فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ شاره‌ جۆراوجۆره‌كانی ئێران
سێشەممە ۱۹-۰۷-۱۴۰۱   |  11-10-2022

به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، شه‌وی دووشه‌ممه‌ ١٨ی مانگی ڕه‌زبه‌ر، چه‌ندین شاری ئێران گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان خه‌ڵكی شۆڕشگێڕ و هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم بوو.
له‌شاری سنه‌ لاوانی بوێڕی ئه‌و شاره‌ تا دره‌نگانی شه‌و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوونیان بووه‌ و له‌ شارۆچكه‌ی به‌هاران و نایسه‌ر هێزه‌كانی ڕژیم ته‌قه‌یان له‌ په‌نجه‌ره‌ی خه‌ڵك كردووه‌ وگاز فرمێسكڕێژیان بۆ ترساندنی خه‌ڵك به‌كار هێناوه‌، له‌ دووشان و كارامووزی چه‌ندین كه‌س ده‌ستبه‌سه‌ركراون و به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ زیندانه‌كانی پڕ بوون، ئه‌نباره‌كانی كارامووزیان بۆ ڕاگرتنی خۆپێشانده‌ران به‌كار هێناوه‌.
دوایین زانیارییه‌كان باسی هێنانی هێزێكی زۆری نیزامی له‌ ڕێگه‌ی فڕۆكه‌وه‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی شاری سنه‌ ده‌كه‌ن.
له‌ شاره‌كانی مه‌ریوان و سه‌قز به‌ ئاگردانی لاستیك شه‌قامه‌كان داخران و لاوانی سه‌قز له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان بووه‌.
له‌ شاری جوانڕۆ و سه‌لاسی باوه‌جانی هێزه‌ لیباس شه‌خسییه‌كانی ڕژیم هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر خۆپێشانده‌ران و چه‌ندین كه‌سیان ده‌ستبه‌سه‌ركردووه‌ و ماڵ به‌ ماڵ به‌ دوای لاوانی ناڕازی دا گه‌ڕاون و ئازاری خه‌ڵكیان داوه‌.
له‌ شاری كرماشان لاوانی ئه‌و شاره‌ تا كاتی نیوه‌شه‌و له‌ سه‌ر شه‌قام بوون و ڕێگه‌ی هاتووچۆیان به‌سه‌ر هێزه‌كانی ڕژیم دا داخست، به‌پێی زانیارییه‌كان منداڵێكی ٧ ساڵان له‌ باوه‌شی دایكی دا له‌ شاری سنه‌ دراوه‌ته‌ به‌ر ده‌سڕێژی گوللە و گیانی له‌ده‌ست داوه‌.
لاوانی مه‌روده‌شت شه‌وی ڕابردوو شه‌قامه‌كانیان چۆڵ نه‌كرد و دژبه‌ به‌رپرسانی باڵای ڕژیم دروشمیان وته‌وه‌ و وێنه‌كانی خامنه‌یی و قاسم سڵێمانیان ئاگردا.
له‌ یه‌زدانشاری ئیسفه‌هان خه‌ڵكی ناڕازی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوون.
له‌شاری تاران له‌ چه‌ند ناوچه‌ خۆپێشاندان به‌ دروشمی مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر به‌رده‌وام بووه‌.