فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی تاوانە جەنگییەکانی حکوومەتی ئیسرائیل لە غەززە، سەلمێنەری ناوەرۆکی درۆینەی دیفاعی ڕژیمی ئیسلامی لە خەڵکی فەلەستین
شەممە ۲۷-۰۸-۱۴۰۲   |  18-11-2023

یەک مانگ و نیو لە داگیرسانی شەڕی تاوانکارانەی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی فەلەستین تێدەپەڕێ. شەڕێک کە ڕۆژی حەوتی ئۆکتۆبر بە هێرشی گرووپی تیرۆریستیی حەماس و کوشتی سەدان کەس لە خەڵکی شاروچکەنشینەکانی ئیسرائیل دەستیپێکرد. بەڵام لەم ماوەیەدا ماشێنی جەنگی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل درێژەی بە جینۆسادی خەڵکی فەلەستین داوە و بە پشتیوانیی ئەمریکا و زلهێزەکانی دیکەی ڕۆژئاوا بە پاساوی “مافی بەرگری کردن لە خۆ”، بەردەوام منداڵان و خەڵکی بێتاوانی کەرتی غەززەی کوشتووە. نیوەی کەرتی دوو ملیۆن کەسیی غەززە و زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی ئەم ناوچە بچووکەی لەگەڵ خاک یەکسان کردووە و تەنانەت نەخۆشخانە و خوێندنگاکانیشی جێ نەهێشتووە. ئەرتەشی ئیسرائیل بێشەرمانە هۆشدار بە خەڵکی ئەم شارانە دەدات کە ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن و ئاوارەی ناوچەکانی دیکە بن کە لەوێ لە بۆمبارانی ئەرتەشی داگیرکەری ئیسرائیل لە ئەماندان. لە جەریانی ئەم کۆمەڵکوژییەدا هەتا ئێستا زیاتر لە ١١ هەزار کەس و لەناویاندا نزیک بە ٥ هەزار منداڵ گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزار کەس بریندار بوون و زیاتر لە ٥٠ لەسەدی ماڵی خەڵک زیانی بەرکەوتووە و وێران بووە و پتر لە یەک ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون. ئەم کوشتارە بەکۆمەڵەی خەڵکی فەلەستین لە حاڵێکدا لەئارادایە کە کەرتی غەززە بەتەواوی گەمارۆ دراوە، جەریانی بەرقی قەتع بووە و دانیشتووانی بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و خۆراک و دەرمان یەکجار لە مەزیقەدان.

لەونێوەدا کۆماری ئیسلامی کە هەتا ئێستا ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلاری لە بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران کردووەتە خەرجی پێکهێنان و بەهێزکردنی ڕەوتە تیرۆریست و کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان لە لۆبنان، فەلەستین، سووریە، عێراق، یەمەن و شوێنەکانی تر، مەعلووم بوو کە ناتوانێ بۆ نەجاتی یەکێک لە ئەندامانی هێزەکانی میحوەری موقاومەت کارێک بکات. عەلی خامنەیی دوای هێرشی تیرۆریستیی حەماس لە ڕۆژی ١٥ی مانگی ڕەزبەر بەخاتری کوشتاری منداڵان و لاوانی خەڵکی ئیسرائیل خۆشحاڵی دەربڕی و وتی کە: “باسک و ناوچاوانی موجاهدان و داڕێژەرانی لێزانی ئەم هێرشە” ماچ دەکات. و یان دواتر هەڕەشەی دەکرد کە “ئەگەر شەڕ درێژەی بێت هێزەکانی میحوەری موقاومەت ناڕەحەت دەبن و بۆیان تەحەمول ناکرێ و ئەگەری هەموو ڕووداوێک هەیە”. بەڵام درێژەی یەک مانگ و نیوی ئەم شەڕە جەنایەتکارانەیە نیشانی دا کە “میحوەری موقاومەت”ی دەستسازی کۆماری ئیسلامی بێجگەلە مووشەک هاویشتنی سنووردار نەیتوانیوە لەم شەڕەدا بۆ یارمەتیدانی یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی هیچ کارێک بکات. هەواڵنێریی ڕوویتێرز لەسەر زاری مەقاماتی کۆماری ئیسلامی و حەماس ئاشکرای کرد کە ئیسماعیل هەنیە ڕێبەری حەماس یەک هەفتە دوای دەستپێکی ئەم شەڕە لە تاران لەگەڵ عەلی خامنەیی دیداری کردووە، بە هیوای ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا وەک ڕێبەری “میحوەری موقاومەت” یارمەتیی حەماس بدەن و بەدژی ئیسرائیل بێنە ناو ئەم شەڕەوە. بەڵام خامنەیی وێڕای پشتیوانیی سیاسیی لەفزی لە حەماس، بە هەنیەی وتووە : ”کۆماری ئیسلامی نەتەنها نایەتە ناو ئەم شەڕەوە بەڵکوو ئێوە دەبێ ئەو دەنگانەش کە دەیانهەوێ کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا بێنە ناو ئەم شەڕەوە خامۆش بکەن”.

حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حیزبوڵڵای لۆبنان و “میحوەری موقاومەت”ی کۆماری ئیسلامیش ڕۆژی هەینی ١٢ی مانگی خەزەڵوەر یەک مانگ دوای دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل دژی خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین، هەروەک خامنەیی لێدوانێکی گشتیی سەبارەت بەم شەڕە دا. میحوەری سەرەکی وتەکانی نەسروڵڵا لە وتارەکەیدا ئەوە بوو کە حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامی و باقی گرووپەکانی بەناو “میحوەری موقاومەت” لە هێرشی حەماس بۆسەر شارۆچکەنشینەکانی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکان، دەخاڵەتێکیان نەبووە. هەڵوێستی خامنەیی و حەسەن نەسروڵڵا سەبارەت بە بەشداری نەکردنیان لە شەڕ، ڕێبەرانی حەماسی شۆکە و نائۆمێد کرد. لەحاڵێکدا کە زیاتر لە چوار دەیەیە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە خومەینی و خامنەیی و فەرماندە حیزبوڵڵاهییەکانی سپای پاسداران تا حەسەن نەسروڵڵا و حەماس و باقیی ڕەوتە ئیسلامییەکان فریوکارانە بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل تەبلیغات دەکەن، حەماس چاوەڕوانی ئەوە بوو کە لەگەڵ وەڕێکەوتنی ئەم شەڕە هەموو هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاومەت”ەکەیان دەستبەجێ بێنە ناو شەڕ و قسەکەی خامنەیی کە وتبووی “بەم زووانە ئیسرائیل نابوود دەبێ” وەدی بێت. لە ڕۆژانی یەکەمی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و دژەئینسانییەدا، “محەممەد زیف” یەکێک لە فەرماندە نیزامییەکانی حەماس لە پەیامێکدا وتی: ”برایانی ئێمە لە (میحوەری موقاومەتی ئیسلامی) لە لۆبنان، ئێران، یەمەن، عێراق و سووریە! ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە موقاومەتی ئێوە لەگەڵ خەڵکی فەلەستین یەک دەگرێت.

لە ڕۆژانی یەکەمی ئەم شەڕە جەنایەتکارانەیەدا ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بەوە خۆشحاڵ بوون کە بەڵکوو بتوانن بە نیشان دانی دەست هەبوونیان لەم شەڕە، وەک کارتێک لە موعامەلە و وتووێژ و سازان لەگەڵ ئەمریکا کەڵکی لێ وەرگرن. کاربەدەستان و دەزگا زانیارییەکانی ئەمریکاش بەئامانجی دوور ڕاگرتنی کۆماری ئیسلامی لەم شەڕە بەردەوام ڕایاندەگەیاند کە “نیشانەیەک لە دەخاڵەتی کۆماری ئیسلامی لەم شەڕەدا بوونی نییە”. ئەوەیکە هەتا ئێستا لەم شەڕە دژەئینسانییە دژبە خەڵکی بێدیفاعی کەرتی غەززە دەبیندرێت ئەوەیە کە ڕەوتی ئیسلامیی حەماس لەم شەڕەدا بەرەوڕووی شکستێکی قورس بووەتەوە. بەڵام ئەم شەڕە بۆ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کەرتی غەززە کە زیاتر لە ١٦ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی هەژاری و زەبروزەنگی ڕەوتی کۆنەپەرستی ئیسلامیدا ژیانێکی فەلاکەتباریان بەسەردا سەپاوە، بەهایەکی یەکجار قورسی بووە.

لەئێستادا بەرەیەکی مەزنی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە سەرانسەری جیهان بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و بۆمبارانی دەوڵەتی داگیرکەر و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و بۆ دیفاع و هاوپشتی لەگەڵ ئازادیی خەڵکی فەلەستین کەوتووەتە ڕێ. ئەم حەرەکەتە جیهانییە هاوسەنگیی هێزی بە قازانجی بەرەی خەباتی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین گۆڕیوە و پێویستە درێژەی بێت. خەڵکی مافخوازی فەلەستین کە خاوەنی پێشینەی زیاتر لە حەفتا ساڵ خەبات دژی جینوساید و داگیرکاریی حکوومەتی ئیسرائیلن، بۆ کۆتایی هێنان بەم ژیانە کارەساتبارەیان بە یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ هێزە پێشڕەوەکان و خەڵکی ئازادیخواز لە ئیسرائیل و سەرانسەری ناوچەکە و جیهان دژی ڕژیمی فاشیست و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و دژی ڕەوتە کۆنەپەرستەکانی حەماس و جەهادی ئیسلامی پێویستە بێنە مەیدان. یەکگرتن و پشتیوانیی کرێکاران و خەڵکی فەلەستین لەگەڵ کرێکاران و هێزە پێشکەوتنخوازەکان لە ئیسرائیل کە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیلن و پشتیوانی بزووتنەوەی هاوپشتی لەگەڵ ئازادیی فەلەستین لەئاستی جیهان و هۆگرایەتیی جیهانیی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی فەلەستین، ئەو هێزەیە کە دەتوانێ کۆتایی بە ڕەگەزپەرستی و داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل بێنێت و مافی بنەڕەتیی نەتەوەی فەلەستین بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بێنێتە دی. نە ڕەوتە ئیسلامییەکان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی عەرەبی و خودی ئیسرائیل بۆ لاوازکردنی بزووتنەوەی چەپ و ئازادیخواز و پێشکەوتووی فەلەستین پێکهاتوون و نە دەزگای گەندەڵی “فەتح” لە لێواری ڕۆژائاوای ڕووباری ئۆردۆن، ناتوانن داکۆکیکاری ڕزگاریی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی فەلەستین لە هەڵاواردن و بێمافی و داگیرکاری بن.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co