فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی مانگرتنی شۆفیری بارهەڵگرەکان لەژێر فشاری هەڕەشە و گرتندا
دوشەممە ۱۲-۰۳-۱۴۰۴   |  02-06-2025

مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیری بارهەڵگرەکان لە ئێران ڕۆژی یەکشەممە ١١ی مانگی جۆزەردان پێی نایە یازدەهەمین ڕۆژەوە. درێژەی ئەم مانگرتنە و پەرەستاندنی بۆ ١٥٥ شار لە سەرتاسەری ئێران، سەرەڕای فشاری دەزگا سەرکوتگەرەکانی حکوومەتی ئیسلامی و هەڕەشە و دەستگیرکردنی چالاکان، نیشانەی ئیرادەی قایم و هوشیاری و پێگەیشتوویی ڕێبەرانیەتی. “یەکیەتیی ڕێکخراوەکانی خاوەن بارهەڵگر و شۆفیرەکانی سەرتاسەری ئێران” لەم ماوەیەدا توانیویەتی وێڕای گەڵاڵەکردنی داخوازییەکانی ئەم مانگرتنە، هاوپشتی و یەکگرتوویی ڕیزەکانی شۆفیرەکان زیاتر بکات و بە هوشیارییەوە پیلانگێڕیی مۆرە ئەمنیەتییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ تێکشکاندنی ئەم مانگرتنە پووچەڵ بکاتەوە. لەلایەکی دیکەوە ئەم مانگرتنە توانیویەتی شەپۆلی بەرینی هاوپشتیی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، شۆرا و ناوەندە پیشەییەکان، خانەنشینان، کۆمەڵێک لە ژنانی بەندکراوی سیاسی و هیتر، نەتەنیا لە ناوەوە بەڵکوو دەرەوەی ئێرانیش بەرەوخۆی ڕاکێشێت. لەڕاستیدا دەکرێ ئەم مانگرتنە وەک خاڵێکی وەرچەرخانی دیکە لە حەرەکەتی ڕوو لە گەشەی کۆمەڵگا حیساب بکرێت.

ئەم مانگرتنە تەنانەت لەو دیوی سنوورەکانیش لەلایەن هاوچارەنووسانی مانگرتووانەوە پشتیوانیی لێکرا. ڕۆژی یەکشەممە ١١ی مانگی جۆزەردان لە کاتێکدا کە ڕێگا و دەربازگە سنوورییەکان لە کوردستان بارهەڵگرێکی تێدا نەدەبیندرا ، لەو دیوی سنوور لە هەرێمی کوردستان شۆفیر بارهەڵگرەکان سەرەڕای یازدە ڕۆژ چاوەڕوانی بۆ گواستنەوەی بارەکانی کوردستانی ئێران، لە دیدارە تەلەڤیزیۆنییەکاندا نەتەنیا گلەییان نەدەکرد بەڵکوو ڕاشکاوانە لە مافی مانگرتن بۆ هاوچارەنووسانیان لەو دیوی سنوور پشتیوانییان دەکرد. ئەوان بە باسکردنی بارودۆخی نالەباری ژیان لە ئێران، مانگرتنیان بە مافی ڕەوای شۆفیرەکان زانی و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە ٥٥٠ هەزار شۆفێری بارهەڵگر لە ئێران کار دەکەن. مانگرتنی بەردەوامی بەشێکی زۆر لە شۆفێرانی بارهەڵگر لە پیشەسازی گواستنەوەدا، یەکێک لە ژێرخانە ئابوورییەکانی ئێرانی ئیفلیج کردووە و سووڕی بەرهەمهێنان لە هەندێک پیشەسازی و خزمەتگوزاریدا وەستاندووە و ئابووری لاواز و ئیفلاسی حکومەتی ئیسلامی زیاتر خستۆتە قەیرانەوە. ئەم مانگرتنە لە هەمان کاتدا کە گرینگی ڕێکخستن و ڕۆڵی یەکیەتیی ڕێکخراوەکانی خاوەنانی بارهەڵگر و شۆفێرەکان لە ڕێکخستنی ئەم مانگرتنەدا نیشان دەدات، دەتوانێ مۆدێل و نموونەیەکی سەرکەوتوو بێت لە ڕێکخستنی مانگرتنی سەرتاسەری بۆ بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری ئێران. مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگرەکان بەشێکە لە بازنەی مانگرتن و ناڕەزایەتی بەربڵاو و ڕۆژانەی کرێکارانی ئێران کە گرنگی ڕێکخراوەی چینایەتی و جەماوەریی سەربەخۆ لە دەوڵەت، بەڕوونی نیشان دەدات. بە قەولی ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجەی مەجلیسی شۆرای ڕژیم: ” لە هەموو شوێنێک ناڕەزایەتی هەیە. خاوەن بارهەڵگرەکان، خاوەن کانگاکان، کارخانەدارەکان، شۆفیرەکان، نانەوایان، خانەنیشان، هەر هەموویان ناڕازین”. هەڵبەت لە ڕوانگەی ئەم کارگێڕەی حکوومەتەوە، کە شڵەژاوە و نیگەرانی مانەوەی دەسەڵاتەکەیانە، ئەم ئاستە لە ناڕەزایەتی ئاسایی نییە و حەتمەن دەستی پشتی پەردەی “دوژمنانی نیزامی ئیسلامی” لەکاردایە.

دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیش دروست بەم ڕوانگەیەوە هەر لەسەرەتاوە هەڕەشە و ترساندن و دەستبەسەرکردنی شۆفیرانیان خستە ڕێ و کردەوەی هەمیشەیی و قیزەونی ناچار کردنی هێندێک لە شۆفیرەکان بە لێدوانی تەلەڤیزیۆنی لەژێر ئەشکەنجەی وەحشیانەیان دووپات کردەوە. بەڵام بەم حاڵەشەوە هەتا ئێستا نەیانتیوانیوە ئەم مانگرتنە بشکێنن. ئەم تاکتیکەی ڕژیم نەتەنیا قازانجێکی بۆی نەبووە، بەڵکوو خواستی ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی دەستبەسەرکراوانی خستووەتە ئەولەوییەتی داخوازییەکانی “یەکیەتیی ڕێکخراوەکانی خاوەن بارهەڵگر و شۆفیرەکانی سەرتاسەری ئێران” و لە هەموو ڕاگەیاندن و بەیاننامەکانیان بۆ پشتیوانی لەم مانگرتنە، لەسەری پێداگری کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی مانگی جۆزەردانیش خانەنشینکراوانی ناڕازی لە ئیعترازاتی خۆیان لە شارەکانی ئەهواز، ڕەشت و ئیسفەهان بۆ جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتنی شۆفیری بارهەڵگرەکان بە دروشمی “شۆفیری بەندکراو دەبێ ئازاد بکرێ” ڕاگەیاند. ڕێکخراوە کرێکارییەکانی دیکە لەوانە سەندیکای شیرکەتی واحدی ئوتوبووسڕانیی تاران و دەوروبەر، شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پەیمانیی نەوت، شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی غەیری ڕەسمی (ئەرکانی سالس)، سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە، شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، کرێکارانی بەرق و فلێزی کرماشان، کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، گرووپی یەکیەتیی خانەنشینان، خانەنشینانی خووزستان، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەیی سنە، ڕێکخراوەکانی پەرستاران و خوێندکاران و هیتر لەڕێگەی ڕاگەیاندن و بەیاننامەوە پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتنی شۆفیران و خاوەن بارهەڵگرەکان ڕاگەیاند.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی، دەوڵەتی پزشکیان بۆ قەرەبووکردنەوەی “ناتەرازی” دارایی، دەستی کردووە بە دزی کردن لە خاوەن بارهەڵگر و شۆفیرەکانیش. دەوڵەت بە بردنەسەری نرخی گازۆیل و سێ نرخی کردنی، بە هێنانە خواری سەهمی گازۆیل بۆ خاوەن بارهەڵگرەکان و بە بەرزکردنەوەی حەقی بیمەی شۆفیرەکان بۆ سێ ملیۆن و سێسەد هەزار تمەن، فشارەکانی لەسەریان زیاتر کردووە. خاوەن بارهەڵگرەکان زۆر جار وتوویانە: “بەشێکی بەرچاو لە داهاتمان دەبێ بدەینە شیرکەتە بیمەکان. بەڵام نە ئێستا لە خزمەتگوزاری دەرمانیی بیمەی کۆمەڵایەتی کەڵک وەردەگرین و نە لە کاتی خانەنشینیدا حقووقمان بەشی خەرجییەکانی ژیان دەکات”. چوونەسەری ڕۆژانەی بەهای پێداویستییەکانی شۆفیران و خاوەن بارهەڵگرەکان بۆ نموونە چوونەسەری سەهمی کۆمیسیۆنی باربەرییەکان لە ١٣%ەوە بۆ ٤٥%، بەرزبوونەوەی نرخی ڕۆنی مۆتۆر و چوونەسەری نرخی لاستیکی ماشێن لە ١٥ ملیۆن لە ساڵی ڕابردوو بۆ ٣٠ ملیۆن تمەن، لەئێستادا بەشێک لە کێشەکانیانە.

مانگرتنی بەرینی شۆفیران و خاوەن بارهەڵگرەکان کە کاریگەریی لەسەر گشت کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگا داناوە نیگەرانییە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمی زیاتر کردووە و دەوڵەتی ناچار بە دانی وادە و بەڵێن کروودە. فاتمە موهاجرانی وتەبێژی دەوڵەتی پزشکیان ڕایگەیاند کە لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە نرخی گازۆیل بۆ خاوەن بارهەڵگرەکان نەچێتە سەرێ، سەهمیەی گازۆییلیان کەم نەبێتەوە و هەزینەی بیمەش زیاد نەکرێت. بەڵام شۆفیران و خاوەن بارهەڵگەرەکان هیچ متمانەیەکەیان بە قەول و قەرار و بەڵێنەکانی حکوومەتی ئیسلامی نییە. بێگومان دانی ئەم بەڵێنانە خۆی نیشانەی پاشەکشەی حکوومەتی ئیسلامی لە بەرامبەر ئیرادەی قایمی شۆفیران و خاوەن بارهەڵگرەکانە.

بەڵام لە بارودۆخی قەیرانی قووڵی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامیدا هیچ ئاسۆیەک بۆ باشتر کردنی ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بوونی نییە. درێژە و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی هاوئاهەنگ و سەرتاسەری بۆ سەپاندنی داخوازییەکان ئامرازێکە لە دەستی کرێکاران و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا کە دەتوانن لەم ڕێگەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هێرش بۆسەر کار و ژیانیان ناچار بە پاشەکشە بکەن.

لە بارودۆخی نەبوونی ڕێکخراوەکانی جەماوەری و چینایەتی و سەرتاسەریی کرێکاراندا کە بتوانن خەباتی پڕژوبڵاوی کرێکاران یەکپارچە و لەئاستی سەرتاسەریدا ڕێبەری بکەن، ئەوە ڕێبەران و چالاکە کرێکارییەکان لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزارین کە لە پەیوەند و هاوکاری لەگەڵ یەکتر، وە بە پێکهێنانی شۆراکانی هاوکاری دەتوانن تا ڕادەیەک بۆشایی نەبوونی ڕێکخراوەی جەماوەری و سەرتاسەریی کرێکاران پڕ بکەنەوە. لە بارودۆخی وەرچەرخاوی ئێستادا هەنگاوێکی گرینگ و پێویست بۆ پێشخستنی خەباتی کرێکارانی ئیران، پێکەوە پەیوەنددانی چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری لە ناوەند و بەشە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، جێخستنی ئەم پەیوەندی و هاوکارییانە و پێکهێنانی هاوئاهەنگی بۆ هاوکات کردن و سەرتاسەری کردنی مانگرتنە کرێکارییەکانە. ئەو مانگرتنانەی کە دەتوانن ببنە بڕبڕەی پشتی مانگرتنە سیاسییە جەماوەرییەکان بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv