
لە درێژەی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم هەیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی “ئەفشین عەلیزادە” تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی ئاوایی “هەرکیان”ی سەر بە ناوچەی شپێرانی شاری سەڵماس و دانیشتووی ورمێ و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووە.
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەیەکی ئاگادار، زیاتر لە ٢٠ کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دوای لێدان و دەستبەسەر کردنی، دەستیان بە سەر مۆبایل و لاپتۆپی منداڵەکانیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە. تا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەفشین عەلیزادە و شوێنی ڕاگیرانی هیچ زانیاریەک لەبەر دەستدا نییە.