فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی هەڕەشەکانی ئەمریکا و هەڵیت و پڵیتەکانی خامنەیی
سێشەممە ۳۰-۰۲-۱۴۰۴   |  20-05-2025

لە کاتێکیدا کە کۆماری ئیسلامی لە قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەست و پێ لێدەدات، خامنەیی و کاربەدەستانی دیکەی ڕژیم بە کەڵک وەرگرتن لە قسە ناتەباکانی ترامپ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵسوکەت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، وە بە ئامانجی مەسرەفی ناوخۆیی، دەستیان کردووە بە مانۆڕی تەبلیغاتیی شەڕخوازانە سەبارەت بە دانوستانە ئەتۆمییەکان. ترامپ لە سەفەری هەفتەی ڕابردوویدا بۆ عەرەبستانی سعوودی، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و قەتەر، بە ئاشکرا دەستی کرد بە قسەی ناتەبا لەگەڵ قسەکانی ڕابردووی و لە هەڕەشە نیزامییەکانی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی پاشەکشەی کرد و ڕایگەیاند کە لە ئەگەری درێژەی گرژییەکان و ڕەتکرانەوەی پێشنیاری ئەمریکا لەلایەن کۆماری ئیسلامی، فشاری زۆرینەی سزا ئابوورییەکان دەست پێدەکاتەوە و هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتە دووبارە بە سفر دەگات.

عەلی خامنەیی کە پێشتر لە بەرامبەر هەڕەشە نیزامییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بێدەنگیی گرتووەبەر، دوای وتەکانی ئەم دواییەی ترامپ لە عەرەبستانی سعوودی و ئیمارات و دڵنیابوون لە هێرش نەکردنی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی شەممە ٢٧ی مانگی گوڵان لە وتارێکی ناهەماهەنگدا لە وڵام بە سووکایەتییەکانی ترامپ بەرامبەر کۆماری ئیسلامی وتی: “ترامپ دەیهەوێ لە دەسەڵات بۆ ئاشتی کەڵک وەرگرێت؛ درۆ دەکات. بەشێک لە وتەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە لە سەفەرەکەیدا بۆ ناوچەکە کردی، ئەسڵەن بۆ ئەوە نابێ وڵامی پێ بدەیەوە. ئاستی قسەکان هێندە نزمن کە مایەی شەرمەزارییە بۆ ئەو کەسەی ئەم قسانەی کردووە و مایەی شەرمەزاریشە بۆ نەتەوەی ئەمریکا”. خامنەیی لە درێژەدا وتی: “بەڵێ دەکرێ لە دەسەڵات بۆ ئاشتی کەڵک وەربگرێت. هەر بەم هۆکارەشە کە ئێمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە هێز و دەسەڵاتی خۆمان و وڵاتەکەمان زیاد دەکەین.” ئەم درۆ بێشەرمانەیەی خامنەیی لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی نەتەنیا هیچ کات لەپێناو ئاشتیدا هەوڵی نەداوە بەڵکوو لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بەردەوام پایەکی سەرەکیی گرژی و شەڕ و خوێنڕێژی و وێرانی لە ناوچەکە بووە. چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەو هێزانەی کە خۆی پێیاندەڵێ “میحوەری موقاومەت”.

ترامپ کە پێشتر زۆر جار هەڕەشەی کردبوو کە کۆماری ئیسلامی دەبێ لە نێوان دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و هێرشی نیزامیی وێرانگەری ئەمریکا یەکیان هەڵبژێرێت، لە وتەکانی ئەم دواییەیدا لە سەفەرەکەی بۆ وڵاتانی کەنداو، بە بێ دووپات کردنەوەی هەڕەشەی نیزامی، بۆ کۆتایی هێنان بە گرژییەکانی ڕابردوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئامادەیی ڕاگەیاند و تەنانەت وتی کە هەوڵ دەدات لە هێرشی نیزامیی ئیحتمالیی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێگری بکات. ترامپ وتی: “ئەگەر ڕێبەری ئێران، لقی زەیتوون ڕەت بکاتەوە، ئەو کات بژاردەیەکمان بێجگەلە فشاری زۆرینە بۆ نامێنێتەوە”.

هەڵبەت ترامپ وەک موعامەلەگەرێکی ئابووری لە هەمان کاتدا کە گرێبەستی ئابووریی سەدان ملیارد دۆلاریی بەسەر دەوڵەتەکانی عەرەبستانی سعوودی، ئیماراتی یەکگرتوویی عەرەبی و قەتەردا سەپاند، لە وتارەکەیدا وێڕای تاریف کردن لەوان و سووکایەتی پێکردن بە کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامی، بارودۆخی نالەباری ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێرانی لەگەڵ پێشکەوتنە ئابوورییەکانی عەرەبستان، ئیمارات و قەتەر بەراورد کرد و وتی: “ڕێبەرانی ئێران لەسەر دزی کردن لە سەروەتی خەڵک، دابینکردنی دارایی تیرۆریزم و خوێنڕێژی لە دەرەوە چڕبوونەتەوە و بارودۆخی ناوچەشیان تێکداوە. مافیای گەندەڵی کۆماری ئیسلامی خەریکی کەڵەکە کردنی سەروەتن و خەڵکی ئێران لەم سەروەتە بێ بەهرەن”.

بەم حاڵەوە، عەلی خامنەیی کە بەخاتری هاوکاریی دەوڵەتانی کەنداو و باقیی دەوڵەتە عەرەبییەکان لەگەڵ ئەمریکا تووڕە بوو، دەستی کرد بە درۆودەلەسە و باسی لە پێشکەوتنی چەند بەرابەری “ئێرانی ئیسلامی” کرد و بەڵێنی دا کە زیاتریش پێش دەکەون. خامنەی هەروەها تەپڵی شەڕ و کوشتاری کوتا و دەستی کرد بە هەڵیت و پڵیتی بێبنەما و وتی ئیسرائیل غوددەیەکی سەرەتانیی مەترسیدارە و دەبێ لەناوبچێت. باسی لە شکستی مۆدێلی ئەمریکا و دەرکردنی لە ناوچەکە کرد و وتی: “ئەمریکا دەبێ لەم ناوچەیە بڕواتە دەر و دەشڕوات”.

بۆ هەر عەقڵێکی سەلیم و چاوەدێرێکی بێ لایەن، هەموو قسەکانی خامنەیی چ لە پەیوەند لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو و چ لە پەیوەند لەگەڵ نابوودکردنی ئیسرائیل ناڕاست و فریوکارانەیە. ئەوەیکە دەسەڵاتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕابردوودا چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی جیهانیدا جنایاتی بێ ئەژماریان ئەنجام داوە، بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە. بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا بەرژەوەندی دەوڵەت و سەرمایەدارانی ئەمریکا ناخوازێت کە ناوچەی دەوڵەمەند و ستراتێژیکی کەنداو و دەریای عومان و دەریای سوور بەجێبێڵن. تا کاتێک کە حکوومەتە کۆنەپەرستەکانی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر دەسەڵات بن، ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتە سەرمایەدارییەکان لە ڕەقابەت لەگەڵ یەکدا، سەروەت و سامانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش تاڵان دەکەن و کۆماری ئیسلامیش کە بە ماجەراجوییەکانی بووەتە هۆی پەرەسەندنی میلیتاریزم لە ناوچەکە، ناتوانێ سیاسەتی زێدەخوازانە و کۆنەپەرستانەی خۆی بەڕێوەبەرێت.

سەبارەت بە ئیسرائیلیش کە هەتا ئێستا بە پشتیوانیی ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداریی جیهانی و ناوچەیی، بە درێژەی داگیرکاری، شەڕ و جینۆساید و تاوان، کارەساتی بەسەر خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستیندا هێناوە و هێزەکانی “میحوەری موقاومەتی” تێکشکاندووە،  کۆماری ئیسلامی بێجگەلە هەڵیت و پڵیتی بێ بنەما نەیتوانێوە کارێک بکات.

ڕۆژێک دوای قسەکانی خامنەیی، مەسعوود پزشکیان، سەرۆک کۆماری بێدەسەڵات و تەداروکچیی ڕژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی مانگی گوڵان لە پەیوەند لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەمریکا سەبارەت بە پەرەپێدانی گەمارۆکان وتی: “ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە کەڵک وەرگرتنی ئاشتیخوازانە لە وزەی ئەتۆمی دەست هەڵناگرین و لە هیچ هەڕەشەیەکیش ناترسێین. هەڕەشەی گەمارۆ و سزای ئابووریمان لێ دەکەن، با بیکەن. ئێمە تەمەنێکە لە ژێر سزاداین”.  هەڵبەت بۆ بەرپرسان و کارگێڕانی حکوومەتی ئیسلامی، گەرۆمان هەتا ئێستا بووەنەتە مایەی خێر و دەرفەتێک بۆ ڕانتخواری، دزی و کەڵەکەکردنی سەروەت. لەم ڕووەوە ئەگەر هێرشی نیزامی لە کاردا نەبێت، “هێڵە سوورەکان”، گەمارۆ و سازشەکان و جامی ژەهر خواردنەوەکان بۆیان هیچ کێشە و بەربەستێک دروست ناکات. بەڵام باری گەمارۆ و سزا ئابوورییەکان کەوتووەتە سەر شانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا و ژیان و گوزەرانیانی بەرەوڕووی مەترسی کردووەتەوە. کەوابوو عەلی خامنەیی و باقیی کاربەدەستانی ورد و درشتی کۆماری ئیسلامیش نەک لە گەمارۆکان، بەڵکوو لە تەقینەوەی تووڕەیی پەنگخواردووی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا نیگەرانن کە ئەگەر بکەوێتە ڕێ، بارگە و بنەی دەسەڵاتیان تێکەوەدەپێچێت.

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv