
لە کاتێکدا کە هەزاران کەس لە خەڵکی ئازادیخوازی ئیسرائیل لە تێلاڤیڤ بەردەوام بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان خوازیاری کۆتایی کوشتار و برسی ڕاگرتنی منداڵانی فەلەستینی و گەڕاندنەوەی ئەو دیلانەن کە لە دەستی گرووپی کۆنەپەرستی ئیسلامیی حەماسدان، دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل بە بێ بایەخدان بە خواستی خەڵک، جنایات و نەسکوژی لەدژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە درێژە دەدات.
ڕۆژی شەممە ١٧ی مانگی جۆزەردان بە هەزاران کەس لە خەڵکی مرۆڤدۆست و ئازادیخوازی ئیسرائیل بە کۆبوونەوە لە مەیدانی “دیلەکان” لە تێلاڤیڤ لەڕێگەی بەدەستەوە گرتنی وێنەی ئازیزانیان و بە وتنەوەی دروشم لەدژی دەوڵەتی نەتانیاهۆی فاشیست خوازیاری ڕاگرتنی شەڕ و گەڕاندنەوەی دیلەکان بوون. ئەوان هاواریان دەکرد “خەڵک دیلەکان هەڵدەبژێرن نەک شەڕ”. لەم پەیوەندییەدا ئەنجومەنی بنەماڵەی بەدیلگیراوان، ڕایگەیاند: “تەنیا ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە بۆ گەڕاندنەوەی ئازیزانمان، سەرکەوتی ڕاستەقینە دەستەبەر دەکات”. هەڵبەت ئەمە نەک هەر خواستی ئەو بنەماڵانەیە کە ئازیزانی بەدیلگیراویان لەلایەن حەماسەوە هێستا زیندوو ماون، بەڵکوو خواستی ئەو کچەشە کە لەم دواییەدا مەرگی باوکی پشت ڕاست کراوەتەوە. ئەم کچە لاوە لە وتارێکدا لەم خۆپیشاندانە ڕوو بە دەوڵەتی نەتانیاهۆ وتی: “چیتر گیانی سەربازەکانمان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی باوکەکانمان و ئەو کەسانەی زیندوو ماونەتەوە، مەخەنە مەترسییەوە. ئەوان لەڕێگەی ڕێککەوتنەوە بگەڕێننەوە”. بەوتەی دەوڵەتی ئیسرائیل هێستا ٥٥ دیل، زیندوو یان مردوو لە دەستی حەماسدا ماون کە گۆیا تەنیا ٢٠ کەسیان زیندوون. ئەم خۆپیشاندانە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە دوایین قۆناغی دانوستان بۆ ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوبژیی میسر، قەتەر و ئەمریکا بێ ئاکام مایەوە و گەیشتە بنبەست.
دەوڵەتی نەتانیاهۆ لە ٢٠ مانگی ڕابردوودا بە پشتیوانیی ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی ڕۆژاوا، بە وەحشیگەریی و بەربەرییەت، هەموو کەرتی غەززەی کردووەتە وێرانە. زیاتر لە ٥٤ هەزار کەسی کوشتووە. پتر لە ١٥٠ هەزار کەسی بریندار و کەم ئەندام کردووە. ٢ ملیۆن کەسی لە خەڵکی بێ پەنای غەززە، کە لەلایەن حەماسیشەوە لەژێر هەڕەشە و فشاردان، ئاوارە و هەڵوەدا کردووە. بەڵام هێستا نەیتوانیوە بە هیچ کام لە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی بگات. نەیتوانیوە حەماس لەناو ببات. نەیتوانیوە ئەمنیەتی ئیسرائیل زەمانەت بکات. نەتەنیا بەدیلیگراوانی لەڕێگەی شەڕەوە ئازاد نەکردووە بەڵکوو خۆی ژمارەیەک لەوانیشی لەماوەی ئەم شەڕەدا کوشتووە. نەتانیاهۆ کە بە بیانووی بوونی مەترسیی حەماس حازر بە قەبووڵکردنی ئاگربەست نییە، لە کردەوەیەکی دژەئینسانیدا بۆ ماوەی یەک حەفتە هەموو سنوورەکانی بەرووی ئەو بارهەڵگرانەی یارمەتیی مرۆڤدۆستانەیان دەبرد، داخست و ٢ ملیۆن منداڵ و پیر و لاوی لە بەرامبەر چاوی خەڵکی دنیادا بەرەوڕووی برسیەتی و قاتی و مەرگی بەشێنەیی کردووە.
دەوڵەتی نەتانیاهۆی فاشیست دوای ئەم ماوەیەش بە ئامانجی داگیرکردنی بەشێکی تر لە خاکی فەلەستین، خەڵکی لە ناوچەیەکی سنوورداردا کۆکردووەتەوە و هەموو ڕۆژێ ئەو خەڵکەی کە بۆ وەرگرتنی خۆراک کۆدەبنەوە، بە بیانووی بێبنەما وەبەر گولـلە دەدات و بۆ چۆڵکردنی غەززە دەیانخاتە ژێر فشارەوە. ئەم دەوڵەتە جنایەتکارە تەنیا دوای پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی جیهانی، ڕێگەی دا بەشێوەیەکی سنووردار یارمەتییە خۆراکییەکان بگەنە غەززە. ناوەندی بەناو “مرۆڤدۆستانەی غەززە” کە لەلایەن ئەمریکاوە لە غەززە خراوەتە ڕێ، لە ڕاستای پێشخستی سیاسەتی کۆچی زۆرەملیی ئیسرائیلدا لەگەڵ خەڵکی فەلەستین ڕەفتار و هەڵسووکەوت دەکات.
لە درێژەی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیەدا، ئەرتەشی ئیسرائیل لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، ئەو خەڵکە برسییەی کردە ئامانج کە بۆ وەرگرتنی خۆراک مەودایەکی زۆریان بڕیبوو و بەرەو چوار شوێنی دابەشکردنی خۆراک ڕۆیشتبوون. هەواڵنێریی دویچە ولەی ئاڵمان لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند کە ڕۆژی شەممە ١٧ی مانگی جۆزەردان، بەهۆی بۆمبارانی ماڵێک لە ناوچەی سەبرا لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە زیاتر لە ٦٠ فەلەستینی کوژران کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵ بوون. هەڵبەت ڕاپۆرتی ناوەندە مەدەنییەکان باس لەوە دەکات کە ٨٥ کەسیش هەروا لەژێر ڕووخاوەکانی ئەم بۆردومانەدا گرفتارن. بێجگەلە ئەوەش، هەر لەو ڕۆژەدا لە شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، ٣٦ کەسی دیکە لەوانە ٦ کەس لە نزیک ناوەندێکی دابەشکردنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستدا. هاوکات لە باکووری غەززەش بەهۆی بۆمبارانی ناوچەی “جبالیا البلد” لەلایەن ئیسرائیلەوە، ٨ کەس لە ماڵێکدا کوژران و لە نزیک ناوەندێکی دابەشکردنی خۆراک لە ڕۆژاوای غەززە ٤ کەسی تر کوژران. بەپێی هەر ئەم ڕاپۆرتە زیاتر لە ٧٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی سەرمایەداری بە بەستنی چاویان بەسەر ئەم جنایاتە لەژێرناوی بەڕەسمی ناسینی مافی بەرگری کردن بۆ ئیسرائیل، شەریک و هاودەستی نەسلکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل و سەپاندنی قاتی و برسیەتی بەسەر خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستینن. هێندێک لەو دەوڵەتانە تەنانەت لەناو وڵاتەکەیاندا هەرجۆرە ئاگادارکردنەوەیەک سەبارەت بە کوشتار و جنایاتی ئیسرائیل لە غەززە بە دژایەتی کردنی یەهوودی پێناسەی دەکەن و بەم شێوەیەش لە دەوڵەتی ئیسرائیل و تاوانەکانی پشتیوانی دەکەن.
بەڵام لە بەامبەر ئەم جنایاتەی دەوڵەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانانیدا، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی مانگی جۆزەردان “کۆمیتەی نێونەتەوەیی شکاندنی گەمارۆی غەززە” لە کردەوەیەکی ئینسانیدا ڕایگەیاند: کەشتیی یارمەتیگەیاندنی “مادلین”، کە حەفتەی ڕابردوو لە سیسیلی ئیتالیاوە بەرەو غەززە کەوتە ڕێ و هەڵگری ١٢ چالاکی نێونەتەوەیی ژینگەپارێز لەوانە تازەلاوێکی بەناوبانگی سوئێدی بەناوی “گرێتا تونبێرگ”ە و هەڵگری خۆراکی منداڵ و دەرمانە، گەیشتووەتە ئاوەکانی میسر و لە لێوارئاوی غەززە نزیک بووەتەوە. ئەم کەشتییە لەلایەن هاوپەیمانییەک لە ڕێکخراوە مرۆڤدۆستە نێونەتەوەییەکان بەئامانجی ڕاکێشانی سەرەنجی بیروڕای گشتیی جیهان و شکاندنی گەمارۆی غەززە کەوتووەتە ڕێ. “کۆمیتەی نێونەتەوەیی شکاندنی گەمارۆی غەززە” ڕایگەیاند: “چالاکانی ناو بەلەمی مادلین سەرەڕای دژایەتی و هەڕەشەکانی ئیسرائیل ڕێگایان درێژە دەدەن تا پەیامی خەڵکی جیهان بە گەمارۆدراوانی غەززە بگەیەنن و پێیان بڵێن (ئێوە بەتەنیا نین). بەڵام هێزی دەریایی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٩ی مانگی ژوئەن بەر لەوەی کەشتییەکە بگاتە لێواری ئاو، لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا دەستیان بەسەردا گرت و کۆنتڕۆڵیان گرتە دەست.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە