
لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا حکوومەتی تاوانکاری ئیسرائیل بەئامانجی دەرکردنی خەڵکی ستەملێکراوی غەززە لە وڵاتی خۆیان، بۆ جارێکی تر تاوانەکانی لەدژیان پەرەپێداوە. دەوڵەتی ئیسرائیل لە چەند حەفتەی ڕابردوودا وەحشیانەتر لە ڕابردوو هێرشی کردووەتە سەر ناوەندەکانی کۆبوونەوەی ئاوارەکان و ئاماری قوربانییانی خەڵکی بێدیفاع بەردەوام ڕۆ لە زیادبوونە. ئێستا نەک هەر دەوڵەتی ئیسرائیل بەڵکوو بەکرێگیراوانی چەکداری ئەمریکاش ڕۆژانە خەڵکی برسیی غەززە وەبەر گولـلە دەدەن. دوای ئەوەیکە لە کۆتاییەکانی مانگی گوڵاندا پاش دوو مانگ و نیو گەمارۆدانی دوو ملیۆن کەس لە خەڵکی غەززە، مەترسیی مردنی گشتی بەهۆی قاتی و برسیەتی چووە سەرێ، دەوڵەتەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ژێر فشاری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە بەرینەکانی جەماوەری ئازادیخواز و مرۆڤدۆست لە زۆرێک لە وڵاتان، ناچار بە شکاندنی ئەم گەمارۆ دژەئینسانییە بەشێوەی سنووردار بوون و ئیسرائیل مەجبوور بوو ڕێگە بدات ڕۆژانە ژمارەیەک لە کامیۆنەکانی هەڵگری خۆراک بچنە ناو غەززەوە.
تا بەر لە گەمارۆدانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، ڕۆژانە ٦٠٠ کامیۆن و بارهەڵگری خۆراک و پێداویستییەکانی ژیان لەژێر چاوەدێریی “ئانروا”، ئاژانسی فریاکەوتن و چالاکییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆمەک بە ئاوارەکانی فەلەستین دەچوونە ناو غەززەوە و لەناو خەڵکدا پێداویستییەکانیان دابەش دەکرد. دەوڵەتی نەتانیاهۆی فاشیست ساڵی ڕابردوو بەئامانجی درێژەی جنایەت و نەسلکوژی لە غەززە، بە لێدانی تۆمەتی بێبنەمای هاوکاریی ئەم ئاژانسە لەگەڵ حەماس، ژمارەیەک لە کارمەندانی “ئانروا”ی دەرکرد. بەدوای ئەوەدا زۆرێک لە دەوڵەتەکان لەسەر داوای ئەمریکا و ئیسرائیل یارمەتییە ئینسانی و ئابوورییەکانی خۆیان بۆ ئەم ناوەندە ڕاگرت. ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە هەتا ئەو کات زیاتر لە ١٤٠ کەس لە فریاگوزارانی “ئانروا” لە بۆمبارانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەست دابوو.
بەدوای ڕاگیرانی چالاکیی “ئانروا”، ئەمریکا لە کردەوەیەکی جنایەتکارانەدا دەستی دایە پێکهێنانی ناوەندێکی وابەستە بەخۆی لەژێرناوی “ناوەندی مرۆڤدۆستانەی غەززە” و بەشێوەیەکی ئازاردەر و سنووردار، کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ناویان ناوە دڵۆپێک لە دەریایەک، دەستی کرد بە دابەشکردنی خۆراک لە ناو خەڵکی برسی و کارەساتلێدراوی غەززەدا. ئەمجارە ژمارەیەکی دیکە لە دەوڵەت و ناوەندە نێونەتەوەییەکان بەهۆی پێشێلکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ، لەلایەن دامەزراوەی ئەمریکایی ” ناوەندی مرۆڤدۆستانەی غەززە “، لە کۆمەک و هاوکاریی کردنی خۆیان بوارد و بە مەترسیدار و نامرۆڤانە و داوێک بۆ مەرگی خەڵکی غەززە وەسفیان کرد.
” ناوەندی مرۆڤدۆستانەی غەززە” لە ڕاستیدا پڕۆژەیەکە لەلایەن ئەمریکا و دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ وەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و نیزامییەکانی خۆیان و بۆ داگیرکردنی تەواوی غەززەیە. ئەم دامەزراوەیە بە برسی ڕاگرتنی خەڵکی ستەملێکراوی غەززە لەڕێگەی دابەشکردنی یەکجار کەمی خۆراک لەناویاندا، دەیهەوێ ئەوان لە بەرامبەر دوو بژاردەی قبووڵکردنی مەرگی بەشێنەیی یان چۆڵکردنی بەناچاری غەززە دابنێت. ئەمریکا بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پڕۆژە نامرۆڤانەیە، دەستی کردووە بە بەستنی قەرارداد لەگەڵ پەیمانکارانی باندە چەکدارە نێونەتەوەییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردن و فشار خستنە سەر خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین لە کەرتی غەززە.
بەمجۆرە، جیا لە ئەرتەشی ئیسرائیل ئەوانیش ڕۆژانە بەرەو ئەو خەڵکەی بۆ وەرگرتنی خۆراک ناچارن سەردانی ناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراک بکەن، تەقە دەکەن و دەیانکوژن. خەڵکی جیهان ڕۆژانە دیمەنی دڵتەزێنی کوژران و ئەشکەنجە و ئازاری منداڵان، ژنان و پیاوانی برسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە تەلەڤیزیۆنەکاندا دەبینێ کە هەوڵ دەدەن بۆ وەرگرتنی تیکە نانێک خۆیان بگەیەننە ناوەندەکانی دابەش کردنی خۆراک. بەپێی ئاماری دەفتەری مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ٤٤%ی کوژراوەکانی غەززە ئەو منداڵانەن کە بۆ تێرکردنی خۆیان و بنەماڵەکەیان بەرەو ئەو ناوەندانە دەڕۆن.
ڕۆژی هەینی ٢٠ی مانگی پووشپەڕ دەفتەری مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ ڕایگەیاند کە: “لە ٦ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٧٩٨ کەس لە کەرتی غەززە لەکاتی هەودان بۆ وەرگرتنی خۆراک کوژراون کە ٦١٥ کەس لەم قوربانییانە لە نزیک شوێنەکانی دابەشکردنی خۆراک بە تەقەی گولـلە گیانیان لەدەستداوە. بەشێک لە جنایەتی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لەلایەن ڕێکخراو و ناوەندە نێونەتەوەییەکان ئاشکرا کراوە و بەم هۆیەوە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی مانگی پووشپەڕ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا خانمی “فرانچسکا ئاڵبانز”، ڕاپۆرتدەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری فەلەستین، بە تۆمەتی “پەرەپێدانی دژایەتیی یەهوودی و پشتیوانی کردن لە تیرۆریزم” تەحریم دەکات. ئەم ئینسانە بەڵێندارە، لە ڕەوتی ئەرکەکەیدا، ڕاپۆرتی ڕەخنەگرانەی توندی لە دژی کردەوەی کۆمپانیا ئەمریکایی و ئیسرائیلییەکان و بەرپرسانی ناوەندە دەستسازەکەی ئەمریکا نووسی. ناوبراو وێڕای تاوانبارکردنی حکوومەتی ئیسرائیل بە درێژەدان بە جینۆساید، داوای لە هەموو وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ کرد، گەیاندنی چەک بۆ ئیسرائیل و پەیوەندییە دارایی و بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەم حکوومەتە ڕابگرن. هەڵبەت ئیدارەی ترامپ لەم دواییەدا، لە هەنگاوێکی هاوشێوەدا بۆ پشتیوانی لە حکوومەتی ئیسرائیل، چوار دادوەری دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی تەحریم کرد کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ نەتانیاهۆ دەرکردبوو.
ئەرتەشی تاوانکاری ئیسرائیل بە شانازییەوە ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر نزیکەی ٢٥٠ ئامانج لە غەززە. ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی مانگی پووشپەڕ، ٩٤ فەلەستینی لە هێرشی ئاسمانی و بۆمبارانی ئیسرائیلدا کوژران کە ٤٥ کەسیان لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی یارمەتی خۆراکی گیانیان لەدەستدا. دوابەدوای ئەوە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل و دامەزراوەی مرۆیی سەر بە ئەمریکا لە غەززە، دابەشکردنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانەیان نیزامی کردووە و وەک تاکتیک بۆ برسیکردن لە دژی خەڵکی فەلەستین و بۆ لەناوبردنیان وەک بەشێک لە جینۆساید بەکاری دەهێنن.
واقعییەت ئەوەیە کە ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی نەسلکوژ و دژی خەڵکی فەلەستین، بە هاوکاریی ئەمریکا و هاوپەیمانانی خۆی دەست لە کوشتار و جنایەت هەڵناگرێت. جەماوەری ستەملێکراوی فەلەستین لە غەززە لەماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە گرووپی تیرۆریستی حەماسیش بێجگەلە هەژاری و نەهامەتی و سەرکوتی ئازادی و مافی سەرەتایی ئینسانی، شتێکی تریان نەدیوە. لە وەها بارودۆخێکدا ڕێگای ڕزگاریی کرێکاران و خەڵکی ڕەنجدیتووی فەلەستین پێکهێنانی پەیوەند و هاوپشتی لەگەڵ هێز و مرۆڤە ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانە. تەنیا درێژە و پەرەپێدان بە بزووتنەوەی جیهانی بۆ بەرگری لە ئازادیی فەلەستین و بۆ مەحکووم کردنی نەسلکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل دژبەم میللەتە ستەمدیدەیە، دەتوانێ هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەڵکی فەلەستین بگۆڕێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە