فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

درێژەی کۆمەڵکوژی لە غەززە نەتانیاهۆ دەرباز ناکات
شەممە ۲۵-۰۹-۱۴۰۲   |  16-12-2023

جینۆسایدی دەوڵەتی نەتانیاهۆ بەدژی خەڵکی فەلەستین دوای ٧٣ ڕۆژ هەروا درێژەی هەیە. دەسەڵاتی ئیسرائیل لەماوەی ئەم شەڕە دژە ئینسانییەدا هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٠ هەزار تۆن بۆمبی بەسەر خەڵکی بێتاوانی فەلەستین لە غەززەدا باراندووە. ٢٠ هەزار کەس لە منداڵ و پیر و لاوی تەنانەت لە ناو نەخۆشخانەکاندا کوشتووە کە زیاتر لە هەشت هەزار کەسیان منداڵانی کەم تەمەن و تەنانەت شیرخۆر بوون. زیاتر لە ٥١ هەزار کەس بریندار بوون. پتر لە نیوەی ماڵەکانی خەڵک بە تەواوی وێران بوون. زیاتر لە ٨٥ لەسەدی خەڵکی دوو و نیو ملیۆن کەسیی غەززە ئاوارە بوون و ژێرخانە سەنعەتی و ئابوورییەکانی ئەو کۆمەڵگایە بەیەکجاری لەناوچوون. بێجگەلە ئەمانە ڕۆژی سێشەممە ٢١ی مانگی سەرماوەز ڕۆژنامەی “والستریت ژۆرناڵ” ئاشکرای کرد کە ئەرتەشی ئیسرائیل دەستی کردووە بە پۆمپاژی ئاوی سوێری دەریای مەدیتەرانەی بۆ ناو ئەو توونێلانەی کە حەماس لە ژێر شار و گوندەکانی کەرتی غەززەدا کاناڵ کەشیی کردووە و ئەم کارەش لەوانەیە هەفتەها درێژەی بێت. ئەم کردەوە دژەئینسانییەی ئیسرائیل تەنها بەدژی گرووپی کۆنەپەرست و تیرۆریستی ئیسلامیی حەماس نییە، بەڵکوو ئاکامەکەی گشت ناوچەکە بەرەوڕووی مەترسیی قەیرانێکی ژینگەیی دەکاتەوە.

هەروەها دەوڵەتی ئیسرائیل بێشەرمانە هەموو ڕێگاکانی گەیشتنی ئاو و خۆراک و دەرمان و سووتەمەنیی بەرەوڕووی خەڵکی ستەمدیدەی کەرتی غەززە داخستووە و خەڵکی بەرەوڕووی قاتی و برسیەتی کردووەتەوە. ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پشت ڕاستی کردەوە کە نەخۆشیەکانی هەناسەدان، سکچوون و گال لەناو ئاوارەکانی غەززە بەهۆی ژیان لەناو پەناگای پڕ جەمعیەت و ناسالام یەکجار چووەتە سەرێ. ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی مانگی سەرماوەز سەرۆکی ئاژانسی فریاگوزاری و کاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوارەکان “ئانروا” ڕایگەیاند: ”بەهۆی کەمبوونی لەڕادەبەدەری خۆراک خەڵکی غەززە بەرەوڕووی تاریکترین قۆناغی مێژوویی لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوون. بە چاوی خۆم بینومە کە خەڵکی برسی بەپەلە کیسەکانی خۆراکیان لە سەر خەیابان دەدڕاند تا بڕێک خۆیان تێر کەن. کاتێک باوکێک لێی پرسیم چۆن پێنج منداڵەکەم پێنج ڕۆژ بە قتوویەک پاقلە تێر بکەم نەمزانی چیی جواب بدەمەوە. تەنانەت لە ناوەندی “ئانروا” کە یەک ملیۆن کەس لە خەڵک تێیدا کۆبوونەتەوە، خەڵک تەنها بوتڵێکی چکۆلە ئاو و قتوویەکی تۆنی ماسی لە ڕۆژدا وەردەگرن”.

حکومەتی فاشیستی نەتانیاهۆ ئیدیعای ئەوە دەکات کە لە کاردانەوە بە هێرشی خوێناوی یەک ڕۆژەی تاقمی تیرۆریستی حەماس بۆ سەر دانیشتوانی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین لە ٧ی ئۆکتۆبر درێژە بەو شەڕە وێرانکەرە دەدات. بەڵام لە ڕاستیدا نەتانیاهۆ کە چەندین دۆسیەی گەندەڵی لەژێر قۆڵیدا هەیە، دەزانێت دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، جگە لەو دۆسیانە، بەرەوڕووی دۆسیەی تازە لەپێوەند بەم شەڕە و زیندان دەبێتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی پێداگری لەسەر بەردەوامیی شەڕ و ڕەتکردنەوەی هەر داواکارییەک بۆ ڕاگرتنی، هیوای سەرکەوتنی ئەو شەڕە و هەوڵدان بۆ مانەوە لە دەسەڵاتی سیاسیدایە. بەڵام بەردەوامبوونی ئەم شەڕە بەتایبەت لە شارەکاندا، هەم لە ڕووی گیانییەوە و هەم لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، بۆ خودی نەتانیاهۆ و بۆ خەڵکی ئیسرائیل بەهای لەسەرێیە. ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی مانگی سەرماوەز ئەرتەشی ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە تەنها لە بۆسەیەکی هێزە میلیشیاکاندا، دە کەسیان لەوانە فەرماندەی گوردان و سەرهەنگێک کوژراون.

