فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی خەباتی خانەنشینان بۆ پەیگیریی داخوازییەکانیان
یەکشەممە ۳۰-۱۱-۱۴۰۱   |  19-02-2023
درێژەی خەباتی خانەنشینان بۆ پەیگیریی داخوازییەکانیان

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی مانگی ڕێبەندان بۆ جارێکی تر سەدان کەس لە خانەنشینکراوانی تەئمینی ئیجتماعی لە ناڕەزایەتی بە وەدی نەهاتنی خواستەکانیان لە لایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە لە بەرامبەر ئیداراتی “تەئمینی ئیجتماعی” ڕژیم لە هێندێک لە شارەکانی ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە یەک ڕۆژ دوای گاڵتەجاڕی حکوومەتیی ٢٢ی بەهمەن بەڕێوەچوون کە بەپێی ڕاپۆرتەکان سەرەڕای هەوڵ و هەڕەشەی دامودەزگا ئەمنییەکان ڕژیم ئەم ڕۆژەی بە بێ ڕەونەقیی کامڵەوە بەڕێوەبردووە. هەتا ئێستا هیچ کام لە وادە و بەڵێنی فریوکارانەی حکوومەتی ئیسلامی لەپێوەند لەگەڵ داخوازیی خانەنشینکراوان وەدی نەهاتوون. حکوومەتی وەرشکستەی کۆماری ئیسلامی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا نەتەنیا خواست و داخوازیی خانەنشینکراوانی جێبەجێ نەکردووە، بەڵکوو بەوپەڕی بێشەرمییەوە گەلێک جار بە هێرشکردنە سەر سندووقەکانی تەئمینی ئیجتماعی خانەنشینکراوان پووڵێکی زۆری لێ زەوت کردوون و هیچکاتیش نەیداونەوە. لەو داخوازییەکانەی خانەنشینان کە ڕژیم هەتا ئێستا جێبەجێی نەکردوون بریتین لە خواستی بردنەسەرەوەی حقوقی زیاتر لە هێڵی هەژاری، خزمەتگوزاریی دەرمانی بەخۆڕایی، بردنەسەرەوەی ئاستی ئیمکانات بۆ خانەنشینان و پەرداخت نەکردنی ٢٥ لەسەد هەمسانسازی و حیسابکردنی جێژنانە بە ئەندازەی جێژنانەی کرێکارانی شاغڵ. ناڕەزایەتیی پەیگیر و یەکگرتوو لەلایەن خانەنشینان، موعەلیمان و خوێندکاران و کرێکاران لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ساڵەهایە لەئارادایە. سەرەتای مانگی ڕێبەندانیش خانەشینانی موخابرات لە ناوەندەکانی ئۆستانی تاران، خوراسانی ڕەزەوی، کرماشان، ئیسفەهان، کوردستان، یەزد، ئەردەبیل، گیلان ئۆستانی مەرکەزی، لۆرستان و چوارمەحاڵ بەختیاری بەهۆی جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان هاتنە سەر شەقام و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

لەپێوەند لەگەڵ ناڕەزایەتیی خانەنشینان، هەتا ئێستا حکوومەتی ئیسلامی بە پاساوی کەمبوونەوەی بیمە پەردازان و زۆربوونی خانەنشینانێک کە حقوق وەردەگرن، خواستەکانیانی جێبەجێ نەکردووە. ئەم نابەرپرسبوون و پاساوە بێ ناوەرۆکەی ڕژیم لە حاڵێکدایە کە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا لە لایەحەی بودجەی ساڵانەدا مەحەلێک بۆ پەرداختی حقوقی خانەنشینان لەبەرچاو دەگیرێت و دەوڵەت لە هەر حاڵەتدا خۆی بە ئەرکدار دەزانێت کە حقوق و مەزایای خانەنشینان بەپێی سەبەدی مەعیشەتی ژیانی بنەماڵە بدات. بەڵام حکوومەتی ئیسلامیی دز و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا بەنیسبەت دابینکردنی مەعیشەتی خانەنشینان کە تەمەنێک لە بەشە دەوڵەتیەکاندا کاریان کردووە کەمتەرخەمە، بەڵکوو پووڵی سندووقی دابینکردنی بیمەی تەئمینی ئیجتماعیش تاڵان دەکات. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە لەلایەحەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٢ لە سەرفەسڵی “دین و تەبلیغ”دا بوودجەی چوار هەزار و ٤٥٨ ملیارد تمەن لەبەرچاوگیراوە کە لە ساڵی داهاتوودا بە ٣٨ ناوەند و ڕێکخراوی تەبلیغی و خورافی مەزهەبی لەوانە بە “سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی وەزارەتی ئیرشاد” بدرێت تا بچێتە گیرفانی ئەو مفتەخۆرانەوە کە یەک ڕۆژیش بۆ بەرەوپێشچوونی ئومووراتی کۆمەڵگە کاریان نەکردووە. بەڵام لە بەرامبەر دابینکردنی بوودجەی خانەنشینکراوانی شەریف کە تەمەنی خۆیان لە کار و چالاکیی کۆمەڵایەتیدا تێپەڕاندووە، پاساوی ئەوە دێێنەوە کە جەمعیەتی بیمەپەرداز زۆر بووە و ژمارەی خانەشینان کەم بوونەوە.

