شەپۆلی هێرشە کیمیاییە سیستماتیکەکان بۆ سەر قوتابخانەکان درێژەی هەیە و پێنج قوتابخانە لە شارەکانی سنە، بانە، کرماشان و تاران کرانە ئامانج و ژمارەیەک قوتابی بەهۆیەوە ژاراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەوە.
ڕۆژی سێشەممە ١٢ی گوڵان لە ئەنجامی هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر قوتابخانەکانی کچانەی فەسایینژاد و مەیعاد لە شاری تاران، ژمارەیەک قوتابی ژەهراوی بوون.
لەم دوو هێرشەدا، قوتابییان پۆلەکانی خوێندنیان جێهێشتووە و چوونەتە ناو حەوشەی قوتابخانە و هەروەها دایک و باوکی ئەم قوتابییانە لە بەردەم دەرگای قوتابخانەکاندا کۆبوونەتەوە.
هاوکات لە شاری سنە، هونەرستانی کچانەی کیمیا کراوتە ئامانجی ئەم هێرشە کیمیاییانە و لانیکەم ٦ قوتابی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.
لە درێژەدا هێرشی کیمیایی کراوتە سەر قوتابخانەی کچانەی ئیلاهییە لە کرماشان. لەکاتێکدا نیشانەکانی ژاراوی بوونی قوتابییەکان لە پەرەسەندندا بووە، هێزەکانی پۆلیس بەپەلە چوونەتە ئەو قوتابخانە و هەڕەشەیان لە قوتابییان کردووە.
قوتابخانەی کچانەی ساڵح عەلی محەممەدی لە شاری بانە، یەکێکی دیکە لەو قوتابخانانەیە کە هێرشی کیمیایی کراوتە سەر و ژاراوی بوونی قوتابییانی لێکەوتووەتەوە.