فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی ڕێوشوێنە توندە ئەمنییەتییەکان لە زاهیدان بە هەڵکەندنی کەناڵێک و دروستکردنی بەربەست لە دەوروبەری شار
سێشەممە ۰۴-۰۷-۱۴۰۲   |  26-09-2023

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی هەینیی خوێناوی، ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕژیم جگە لە بەهێزکردنی بازگەکان و زیادکردنی هێزەکانیان لە زاهیدان، خەریکی هەڵکەندنی کەناڵی قووڵن، هەروەها بە دروستکردنی خاکڕێژ لە دەوروبەری ئەم شارە کێشەیان بۆ هاتوچۆی خەڵک دروست کردووە. 
بە پێی زانیاریەکان جگە لە دروستکردنی چەندین خاڵی پشکنین و بەهێزکردنی هێزەکانیان لە دەروازەی زاهیدان، ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکان کەناڵی قووڵیان هەڵکەندووە و بەربەستیان لە دەوروبەری شارەکە دروست کردووە تا میحوەرە لاوەکییەکان کە جارجارە خەڵکی ئاسایی و سووتەمەنیبەران بەوێدا تێدەپەڕن، بە تەواوی دابخەن.
بە وتەی هاووڵاتیانی زاهیدان، ئێستا شاری زاهیدان زیاتر لە پادگان دەچێت و ڕژیم بە شێوەی ”حکوومەت نیزامی” هەڵسوکەوت دەکات، هەرچەند بە فەرمی هاتوچۆی شارومەندان قەدەغە نەکراوە، بەڵام بە کردەوە دۆخێکی توند لەلایەن دەزگا ئەمنییەتی و نیزامییەکان لەم شارە زاڵ بووە و کاریگەریی لەسەر ژیانی ئاسایی خەڵک داناوە.
جێگەی ئاماژەیە ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو کە بە ”هەینیی خوێناویی زاهیدان” ناسراوە، خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان کە لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە تەقەیان لێکرا و زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان بەخت کرد کە ژمارەیەکیان منداڵ بوون.