ڕەئیسیی قاتڵ دوو هەفتە لەمەوبەر دەستی کرد بە درۆ و دەلەسە و فریوکاری و ئیدیعای کرد کە حقوقی خانەنشینان چووەتە سەرێ، ڕوتبەبەندیی موعەلیمان ئەنجام دراوە و تەعرەفەی پەرستارانیش ئیسلاح کراوە. بەڵام کۆماری ئیسلامی بەم درۆیانە ناتوانێ لە زەبری بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، خوێندکاران و باقیی توێژەکانی تری کۆمەڵگە خۆی دەرباز کات. ئەوە تەنیا خانەنشینکراوان نین کە درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان دەدەن. لەڕاستای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا بێجگەلە خانەنشینکراوان هەمان ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندان ئەنجومەنی سینفیی موعەلیمانی زەحمەتکێشی ئۆستانی فارسیش لە بەیانییەیەکدا، داوای لە هەموو موعەلیمانی ئەم ئۆستانە کردووە کە ڕۆژی چوارشەممە سێی مانگی ڕەشەممە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەبەرن. لەم بەیانییەیەدا تەئکید کراوە کە حقوقە دواخراوەکانمان لە نیوەی دووهەمی ساڵی ١٤٠٠ەوە هەتا ئێستا پەرداخت نەکراون. خواست و داخوازیی ئابووری – سیاسیی فەرهەنگیان هەروا لەجێی خۆیەتی و هەتا وەدی هاتنیان دەست لە ناڕەزایەتی و خەبات هەڵناگرن. بۆ نموونە چەند داخوازییەک کە لەم بەیانییەیەدا هاتوون بریتین لە: بەکردەوەدەرهێنانی کامڵی ڕوتبەبەندی، بردنەسەرەوەی حقوقی ساڵانە بەپێی ڕێژەی تەوەرۆمی ساڵانە، بانگ نەکردنی هاوکارانی شاغڵ بۆ هەیئەتی تەخەلوفاتی ئیداری و مەنعی پەروەندەسازی بۆ ئەوان و هەڵوەشاندنەوەی ئەحکامی دەرکراو، بەڕێوەبردنی پەروەردەی بێبەرامبەر، کۆتایی هێنان بە پادگانی کردنی مەدرەسەکان و نەفرۆشتنی ئەمواڵی دەوڵەتی.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی مانگی ڕێبەندانیش چەندین بەیانییە لەلایەن کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی تاران و خوێندکارانی “پێشڕەو” بڵاوکرایەوە کە تێیدا لەسەر درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەراسەری تا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی تەئکید کرابوو. لە بەشێک لەم بەیانییەیەدا هاتبوو کە: “ئێمە لەم ڕێگایەدا کوشتە و بریندارمان داوە، بارانی گولـلە لە ئاسمانەوە باری و جۆگەلەی خوێن کەوتە ڕێ، سەربەدار بووین، چووینە زیندان بەڵام هەروا لەسەر هەڵوێست و باوەڕمان سوورین. خواستی ئێمە خواستی خەڵکی شۆڕشگێڕە و ئامانجی ئێمە ڕووخاندنی ڕژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامییە و هەتا سەرکەوتنی یەکجاری لەگەڵ خەڵکین.

ئەم ناڕەزایەتییانە لە حاڵێکدا بەڕێوە دەچن کە سەرانی کۆماری ئیسلامی زەبوونانە وای نیشان دەدەن کە ئەم بزووتنەوەیان سەرکوت کردووە. بەڵام هەموو کردەوە و پاشەکشەکانی ڕژیم لە فەرمانی فریوکارانەی “عەفوی زیندانیانی سیاسی” تا دەست بە دامانی مەداحان و خواهەرانی زەینەب و پێرسۆنێلی نیزامی و هێتر هەر هەمووی نیشانەی شکستی کۆماری ئسیلامییە لەبەرامبەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەریدا کە زیاتر لە پێنج مانگە درێژەی هەیە و کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە سەرکوتی بکات. سەرانی حکوومەت ناتوانن بەبێ وڵامدانەوە و وەدیهێنانی داخوازیی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و ناڕازی، بە سەرکوت و کوشتار و فریو و درۆنانەوە ڕژیمی گەندەڵ و وەرشکستەی خۆیان لە ڕووخانی حەتمی نەجات بدەن. بێگومان زۆر ناخایەنێ کە درێژە و گەشەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری و هاتنە مەیدانی بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیەکان دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە یەکجاری ڕیشەکێش دەکات.

تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co