کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە بە ناوی “ئازاد نووری” و دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی “زانیار ڕاحزادە” و “ئەشکان”، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە سنووری بانە بەسەختی بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، شەوی پێنجشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، ئازاد نووری خەڵکی شاری بانە لە سنووری ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە لای سەر، پشت، دەست و پێی پێکراوە و بەسەختی بریندار بووە. هەروەها شەوی چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی “زانیار ڕاحزادە”، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی “دەڕەپەنبەدان”ی سەر بە شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە بریندار کرابوو. هاوکات کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی ئەشکان تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، کە (ناوبانگی هێشتا ڕوون نەبووەتەوە)، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار بووە.