئاستی هێزی چەکدار و دەسەڵاتی نیزامی، سەرچاوەی ماڵی و دۆلاری نەوت، ڕێکەوتنی پشتی پەردە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان گرووپ و فرقە سیاسی و مەزهەبییەکان و سەهم وەرگرتن لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیە. هەڵبەت دەخاڵەتی دەسەڵاتە جیهانی و ناوچەییەکان و پشتیوانییان لەم گرووپانەش دەبێ بەحیساب بێنین. جموجۆڵی گرووپ و میلیشیا ئیسلامی و کۆنەپەرستەکان، بووەتە هۆی ناسەقامگیری و لێکهەڵوەشانی تانوپۆی کۆمەڵگەی عێراق و فەزای ئەم کۆمەڵگەیەی بۆ زۆربەی خەڵکی ستەملێکراو و بێبەش، موتەشەنیج و نائەمن کردووە.
بێگومان هیچ ئاسۆیەکی هیوابەخش بۆ چوونەدەرەوە لە قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی عێراق لەڕێگەی ڕقابەت و بەند و بەستی نێوان حیزب و هێزە سیاسییەکان، بوونی نییە. بەڵام هاوکات لەگەڵ بەند و بەستی حاکمان، ناڕەزایەتی و خەباتی کۆمەڵایەتی لە قووڵایی کۆمەڵگەدا لەدژی ئەم باروودۆخە بەردەوام لەئارادا بووە. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ لە عێراق و لوبنان ڕەنگدانەوەی ئەم ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییە و ئەم بزووتنەوە ڕادیکاڵە سیاسییە بوو. ئەم ئاخێزە جەماوەرییە کە دژبە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، دژبە گەندەڵی و تاڵانکاریی دەسەڵاتی سیاسی، دژبە داگیرکاریی ئیمپریالیسم بە ڕێبەریی ئەمریکا و دژبە دەخاڵەتگەریی دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، بەتایبەت ئاژاوەگێڕیی کۆماری ئیسلامیی، بەڕێوەچوو، لەسەرکارلابردنی هەموو دەسەڵاتداران لە میحوەری خواستەکانیدا بوو. ئاکامی ئەم تووڕەیی و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییە لە بایکۆتی بەرین و سەرانسەریی دوایین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لەلایەن زۆرینەی خەڵکی ئەم دوو وڵاتەوە خۆی نیشان دا.
ناڕەزایەتی و تووڕەیی پنگخواردووی جەماوەری خەڵک دژبە قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی بەرین جاروبارە بە بەرینایی کۆمەڵگە هەڵدەچێت و دەسەڵاتی هەموو گرووپە دەسەڵاتدارەکان و دەوڵەتە دەخاڵەتگەرەکان دەباتە ژێر پرسیارەوە. پێگەی کۆماری ئیسلامی لە بواری ڕەقابەت لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ناوچەکە لە عێراق یەکجار لاواز بووە. خەڵکی تووڕەی عێراق لە ناڕەزایەتی و ڕێپێوانیاندا، دژبە کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی سەر بەم ڕژیمە و دەست نیشاندەکانی درووشم دەڵێنەوە و ڕاشکاوانە خوازیاری چوونەدەرەوەی کۆماری ئیسلامی و دەخاڵەت نەکردنی لە کاروباری ناوخۆیی عێراق دان. بێگومان گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە لەڕێگەی ڕاپەڕینی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە ناوخۆی ئێران و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و سۆسیالیستی، خاڵێکی وەرچەرخانی هیوابەخش دەبێت بۆ پێکهێنانی ئاڵۆگۆری بەرین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەڕانەوەی ئاسایش و ئەمنییەت بۆ خەڵکی ستەملێکراوی عێراق.