لە دڕێژەی هێرشە سایبێرییەکانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ سەر وڵاتی ئاڵبانی، ڕۆژی شەممە ١٩ی خەرمانان، بە هێرشیکی سایبێری، سیستەمی بەڕێوەبەری و زانیارییەکانی سنوورەکانی ئاڵبانی کردۆتە ئامانج.
وەزارەتی نێوخۆی وڵاتی ئاڵبانی، ڕۆژی شەممە ١٩ی خەرمانان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دووبارە هیرشی سایبێری کردووەتە سەر ژێرخانە دیجیتاڵییەکانی ئاڵبانی و بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بۆمان دەرکەوتووە کە ئەو هێرشە سایبێرییە لەو شوێنەوە کە هێرشە سایبێرییەکەی پێشوو کرابوو ئەنجام دراوە و ژێرخانە دیجیتاڵییەکانی ئاڵبانی کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی نێوخۆی وڵاتی ئاڵبانی هەروەها ڕایگەیاند کە ڕۆژی شەممە سیستمی دیجیتاڵیی سنوورەکانی ئەو وڵاتە سەر لەنوێ لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە وەکوو پێشوو کراوەتە ئامانجی هێرشی سایبێری و یەکێک لەو هۆکارانەی کە پێوەندییەکانی پیشووترمانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پچڕاندووە، هێرشە سایبێرییەکانی ئەو ڕژیمە بووە بۆ سەر ژێرخانە دیجیتاڵییەکانی وڵاتەکەمان.
لەلایەکی دیکەوە” ئێدی ڕاما” سەرۆکوەزیرانی ئاڵبانی، ڕۆژی شەممە لە تویتێکدا بە ئاماژە بەو هیرشە سایبێرییەی ڕژیم بڵاوی کردەوە: “ئەمجارە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هێرشی سایبێری کردووەتە سەر سیستەمی گشتیی بەڕێوەبەریی زانیارییەکان لەسەر سنوورەکانمان“.