ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەر بەرابەر لەگەڵ ڕۆژی پەرەستار، کۆمەڵێک لە پەرەستاران لە شارەکانی شیراز، فەسا، قوم، یەزد و ئەهواز، لە ناڕەزایەتیی به پێڕانەگەیشتن بە خواستەکانیان، دەستیاندایە کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، پەرەستارانی نەخۆشخانەکانی یەزد بۆ شەشەمین ڕۆژی بەردەوام، دەستیان لەکار کێشایەوە و لەئاست وەدینەهاتنی خواستەکانیان ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. هەروەها پەرەستارانی نەخۆشخانەکانی شیراز لەوانە: پەرەستارانی نەخۆشخانەی ڕەجایی و پەرەستاران و کارمەندانی بەشی تاقیکاری و ڕادیۆلۆژی، لە چوونەوە سەر کارەکانیان خۆیان بواردووە. هاوکات پەرەستارانی نەخۆشخانەی “شەریعەتی” فەسا و پەرەستارانی نەخۆشخانەی چەمڕان، لە ئێعتڕاز بە پێڕانەگەیشتن بە کێشەکانیان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە. هەر لەم پێوەندەدا، پەرەستارانی نەخۆشخانەی بەهشتی قوم وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتیی، ڕایانگەیاندووە کە دانی حقووقی پەرەستاران درۆیە و هێشتا حقووق و مەزایاکانمان یەکساڵە پەرداخت نەکراوە.