لەدرێژەی ڕفاندن و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بەفرانبار، هێزەکانی ڕژیم لە شارەکانی سنە و جوانڕۆ، سێ هاووڵاتییان دەستبەسەر و ڕاپێچی شوێنێکی نادیار کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی یەکشەممە “فەرهاد مەلەکی” خەڵکی ئاوای”تەنگیسەر”ی سەر بە شاری سنە و دانیشتووی مەریوان، لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە دەستبەسەر کرا. شایانی باسە، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاوڵاتییە و دەستیان بەسەر کەلوپەلی شەخسی و ئەندامانی بنەماڵەکەی دا گرتووە. هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، هاووڵاتییەک بە ناوی “کیان میر ئەحمەدی” خەڵکی شاری جوانڕۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هاووڵاتییەک بە ناوی”سامان محەممەدی” خەڵکی نایسەری سنە، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم سێ هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.