لە درێژەی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەرمانان، موحسین ئەسەدی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی کامیاران، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، موحسین ئەسەدی، کە باوکی دوو منداڵە لە دووکانی پەردە فرۆشییەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی کامیاران دەستبەسەرکراوە. هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەرمانان، فەریدە قەهرەمانی فەر، تەمەن ٦٤ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان و ئەندامی ئەنجوومەنی فەرهەنگیی خانەنشینکراوان لەو شارە، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە. ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانانیش، پژمان عەزیزی، خەڵکی هەرسین لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا. پژمان عەزیزی و موحسین ئەسەدی لەدوای دەستبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ وەرگرتنی هەواڵ لەبارەی چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە بێ ئاکام ماوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “نگڵ”ی سەر بە ناوچەی کڵاتەرزانی سنە، بە ناوەکانی “ماهان نەساجی”، تەمەن ٢٧ ساڵ، “موبین پەروین”، تەمەن ٢٧ ساڵ و “عادڵ (شاخەوان) میرزایی”، تەمەن ٣۵ ساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.