لەم دوایانەدا وەزارەتی ناوخۆی ڕژیمی ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە هیچ کۆچبەرێکی ئەفغانستانی حەقی مانەوە، نیشتەجێبوون و کارکردنی لە پارێزگای کرماشان نییە و بۆ کۆکردنەوە و دەستبەسەرکردنیان لەم پارێزگایە، مۆڵەتێکی ١٣ ڕۆژەی دیاریکردووە. حەمزە سولەیمانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆچبەرانی پارێزگای کرماشانیش ڕایگەیاند کە ڕەوتی شناساییکردنی کەسانی بیانی لە ٢٨ی مانگی پووشپەڕەوە دەستیپێکردووە و هەتا ١٠ی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢ درێژەی دەبێت. ئەم مۆرەیەی ڕژیمی ئیسلامی لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی حکوومەتیی مێهر وتی: “بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ، مانەوە و نیشتەجێبوون و یان بەکارگرتنی کەسانی ئەفغانستانی لە هەموو ناوچەکانی پارێزگای کرماشان قەدەغە ڕاگەیەندراوە”. ئەم کارگێڕەی ڕژیم هۆشداری داوە کە ئەگەر خاوەنکارێک ئەم بڕیارە نادیدە بگرێت و کۆچبەری ئەفغانستانی دامەزرێنێت، سەرپێچیی ئەنجامداوە. ڕەوتی شناسایی و بەدواداچوون و دەستبەسەرکردنی کۆچبەرانی ئەفغانستانی لە پارێزگای کرماشان لە حاڵێکدایە کە بەوتەی عەبدوڵڵا قیومی، فەرماندەی سنووریی بەندەری ئیسلام قەلعە، “ڕۆژانە ٢٠٠٠ تا ٢٥٠٠ و هێندێک ڕۆژ تا ٣٠٠٠ کۆچبەری ئەفغانی لە ڕێگەی ئەم سنوورەوە، لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان دەردەکرێن.
زیاتر لە سێ دەیەیە بەهۆی سیاسەتی شەڕخوازیی ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری و شەڕ و پێکدادانی گرووپە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان لە ئەفغانستان ملیۆنان کەس لە خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیدەی ئەم وڵاتە، ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر لەوانە ئێران دەبن. ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ڕژیمی ئیسلامی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی حکوومەتیی ئیسنا وتی: “بەرئاوردکراوە کە زیاتر لە ٥ ملیۆن کەسی ئەفغانستانی لە ئێران نیشتەجێن”. ئەم ئینسانە ستەملێکراوانە لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بەبیانووی جۆراوجۆر دەخرێنە ژێر گوشار و هەڵاواردنەوە و ئەزیەت و ئازار دەدرێن.
درێژەی دەرکردنی کۆچبەرانی ئەفغانستانی و پەرەپێدانی وەها هەڵسووکەوتێک بەرانبەریان لەحاڵێکدایە کە زۆربەی ئەم کەسانە کرێکارن و بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا لەم وڵاتە کاریان کردووە، زەحمەتیان کێشاوە و هاوشان لەگەڵ هاوچینەکانی دیکەیان لە ئێران چەوساونەوە و بۆ سەرمایەرداران سەروەتیان خوڵقاندووە. پاساو و بیانووی ڕژیم بۆ دەرکردنی ئەم ئینسانانە و بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتە، زیانباربوونی حزووری کەسانی ئەفغانستانی لەبواری ئەمنیەتی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت سڵامەتی و پەرەپێدانی بێکارییە. ئەم سیاسەتە دژەئینسانییەی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران دژبە کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانستانی لەڕاستیدا هەمان سیاسەتە کە لە سەرانسەری جیهان لەلایەن ئەحزابی ڕەگەزپەرستی ڕاستەوە بەڕێوەدەچێت. ئەم ڕەوتانە بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە ناسینی ڕیشەی قەیرانی کۆمەڵگای سەرمایەداری، کەسانی بیانی وەک هۆکاری بێکاری پێناسە دەکەن. ئامانجی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش لەم گوشارانە بۆسەر کۆچبەرانی ئەفغانستانی بۆ ئەوەیە دەسەڵاتەکەیان کە سەرچاوەی بێکاری و هەموو نەهامەتییەکانی کۆمەڵگایە نەکەوێتە بەر تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەر و ئەوان بە هۆکاری بێکاری و ئازارە کۆمەڵایەتییەکان بناسێنن.
هەڵسووکەوتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ئەو خەڵکە ناوشیارەی کە تەبلیغاتی شوڤێنیستیی ڕژیم دژبە کەسانی ئەفغانستانیی کاریگەریی لەسەر داناون، تەواوەن نامرۆڤانەیە. بەدواداچوون و دەستبەسەرکردن، نەدانی حەقدەست بە کرێکاران، بەکارهێنانی بێرەحمانەی منداڵانی ئەفغانستان بۆ کاری سەخت و مەترسیدار، بێبەریکردنیان لە خوێندن و مەحرومکردنی ئەوان و ژنانی دووگیان لە خزمەتگوزاریی تەندروستی و ئەزیەت و ئازار و سووکایەتی و بێحورمەتی ڕۆژانە تەنها بەشێک لەو نەهامەتییانەیە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بیری پرتووکاوی شوڤێنیستی، بەسەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئەفغانستانیدا سەپاندووە. سیاسەتی دژەکۆچبەریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە جێگەیەک کە تەنانەت داوایان لە دووکانداران و خەڵکی ئاسایی کردووە کە لە ئەفغانستانییەکان کارتی ئیقامەتیان بوێ و لەدژیان سیخوڕی بکەن و بە پۆلیسیان بێناسێنن.
واقعیەت ئەوەیە کە بە هەر معیار و پێوەرێک، کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانستانی بەشێک لە جەمعیەتی کرێکارانی ئێرانن و پێویستە بە هاووڵاتیی ئەم کۆمەڵگایە بەحیساب بێن و لە هەموو مافەکانی هاووڵاتیبوون بەهرەمەند بن. کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانستانی بەشێکی دیکە لەو هێزە کارە هەرزانەن کە سەرمایەداران و خاوەنانی کار بە کەڵک وەرگرتن لە بیری پرتووکاوی شۆڤێنیستی و لەڕێگەی فەزای خۆف و ترسێک کە دەزگاکانی سەرکوتی دەوڵەت لەناو ئەم بەشە لە کرێکاراندا پێکی دێنن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافی سەرەتایی و کەرامەتی ئینسانییان بە وەحشیانەترین شێوە دەیانچەوسێننەوە. کۆچبەرانی ئەفغانستانی بەشێکن لە چینی کرێکار و خەڵکی ستەملێکراوی ئێران و پێویستە بەرانبەر بە شەپۆلی دەرکردن و هەڵسووکەوتی دژەئینسانیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لە هەموو مافێکی ئینسانی و هاوڵاتیبوونیان پشتیوانی بکرێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە