
لەدرێژەی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤، “بێهرووز شەریفیان” تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵكی شاری بۆكان، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لەمشارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و دوای تێپەڕبوونی ١٢ ڕۆژ، زانیارییەك لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، بەدواداچوونەكانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە، تا ئێستا بێ ئاكام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەكان لە پێدانی هەرجۆرە وڵامێك لەم بارەوە خۆیان پاراستووە. هەرلەم پێوەندەدا، ڕۆژی چوارشەممە ۴ی پووشپەڕی ١٤٠٤، دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، عەلیڕەزا خالیدی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی حەسەن ئاباد سەر بە ناوچەی سۆما برادۆستی ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەلیڕەزا خالیدی پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەو لاوە تەمەن ۲۲ ساڵە بەبێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەر و سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان، شوێنی ڕاگرن و چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.