ئامێنە دەرویژە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار کە نزیک بە سێ حەفتە لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە، تا هەنووکە لە گرتنگەی ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ورمێ ڕاگیراوە. ناوبراو لە ڕەوتی ڕاپەڕین و خۆراگری خەڵکی شاری پیرانشار دەستبەسەر کراوە.
لە کۆتاییی مانگی خەزەڵوەر، ئامێنە دەرویژە، خەڵکی شاری پیرانشار، لە کاتێکدا لە شەقامێکی ئەو شارە و لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ڕاپەڕیو بە دوای منداڵەکەیدا دەگەڕا، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە کاتێکدا بە نیگەرانییەوە بە دوای منداڵەکەیدا دەگەڕا، بەهۆی ماندووبوون و ژان و ئازاری زۆری “پێ”یەوە لە گۆشەیەکدا دانیشتبوو کە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم هێرشیان کردووەتە سەر ناوبراو و دەستبەسەریان کردووە. ئامێنە دەرویژە کە دایکی دوو منداڵە، نزیک بە ٢١ ڕۆژە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری ورمێ ڕاگیراوە. تا هەنووکە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە ناڕوونە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەشی هیچ ئاکامێکی نەبووە.