فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان لە ئێران
دوشەممە ۱۶-۰۸-۱۴۰۱   |  07-11-2022

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ١٥ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو له‌ چه‌ندین شاری ئێران دژبه‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی ڕژانه سه‌ر شه‌قام و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوون.
پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی گیان به‌ختكردنی “نه‌سرین قادری” خه‌ڵكی قاره‌مانی مه‌ریوان دژبه‌ كۆماری ئیسلامی ڕژانه سه‌ر شه‌قام و له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كی ئه‌و شاره‌ به‌ ئاگركردنه‌وه‌ و داخستنی شه‌قامه‌كان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوون و لانیكه‌م ٥٠ كه‌س به‌ ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌كانی ڕژیم برینداربوون، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌ خۆجێیه‌كان خه‌ڵكی توڕه‌ی مه‌ریوان ده‌فته‌ری نوێنه‌ری ئه‌و شاره‌ له‌ مه‌جلیسی ڕژیم و ئۆتۆمبێلی به‌كرێگیراوێكیان سووتاند و به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی ئه‌و شاره‌ هێزیان له‌ سنه‌ و سه‌قزه‌وه‌ بۆ مه‌ریوان گواسته‌وه‌.
لە لایەکی دیکەوە ژنانی ئازادیخوازی بۆكان بۆ دووهه‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام به‌ فڕیدانی چارشێو و به‌ جلی كوردی له‌ شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره ‌پیاسه‌یان كرد و دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”یان به‌رز كرده‌وه‌.
له‌گه‌ڕه‌كی غه‌فووری شاری سنه‌ و له‌ شه‌قامی فێرده‌وسی كرماشان شۆڕشگێڕان به‌ كردنه‌وه‌ی ئاگر و به‌ستنی شه‌قامه‌كان ڕێگای هاتووچۆی هێزه‌كانی ڕژیمیان داخست.
له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی سادقییه‌ و حه‌فت حه‌وزی تاران خه‌ڵكی ناڕازی بۆ جارێكی دیكه‌ ڕژانه سه‌ر شه‌قام و دژبه‌ عه‌لی خامنه‌یی دروشمیان وته‌وه‌.