بەڵام درێژبوونەوەی ئەم شەڕە ناوانکارانەیە نەتەنها ڕای گشتی جیهانی لە دژی حکوومەتی ئیسرائیل و شەخسی نەتانیاهۆ هانداوە، بەڵکوو فشاری خستۆتە سەر ئەمریکا و حکوومەتەکانی دیکە کە پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن. ئەم حکوومەتانە تا ئێستا لە ژێر ناوی “بەرگری لە خۆ” تاوانەکانی حکوومەتی ئیسرائیلیان لە دژی خەڵکی فەلەستین پاساو کردووە. دەوڵەتی بایدێن لە لایەکەوە یارمەتیی بێدەریغی ماڵی و تەسلیحاتی بۆ ئیسرائیل دەنێرێ. بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنیەت بۆ ئاگربەستی تەنانەت کاتی بۆ دیفاع لە ئیسرائیل ڤێتۆ دەکات. وە لایەکی دیکەوە بایدێن بە ئامانجی کەڵک وەرگرتن لەم شەڕە لە ڕەقابەتەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ خەڵکی غەززە فرمێسکی درۆیین دەڕێژێ و بە دەوڵەتی ئیسرائیل پێشنیار دەکات کە لە کوشتنی خەڵکی بێدیفاعدا زیادەڕەوەی نەکات. بێگومان ئەم پشتیوانییە لە ئیسرائیل هیچ ئەنجامێکی تری نییە جگە لە هاندانی حکوومەتی فاشیستی نەتانیاهۆ بۆ درێژەدان بە شەڕ و کاولکاری و کوشتن.

بەڵام ویژدانی مرۆڤی هۆشیار لە دنیادا بەرامبەر بەو تاوانانە بێدەنگ نەبوون و ناڕەزایەتیان دەربڕیوە. بەڕێوەچوونی سەدان هەزار ناڕەزایەتی دژی شەڕ و جینۆساید لە زۆرێک لە وڵاتانی ئورووپایی و عەرەبی و تەنانەت لە خودی ئیسرائیل، سەرۆکی ئەو حکوومەتانەی لە پشتیوانیکردن لەم شەڕە پارێزکار کردووە. پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک بۆ پشتیوانی لە ئاگربەستی دەستبەجێ لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ١٢ی دێسامبر بە زۆرینەی دەنگ کە ئیسرائیل بە نادروست و بە دیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان ناوی برد، فشار و داواکاری گروپەکانی مافی مرۆڤ لە حکوومەتەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، بۆ نموونە نامەی چاوەدێری مافی مرۆڤ بۆ وەزیری دەرەوەی ئینگلیس بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێیی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل، خواستی ئەمریکا بۆ کردنەوەی تێپەڕگەی “کەرم ئەبوسالم” بۆ گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە، قسەکانی جۆو بایدێن سەبارەت بەوەیکە نەتانیاهۆ دەبێ لە کابینەی دەوڵەتدا ئاڵوگۆڕ پێکبێنێت و توندڕەوەکانی وەک بن گویر و ئێسمۆتریج بەرکەنار بکات چونکە وجوودی ئەوان پشتیوانیکردنی لە ئیسرائیل لەئاستی نێونەتەوەییدا دژوار کردووە، هەر هەموویان سەلمێنەری کاریگەرییەکانی ئەم ئیعتڕازاتە و گوشارەکانی کۆمەڵگەی جیهانی بۆسەر ئەم دەوڵەتانەیە. بەڵام بایدێن وێڕای دان پێدانان بەوەیکە پشتیوانیی نێوەنەتوەیی لە خۆی و لە ئیسرائیلی لەدەستداوە، بۆ پاراستنی تەوازون لە هەڵوێستدا، بۆ جارێکی تر لەسەر زەروورەت و مافی ئیسرائیل بۆ درێژەدان بە شەڕ بەدژی جەماس لە هەموو بوارێکەوە تەئکیدی کرد.

خەڵکی تێکۆشەری فەلەستین لەماوەی زیاتر لە حەفتا ساڵ خەبات بۆ وەدیهاتنی مافەکانیان بۆیان دەرکەوتووە کە دەوڵەتی ئەمریکا و دەسەڵاتەکانی دیکەی سەرمایەداری ڕۆژئاوا پشتیوان و هاوبەشی تاوانەکانی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلن. بۆیان دەرکەوتووە کە حکوومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە تورکیە و کۆماری ئیسلامی کە خۆیان بڕیاردەر و ئەنجامدەری ستەم و جەنایاتی بێ ئەژمارن دژبە خەڵکی ئەم وڵاتانە، جێگەی متمانە نین و لە خەباتی خەڵکی فەلەستین لەپێناو گەیشتن بە ئامانجی کۆنەپەرستانە و ناوچەیی خۆیان کەڵک وەردەگرن. لە وەها هەلومەرجێکدا تەنها ڕێگای ڕزگاریی خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین لە غەززە، لێواری ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆردۆن یان لە ناوچە داگیرکراوەکان، خەباتی یەکگرتووانە، پێکهێنانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵک و هێزە پێشکەوتنخوازەکان لە ئیسرائیل بۆ بێدەسەڵات کردنی هێزە ڕاست و ڕەگەزپەرستەکان و ڕاکێشانی پشتیوانیی خەڵکی ناڕازی لەئاستی جیهان لەپێناو پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین و ڕزگاری لە ستەم و داگیرکارییە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co