ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی دژه گرانی و ده‌وڵه‌تی له شاره‌كانی ئێران سه‌ره‌ڕای میلیتاریزه كردن و جێگیر كردنی هه‌زاران كه‌س له هێزه سەرکوتگەرەکان له نێو شه‌قام و كۆڵانه‌كانی ئه‌و شارانه، شه‌وی چوارشه‌ممه ٢٨ی مانگی گوڵان دیسانه‌وه له چوارمه‌حاڵ و به‌ختیاری، كۆهگیلویه و بویرئه‌حمه‌د به‌ڕێوه چوو و هاووڵاتییانی دانیشتووی ئوستانی ئیسفه‌هانیش به‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌وه په‌یوه‌ست بوون.
هێزه ئه‌منییه‌كان و هێزی ئینتزامی له دوای ڕژانه‌سه‌ر شه‌قامی هاووڵاتییانی شاری ئیسفه‌هان، هێرشیان كردوونه سه‌ر و ژماره‌یه‌كیان ده‌ستبه‌سه‌ر كردون. جێگای ئاماژه‌یه سه‌ره‌ڕای بڵاوكردنه‌وه‌ی گازی فرمێسك ڕێژ و به‌كارهێنانی تووندوتیژی له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی ڕژیمه‌وه هاووڵاتییان شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره‌یان چۆڵ نه‌كرد و له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هێزانه دروشمی دژه حكوومه‌تیان وته‌وه. به‌پێی زانیارییه‌كان شاره‌كانی كرماشان، كه‌ره‌ج، مه‌شهه‌د، شیراز، ئه‌هواز و چه‌ند شارێكی خوزستان به‌ته‌واوه‌تی میلیتاریزه كراوه و هێزه ئه‌منییه‌كانی رژیم له شه‌قام و كۆڵانه‌كانی ئه‌و شارانه‌دا بڵاوه‌یان پێ كراوه.