
خولی چوارەمی گفتۆگۆکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە مەسقەت پایتەختی عومان ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی مانگی گوڵان بەڕێوەچوو. ئەم دانوستانەش کە سێ کاتژمێری خایاند هەروەک سێ دانوستانەکەی پێشوو لە پشت دەرگای داخراو و بە بێ بەشداریی هەواڵنێران بەڕێوەچوو. بەڵام بەپێچەوانەی ڕابردوو، بۆ خولی داهاتووی گفتوگۆکان کات و شوێن دیاری نەکرا. لایەنەکانی ئەم دانوستانە، جارێکی تر بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوە بۆ ڕای گشتی بدەن، تەنیا باسێکی گشتی و ناڕوونیان کرد و بۆ نموونە وتیان گفتوگۆکان باش بووە و لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەچووە و هیتر. لێدوانەکانی عێراقچی و ویتکاف دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی چوارەم، بەپێچەوانەی قسەکانی چەند ڕۆژ پێشتریان، بەڕواڵەت نیشانەی ڕەزامەندیان لە گفتوگۆکان بوو. وەزیری دەرەوی عومانیش بە هەمان شێوە، ڕۆژی یەکشەممە دوای کۆتایی هاتنی گفتوگۆکان باسی لە بوونی “ئیدەی بەسوود و داهێنەرانە” کرد و وتی لایەنەکان تامەزرۆی گەیشتن بە “ڕێککەوتنێکی ڕێزدارانە”ن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، عێراقچی ئەم خولەی دانوستانەکانی زۆر دژوار و ڕاشکاوانە ناوبرد.
بڕیار بوو ئەم کۆبوونەوەیە لە ١٣ی گوڵاندا لە ڕۆم بەڕێوە بچێت. بەڵام بە هۆکاری گۆیا لۆجیستیکی ، کات و شوێنەکە گۆڕدرا و بەسەرنجدان بەوەیکە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات ناوەڕۆکی دانوستانەکان بە نهێنی بهێڵێتەوە، لە عومان بەڕێوەچوو. بەڵام لە خولی چوارەمی دانوستانەکاندا، بە پێچەوانەی خولەکانی پێشوو، ئەو شارەزا تەکنیکیانەی کە بەرپرسیارن لە لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی هەڵگرتنی سزاکان، بەشێک نەبوون لە تیمی دانوستانکار و ئامادە نەبوون. ئەم بابەتە لەگەڵ لێدوانە ناتەباکانی ترامپ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی ئەمریکا نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا بایەخ بە فەراهەم کردنی بارودۆخ بۆ پێشخستنی دانوستانێکی جیددی نادات. کەناڵی “سی ئێن ئێن” ڕایگەیاند کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەدوای گەڵاڵەکرانی مەرجە نوێیەکانی ئەمریکا، ڕایانگەیاندووە کە وەستاندنی بەحەفتەی گفتوگۆکان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئامادەکردنی سێناریۆیە بەئامانجی بەرەو شکست بردنی.
لە ڕۆژانی پێش خولی چوارەمی دانوستانەکان، ویتکاف، نوێنەری ترامپ بۆ دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بە تۆنێکی هەڕەشەئامێز و سووکایەتیپێکەرانە ڕایگەیاند: “کۆماری ئیسلامی لە چاو دە ساڵ لەمەوبەر لە پێگەیەکی زۆر لاوازتردایە. هەربۆیە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە قبوڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن و هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. ئەگەر دانوستانەکانی ڕۆژی یەکشەممە ئاکامی نەبێت، درێژەی نادەین و ڕێگایەکی دیکە دەگرینە بەر”. ناوبراو بەپێچەوانەی لێدوانەکانی پێشووی، وێڕای ڕاگەیاندنی زیادکردنی مەرجەکانی ئەمریکا بۆ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وتی: ئێران دەبێت بەتەواوی هەموو سایت و سەنتەرفیوژ و دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە نەتەنز، ئیسفەهان و فۆردۆ کۆبکاتەوە. پیتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن کۆماری ئیسلامی لە ناوەوە، بۆ ئەمریکا هێڵی سوورە و نابێ ئەنجام بدرێت”.
لە لایەکی دیکەوە عەباس عێراقچی لە چەند ڕۆژی پێش کۆبوونەوەی چوارەمدا ڕایگەیاند کە: “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیامی دژبەیەکمان لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە. ئامانجی ئەمریکا لە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بێبەش کردنی ئێمە لە مافە ئەتۆمییەکانمانە. ئێمە دەستبەرداری ئەو مافە نابین و پاشەکشە ناکەین”.
هەڵبەت تا ئێستا لە کۆشکی سپیدا بۆچوونی جیاواز سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی هەبووە و پێدەچێت ئیدارەی ترامپ سیاسەتێکی یەکگرتوو و ڕوونی لەو بارەوە نییە. لە سەرەتای دانوستانەکاندا بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا پیتاندنی یۆرانیۆمیان بەڕێژەی ٣.٦٧ بۆ کۆماری ئیسلامی لە ناوەوەی ئێراندا بە ڕێگەپێدراو دەزانی. هەندێکی تریش دەڵێن کە پیتاندن لە ئێران هێڵی سووری ئەمریکایە و نابێت درێژەی بێت و ئەگەر کۆماری ئیسلامی بۆ دابینکردنی وزەی “ئاشتیانە” پێویستی بە یۆرانیۆم هەبێت، دەتوانێت لە ئەمریکا بکڕێت یان لە وڵاتانی دیکەوە هاوردەی بکات. ترامپ کە گەشتێکی سێ ڕۆژەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردووە و سەردانی سێ وڵاتی دەوڵەمەندی سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و قەتەر دەکات، بە تۆنێکی هەڕەشەئامێز سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە هیوادارە لەگەڵ تاران بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی پێش بە هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بگرێت.
بەڵام کێشەی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەند لەگەڵ قەیرانی ئابووری و هەوڵ بۆ لابردنی گەمارۆکان تەنیا ئەمریکا نییە. سێ دەسەڵاتی ئورووپا واتە فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیاش کە لەم قۆناغەدا لەلایەن ئەمریکاوە لە دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی خراونەتە لاوە، وێڕای سەپاندنی فشاری زیاتر بۆ سەر کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیان کردووە کە مێکانیزمی ماشە لەدژی ڕژیم چالاک دەکەن. وەزیری دەرەوەی فەڕانسە ڕۆژی ٨ی مانگی گوڵان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: “کۆماری ئیسلامی لە هەموو بەڵێنە ئەتۆمییەکان تێپەڕیوە و گەیشتووەتە ئاستی دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی. فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا لە ئەگەری هەڕشەی ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامیدا، دەستبەجێ هەموو سزاکان لەدژی ئێران دەگەڕێننەوە”. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕەخنەی لە ڕوانگەی تاکلایەنەی ئەمریکا لەئاست قەیرانی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی گرت و واژۆکردنی هەرجۆرە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە پەیوەند لەگەڵ چالاکیی ئەتۆمی بە بێ بەشداریی ئەم ڕێکخراوە، بە لەتە کاغەزێک وەسف کرد کە کۆماری ئیسلامی لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نزیک دەکاتەوە.
عەباس عێراقچی کە بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بۆ هەڵوشاندنەوەی گەمارۆکان ئومێدی بەستووە، لە وڵام بە هەڕەشەی دەسەڵاتەکانی ئورووپا، لە یادداشتێکدا وێڕای ئینفعالی وەسف کردنی هەڵوێستی ئێستای ئەم سێ دەوڵەتە ئورووپاییە، ستراتێژی ئەوانی لە پەیوەند لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی واتە “چالاک کردنی مێکانیزمی ماشە” بە مەترسیدار ناوبرد و وتی ئەم ستراتێژییە دەتوانێ قەیرانێکی نوێ لە بواری پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیدا پێکبێنێت.
واقعییەت ئەوەیە کە قەیرانی کۆماری ئیسلامی هێندە قووڵ و بەرینە کە کۆمەڵگای ئێرانی گەیاندووە ئاستی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی. لەئێستادا کە سیاسەت و ستراتێژی پڕ هەزینەی ژئۆپۆلیتیکی حکوومەتی ئیسلامی شکستی خواردووە و تاقمەکانی بەناو “میحوەری موقاومەت” لێک بڵاو بوون، ستراتێژی ئەتۆمیی ڕژیمیش لەژێر فشاری ئەمریکا لەلایەک و دەسەڵاتە ئورووپاییەکان لەلایەکی دیکەوە بەرەوڕووی هەمان چارەنووسی شکست و ناکارامەیی بووەتەوە. لە وەها بارودۆخێکدا کە خامنەیی بە خواردنەوەی جامی ژەهری دانوستان و سازان لەگەڵ ئەمریکا، دەیهەوێ لە ژێر فشاری گەمارۆکاندا پشتی ڕاست بکاتەوە، دانی بەوە داناوە کە دەسەڵاتەکەی لەگەڵ مەترسیی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانە بە زەبری خەباتی ڕیشەداری کرێکاران، زەحمتکێشان و هەژارانی کۆمەڵگا بەرەوڕوو بووەوە. ئەو مەترسییەی کە نە خامنەیی و نە کادری ڕێبەریی سپای پاسداران بە تەسلیمبوون لە بەرامبەر ئەمریکاشدا ناتوانن لەسەر خۆیانی لابەرن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە