فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و داماوی و بێتوانایی ڕژیم
شەممە ۱۲-۰۱-۱۴۰۲   |  01-04-2023
درێژەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و داماوی و بێتوانایی ڕژیم

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەکانی مامۆستایانی ئێران ڕۆژی سێشەممە هەشتی خاکەلێوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە مامۆستایان لە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیان لە ساڵی ١٤٠٢ لانیکەم لە ٨ شار لەوانە ورمێ، کرماشان، بۆجنورد، زەنجان، ئەردەبیل، هەمەدان، و مەلایر هاوکات هاتوونەتە سەر شەقام و لە ناڕەزایەتی دژبە بارودۆخی بژێوی نالەباریان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبردووە. لە تەورێز مامۆستایان بە نیشانەی هەژاری و تەنگدەستی و نەدرانی حقوقە دواخراوەکانیان لەسەر شەقام و لە بەرابەر ئیدارەی گشتیی ئاموزش و پەروەرش سفرەی خاڵییان ڕاخست. وڵامنەدانەوە و بایەخنەدانی بەرپرسانی حکوومەت بە ئەوزاعی نالەباری مەعیشەتی مامۆستایان و وتەی ناتەبایان، بەڕێوەنەچوونی ڕوتبەبەندنی، گرانی و تەوەرۆمی بەرین و بردنەسەری ٢٧ لەسەدی لانیکەمی حەقدەست بەرانبەر بە تەوەرۆمی باڵای ٥٠ لەسەد بۆ کرێکاران لەمساڵدا، چەند نموونەیەکن لە بابەتی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لەم کۆبوونەوانەدا. هەواڵنێریی تەسنیمی سەربە سپای پاسداران و سازمانی بەرنامە و بودجەش هەفتەی ڕابردوو دانیان بەوە دانا کە حقوقی زۆرێک لە مامۆستایان لە ئۆستانەکانی ئێران هێستا نەدراوە. چالاکانی سینفی مامۆستایان ڕایانگەیاند کە سەرەڕای تێپەڕینی هەشت ڕۆژ لە ساڵی ١٤٠٢ دەوڵەت هەروا لە دانی حقوق و موتالباتی ساڵی پێشوو خۆدەبوێرێت. ئەم داخوازی و موتالباتە بریتین لە: حقوقی دواخراوی مانگی ڕەشەممەی ژمارەیەک لە هاوکاران، معەوەقاتی ڕوتبەبەندی مامۆستایان لە خاکەلێوەی ١٤٠١ەوە، معەوەقاتی ڕوتبەبەندی شەش مانگی دووەمی ساڵی ١٤٠٠، شەش مانگ حەقولتەدریس و حقوقی مانگەکانی خەزەڵوەر تا ڕەشەممەی ساڵی ١٤٠١ی موعەلیمانی قەراردادی. هەڵبەت مامۆستایان پێشتریش گەلێک جار داخوازیی تریان گەڵاڵە کردبوو. بۆ نموونە بیمەی بێکاری بۆ مامۆستایانی لەسەر کار و خانەنشین، پەروەردەی بێبەرانبەر و ستاندارد بۆ هەموو خوێندکاران و دیفاع لێیان بەرانبەربە مەسموومکردنیان لەلایەن دەوڵەتەوە.

ڕۆژی ٦ی مانگی خاکەلێوە لە سەقز و زێویەش مامۆستایان دژبە درێژەی دەستبەسەرکردنی سولەیمان عەبدی مامۆستای خۆشەویست و ئەندامی ئەنجومەنی سینفیی مامۆستایانی کوردستان، کە بەبێ هیچ هۆکارێک ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەممە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو، لە ئیدارەی ئاموزش و پەروەرشی سەقز کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و هەڕەشەیان کرد کە ئەگەر ئەم مامۆستایە ئازاد نەکرێ ناڕەزایەتیی بەرینتر سازمان دەدەن. ناڕەزایەتیی چەند ڕۆژی ڕابردووی مامۆستایان لە حاڵێکدا بەڕێوەچوو کە پێشتر شۆرای سینفی فەرهەنگییانی ئێران لە بەیانیەی نەورۆزیی خۆیدا داوای لە مامۆستایان کردبوو کە ئەگەر داخوازییەکانیان لەلایەن ڕژیمەوە جێبەجێ نەکرا، خۆیان بۆ ناڕەزایەتیی بەرین و سەراسەری لە مانگی گوڵاندا ئامادە بکەن. بەڵام فشاری ژیان و سفرەی بەتاڵ لە ڕۆژانی نەورۆز و حەسرەتی نەبوونی توانای دابینکردنی پێداویستیەکانی نەورۆز بۆ بنەماڵە و منداڵەکانیان و نیگەرانی بەخاتری نەدرانی حقوق و مەزایا بەتایبەت دوای درو و ناتەباوێژیی مەقاماتی وەزارەتی ئاموزش و پەروەرش بۆ نموونە وەزیری ئاموزش و پەرورشی ڕژیم لەوپەڕی بێشەرمیدا ڕایگەیاند کە حقوقی مانگی ڕەشەممەی هەموو مامۆستایان دراوە و جێگری بەرنامەی ئەم وەزارەتخانەیەش تەئیدی کرد، هەموو ئەمانە ماموستایانی ناچار کرد تا ڕۆژی سێشەممە بێنە سەر شەقام و بۆ جارێکی تر بە دەنگی ڕەساوە ناڕەزایەتیی خۆیان دژبە حکوومەتی ئیسلامی هاوار بکەن.

ڕژیمی وەرشکستەی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا نەتەنیا داخوازیی مامۆستایانی بێ وڵام هێشتووەتەوە، بەڵکوو ناڕەزایەتییەکانیانی بە هێرشی وەحشیانەی هێزی سەرکوتگەری ئەمنیەتی و نیزامی و دەستگیرکردن و زیندان و ئەشکەنجە وڵام داوەتەوە. ڕژیم هەتا ئێستا زۆرێک لە ئەندامانی هەڵبژێردراوی شۆرای سینفی مامۆستایان و باقیی چالاکان و داکۆکیکارانی مامۆستایانی داوەتە بەر تەوهین و بێ حورمەتی و زیندان و ئەشکەنجەی کردوون. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە دەسەڵاتی دژەزانست و دژەئینسانی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی، هەزاران ناوەند و دامەزراوەی تەبلیغ و حەوزەی دورستکردنی ئاخوندی پێکهێناوە و بودجەی بەرینی لە بەرهەمی ڕەنجی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش خستووەتە ئیختیاریانەوە تا بە تەبلیغی خورافە دەست بدەنە فریو و گومڕاکردنی خەڵک و درێژە بە ژیانی زەرووئاسایان بدەن.

مامۆستایان وەک بەشێک لە چینی کرێکار، ئەو ئینسانە شەریف و زەحمەتکێشانەی کۆمەڵگان کە بەهۆی حقوق و حەقدەستێکی کەم کە کۆماری ئیسلامی بۆیانی دیاری کردووە دەیان ساڵە ژیان و گوزەرانیان بەرەوڕووی گەلێک کێشە بووەتەوە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی، مامۆستایان بۆ دابینکردنی خەرجیەکانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەیان ناچارن دوای کاری ڕۆژانە لە مەدرەسەکان، بەشوێن کاری ترەوە بن و لە جیاتی حەسانەوە و بردنەسەری ئاستی زانستییان لەپێناو پەروەردەی خوێندکاران مەجبوورن بۆ دابینکردنی خەرجیەکانی ژیانیان کاری ئیزافە بکەن.

سەرەڕای ئەم بارودۆخە، مامۆستایانی تێکۆشەر توانیویانە بۆ دیفاع لە مافەکانی خۆیان بەرانبەر بە ڕژیمی دژی مامۆستا، خۆیان سازمان بدەن. بە پێکهێنانی شۆرای سەرانسەری سینفیی مامۆستایان، هەتا ئێستا گەلێک جار توانیویانە لەڕێگەی بانگەواز بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتن و ناڕەزایەتی بەشێوەی هاوئاهەنگ و هاوکات لەئاستی سەرانسەریدا لە داخوازی و مافی پیشەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییان دیفاع بکەن. ئەم بانگەوازانە لەلایەن مامۆستایانەوە وڵامی ئەرێنی وەرگرتووە و ڕژیم نەیتوانیوە بەر بە مانگرتن و ناڕەزایەتییان بگرێت. بێگومان ڕێکخراوی سەرانسەریی مامۆستایان لەوەش بەدوا بە پشتیوانی جەماوەری مامۆستایان دەتوانێ لەپێناو وەدیهاتنی خواست و موتالباتی سینفی و سیاسی و بەرەوپێشچوونی خەباتیان هەنگاوی بەرزتر و بە متمانەبەخۆیی زیاترەوە هەڵگرێت. بزووتنەوەی مامۆستایان وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاری و وەک بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو و جەماوەری، بە بەهرەمەندبوون لە پشتیوانیی خوێندکاران و بنەماڵەکانیان و بە هاوپشتی و یەکگرتوویی لەگەڵ باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، نەتەنیا دەتوانێ ڕژیمی ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە و جێبەجێکردنی هێندێک لە خواستەکانی بکات، بەڵکوو دەشتوانێ ڕۆڵێکی کاریگەر ببینێت لە ڕەوتی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و ڕووخاندنی دەسەڵاتی جەهل و خورافەی سەرمایەداریی ئیسلامی.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co