ڕۆژی سێشەممە ٣١ی گەلاوێژ، خانەنشینکراوان لە شارەکانی: تاران، کەرەج، کرمانشا،سنە، ئەهواز، قەزوین، شاری کورد، ئەردەبیل، یەزد و شیراز و شارەکانی تر کۆبوونەوە و خوازیاری جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بوون و دروشمی نارەزایەتیان بەرز کردەوە.
خانەنشینکراوان لە درێژەی کۆبوونەوەکانیان کە بە ”سێشەممەکانی ناڕەزایەتی” ناودێر کراوە، جارێکی دیکە لە ناڕەزایەتی بە پێڕانەگەیشتن بە داواکارییەکانیان، لەوانە هاوسانسازیی حەقدەستەکانیان، هەڵاوسان و گرانی، چارەسەرکردنی کێشەی بیمەی دەرمانی و چەندین داواکاریی دیکە، لە بەردەم ئیدارە و ناوندەکانی ڕژیم لە پارێزگاکانی ئەردەبیل، یەزد و شیراز کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا لە کاتێکدایە کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بارودۆخی ئابووری و بژێویی ژیان لە ئێران بەرەو خراپتر بوون دەڕوات، بەڵام هەتا ئێستا بەرپرسانی بێدەرەتانی ڕژیم جگە لە سەرکوتکردن، دەستبەسەرکردن و دۆسییەسازیی ئەمنییەتی و تۆمەتی جۆراجۆر، هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە.