فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە سەرتاسەریەکان لە ئێران
پێنجشەممە ۱۲-۰۸-۱۴۰۱   |  03-11-2022

شه‌وی چوارشه‌ممه‌ ١١ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، لاوانی شۆڕشگێڕ له‌ چه‌ند شاری کوردستان و ئێران دژبه‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ڕژانه سه‌ر شه‌قام و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوون.
له‌شاری مه‌ریوان لاوانی بوێری ئه‌و شاره‌ به‌ ئاگركردنه‌وه‌ و وتنه‌وه‌ی دروشم ڕووبه‌ڕووی هێزه‌كانی ڕژیم بوونه‌وه‌.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، لاوانی شۆڕشگێڕی بۆكان له‌ گوند‌ی “داشبه‌ند” هەڵکەوتوو لە سەرجاده‌ی بۆكان- میاندووئاوریان داخست و ڕیزێكی دوور و درێژ له‌ كامیۆن و ئۆتۆمبێل له‌سه‌ر جاده‌كان درووست بوو.
له‌ شاری سنه‌ لاوانی قاره‌مانی ئه‌و شاره‌ له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌ك ڕژانه سه‌ر شه‌قام و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم به‌شه‌ڕ هاتن و لاوێكی دانیشتووی گه‌ڕه‌كی گوڵشه‌ن به‌ ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌كانی ڕژیم گیانی بەخت کرد و له‌ گه‌ڕه‌كی حاجی ئاواش هێزه‌كانی ڕژیم ده‌ستیان دایه‌ له‌ناوبردنی ماشین و ماتۆڕی خه‌ڵك و ته‌قه‌یان به‌ سه‌ر لاوانی خه‌باتكاردا كرد و چه‌ند كه‌س برینداربوون.
له‌ شاری كرماشان لاوانی شۆڕشگێڕ به‌ كۆكتل مۆلۆتۆف هێرشیان كرده‌ سه‌ر حه‌وزه‌ی علمیه و ئاگریان دا و له‌ كۆمه‌ڵێك له‌ گه‌ڕه‌كانی ئه‌و شاره‌ش له‌سه‌ر دیواری ماڵی به‌كرێگیراوانی سپای پاسداران هۆشداریان دایه‌ بنه‌ماڵه‌كانیان كه‌ له‌ ماوه‌ی ٤٨ كاتژمێری داهاتوودا ماڵه‌كانیان به‌جێ بهێڵن.
له‌شاری مهاباد لاوانی قاره‌مانی ئه‌و شاره‌ تا دره‌نگانی شه‌و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵێچوونیان بوو.
له‌شاری ته‌ورێز خه‌ڵكی قاره‌مان بە ژمارەیەکی زۆر رژانە ناو شەقامەکان و ڕووبه‌ڕووی هێزه‌كانی ڕژیم بوونه‌وه‌ و دژبه‌ عه‌لی خامنه‌یی و كۆماری ئیسلامی دروشمیان وته‌وه‌.
له‌ ئابیه‌ك و قه‌زوێن خه‌ڵكی ناڕازی به‌ نارنجۆكی ده‌ستی و كۆكتل مۆلۆتۆف له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سپای پاسداران به‌شه‌ڕ هاتن و چه‌ند هێزی ڕژیمیان به‌سه‌ختی بریندار كرد.
هه‌روه‌ها له‌ گەڕەکەکانی ئه‌میرئاباد و ئەکباتانی ی تاران لاوانی شۆڕشگێڕ تا دره‌نگانی شه‌و شه‌ڕێكی قورسیان له‌گه‌ڵ به‌كرێگیراوانی ڕژیم به‌ڕێوه‌برد.
له‌ ئیسفه‌هان خه‌ڵكی ناڕازی تا دره‌نگانی شه‌و له‌ سه‌ر شه‌قام بوون و دژبه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی دروشمیان ده‌وته‌وه‌.