لە درێژەی چڕبوونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران خەڵک هاتنە سەر شەقامەکان و لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم وەکوو هەمیشە، تووشی شەڕ و دەرگیری نابەرابەر بوونەوە.
شەوی شەممە ٧ی خەزەڵوەر، خەڵکی شاری “پیرانشار” بۆ یادی چلەی “زەکەریا خەیاڵ” هاتنە سەر شەقامەکان و لەبەر دەرگای ماڵی “کەماڵ حوسێن پوور” بەناو نوێنەری “سەردەشت ـ پیرانشار” خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و لە ئاکامدا لەلایەن دەستوپێوەند و هێزەکانی ڕژیم و بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی کڵاشینکۆف تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد.
بەپێی زانیارییەکان چەند هاووڵاتی لەو شارە گیانیان بەختکرد کە یەکیکیان منداڵێکی ٨ ساڵانە بوو و چەند کەسیش دەستبەسەر کران.
لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش وەکوو بانە، سەقز، مەهاباد، بۆکان، سنە، میاندواو و زۆربەی شارەکانی دیکە خۆپیشاندان و شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لە ئارادا بووە.
لە شارەکانی ئێران وەکوو هەمەدان، تاران، مەشهەد، بەندەرعەباس، گیلان، مەراغە و زۆربەی شارەکانی دیکە وێڕای خەڵکی کوردستان ڕژانە سەر شەقامەکان و بە وتنەوەی دروشم دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە.